“دە خورافە دەربارەى ئیسرائیل”

“دە خورافە دەربارەى ئیسرائیل”، ناوى کتێبێکى مێژوونوسى ئیسرائیلى، “ئیلان پاپى”یە. ئەم مێژوونوسە، لە زانکۆى ئۆکسفۆرى بەریتانى وانەدەڵێتەوە. ئەو لەدایکبووى ساڵى ١٩٥٤ـى زاینییە لە حەیفاى ئیسرائیل. ئەو، پاپى کتێبەى لە ساڵى ٢٠١٧دا بڵاوکردەوە. کتێبەکە لە سێ بەشى سەرەکى پێکدێت کە هەرسێکیان دە خورافە (ئوستورە) لەخۆدەگرن دەربارەى ئیسرائیل کە پێویستیان بە ڕاستکردنەوە و وردکردنەوەیە. سێ بەشى کتێبەکە، بەسەر سێ خورافەى سەرەکییدا دابەشکراون کە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو دەگرێتەوە. کتێبەکە وەک ڕەخنەیەک لە ئیسرائیل نوسراوە و پرسیار دەخاتە سەر کۆمەڵێک ڕاستیی باو. کتێبەکە لە ١٩٢ لاپەڕە پێکهاتووە، و لە کتێبە پڕفرۆشەکان بووە. پێڕستى کتێبەکە چەند ناونیشانێک دەگرێتەخۆى کە نوسەر دواتر لە درێژەى فەسڵەکاندا بەدرێژى لەسەریان دەوەستێت و بە تێگەیشتنى خۆى ڕاستیاندەکاتەوە: فەلەستین خاکێکى چۆڵ بوو، جووەکان خەڵکێکى بێ نیشتمان بوون، زایۆنیزم یەهودییەتە، زایۆنیزم کۆڵۆنیاڵیزم نیە، ئیسرائیل تاکە دیموکراسییەتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، و هتد.

نوسەر لە یەکێک لە سەرنجەکانى خۆیدا باسى ئەوە دەکات کە «بەپێى سەرژمێرییەکى عوسمانییەکان لە کۆتایی سەدەى نۆزدەدا و بەدیاریکراوییش لە ساڵى ١٨٧٨دا، جووەکان تەنیا لە سەدا سێى دانیشتووانیان پێکدەهێنا. لەو نیو ملیۆن نیشتەجێیە، %٨٧یان مسوڵمان بوون و %١٠یان مەسیحى بوون. فەلەستین وڵاتێکى گوندنشین بوو کە لە دەمەدەمى سەدەى بیستدا بەرەو کۆمەڵگایەکى مۆدێرن دەهات و پرۆسەى نیشتەجێکردنى جووەکان ئەم پرۆسەیەى خاوکردەوە». نوسەر لە ڕاستکردنەوەیەکى تریدا باسى ئەوە دەکات کە «گەڕاندنەوەى جووەکان بۆ خاکى فەلەستین، سەرەتا پرۆژەیەکى مەسحییانە بوو تا سەدەى شانزەیەم کە فەلسەتین بەدەستى عوسمانییەکانەوە بوو، بەڵام دواتر لەلایەن زایۆنیزمەوە کامڵکرا». نوسەر زایۆنیزمیش وەک ئایدۆلۆژیایەکى نوێى کۆڵۆنیاڵیستى دەناسێنێت کە هاوشێوەکانى لە ئەفریقاى باشور، ئوسترالیا و ئەمریکا دژى خەڵکى خۆجێی ئەو ناوچانە دەستیپێکردبوو. پرۆسەى نیشتەجێکردنى جووەکان لەسەر خاکى فەلەستین، لە ساڵى ١٩٤٥ گەیشتبووە نیو ملیۆن کەس لە کۆى دوو ملیۆنى دانیشتووان. بەپێى قسەى نوسەر «ئەودەم پارەدارانى جوو، تەنیا سەدا حەوتى خاکەکەیان کڕیبوو». واتە نوسەر دەیەوێت ئەو تۆمەتە ڕەتبکاتەوە گوایە فەلەستین لە سەردەمى پەیماننامەى “بەڵفۆر”دا بیابانێکى ڕووتەن بووە و هیچى تر.
نوسەر باسى ئەوەش دەکات کە درووستکردنى “دەوڵەتێکى یەهودى” لەلایەن ئەورووپییەکان و خۆرئاواوە بۆ جوولەکە، قەرەبووکردنەوەى ئەو جینۆسایدە بوو کە نازیزم بەسەر جووەکاندا هێنابووى. جووەکان خۆیشیان پێش هەموان دانیان بە دەوڵەتە تازەکەى پاش ئەڵمانیاى نازییدا نا و بەڕەسمى ناسییان. پێشتر خاکى فەلسەتین لەژێر دەسەڵاتى بەریتانییەکاندا بوو، بەڵام بەر لە دامەزراندنى دەوڵەتى جوو چۆڵیانکرد و خۆیان لەو کێشە ئاڵۆزە دەربازکرد. ئەوە ئەمریکا بوو دواتر ڕۆڵى یەکەمى لە دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیلدا هەبوو. نوسەر لە درێژترین بەشى کتێبەکەى خۆیدا، لەسەر کەرتى غەزە دەوەستێت کە چۆن کۆمەڵێک کڵێشەى لەسەر درووستکراوە، ئیدى لە میدیا و ئەکادیمیاى خۆرئاواوە بیگرە تا دەگاتە ناوەند و کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکانى تر.
ژمارەیەکى زۆر کتێب لەسەر کێشەى فەلەستین ئیسرائیل نوسراون، لە کتێبى لایەنگیرییەوە تا دژایەتى و دواییش «کتێبگەلى بێلایەنانە». لەوانەش وەک: یەک فەلەستین، بەتەواوەتى: جووەکان و عەرەبەکانى ژێر سەرپەرشتیی ئینتیدابى ئینگڵیز (نوسینى تۆم سێگیڤ). گولە پلاستیکییەکان (نوسینى یارۆن عوزڕاهى). دۆلار و دیپلۆماسى (نوسینى پاتریک کلاوسۆن و زیگدال). مێژووى ئیسرائیل، لە سەرەتاى زایۆنیزمەوە تا هەنوکە (نوسینى هاوارد ئێم سیچەر). فەلەستین لە سەردەمى عیسادا: بونیادە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێ کۆمەڵایەتییەکان (نوسینى کەى سى هانسۆن و ئى ئۆکمان). ژمارەیەکى زۆر کتێبى تریش لەسەر ڕەهەندە جیاجیاکانى ئەم ململانێ کۆنە سیاسییە نوسراوە، بەشێکیشیان دوورتر دەڕۆن و ڕەچەڵەکى ئەم دوو میلەتە هەڵدەدەنەوە. جێى بیرخستنەوەیە کە هەندێک لە لێکۆڵەران ئیسرائیل بە “پێگەیەکى پارادۆکسانە” دەخوێننەوە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کە پێناچێت بەئاسانى بگاتە چارەسەر. بۆ نمونە، ئەو لە ناوەوە دەیەوێت وڵاتێکى دیموکرات بێت، بەڵام لە ناوچەیەکى نادیموکراتدایە. یان ئەو ئەگەر بەهێز بێت هەر :ێشەیە و ناوچەکە دەخاتە ئاڵنگارییەوە، ئەگەر لاوازیش بێت دیسان دەبێتە جێى تەماعى دراوسێکانى. یان، گەر تۆزێک پەل نەکوتێت و داگیرکارى نەکات، ئەوا ئەو زەوییەشى نامێنێت کە ئێستا لەسەرى دەژى. بۆیە تێکڕاى نوسەران، ململانێ دینییەکانیش بە ململانێى سیاسى دەخوێننەوە و کۆتا ئەنجام بیگەنێ هەر ئەنجامێکى سیاسییە. خەڵک چەندە بە هەستى دینى بجووڵێتەوە، ئەوا لەناو هاوکێشەیەکى سیاسییدا دەجووڵێتەوە لە سەردەمى مۆدێرندا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button