ئازادیی ڕادەربرین

 

ئازادیی ڕادەربڕین (freedom of speech)، مافێکى سرووشتییە. مرۆڤ لەبەر یەک شت مافى دەربڕینى هەیە: لەبەر ئەوەى مرۆڤە و هیچى تر!

مرۆڤەکان «دەم»یان هەیە، ئەندامێکى ترسناک، ئەگەر ڕێکنەخرێت کارەسات دەنێتەوە. بۆیە ئازادیی ڕادەربڕین جۆرێک لە کەلتورسازى و ڕێکخستنى ژیانى کەلتورییشە. بەڵام ئەم ئەندامە، کە دەروازەى زۆر هەستى گرنگى ئەویشە، پێویستى بە دەربڕینى ڕاوبۆچوونە.

ئازادیی ڕادەربڕین، هەر دەم و زمان ناگرێتەوە، بەڵکو دەربڕین لەڕێگەى وێنە و نمایش و ئاماژەش دەگرێتەوە.

ڕاستە لە بەڵگەنامە و دەقە کلاسیکەکاندا، بە جۆرى تر باسى ئازادیی ڕادەربڕین کراوە، بەڵام بەم مانایەى ئەمڕۆ، چەمکێکى مۆدێرنە.

لە مادەى (١٩)ـى جاڕنامەى جیهانیی مافەکانى مرۆڤ و مادەى (١٨)ـى پەیماننامەى نێودەوڵەتیی مافە مەدەنى و سیاسییەکاندا جەختى لەسەر کراوەتەوە:

(هەمووکەس ئازادە لە دەربڕینى باوەڕ و بیروڕاى خۆیدا…ئازادى لە بەدەستهێنانى زانیارىدا بێ ئەوەى سنورى بۆ دابنرێت).

ئەم مافە، لە مادەى ٣٨، بڕگەى یەکەمى دەستورى عێراقى ساڵى ٢٠٠٥یشدا خراوەتەڕوو.

کەم نین ئەوانەشى سەرنجیان لەسەر سنورەکانى ئەم ئازادییە هەیە: بیرمەندانى یاسایی دەڵێن ناکرێت “سوێندى درۆ” لە دادگا بە ئازادیی ڕادەربڕین دابنرێت.

هەندێک بیرمەندى سیاسییش دەڵێن: ئازادیی ڕادەربڕین تا ئەو جێیە گرنگە، زیان لە ئاسایشى کۆمەڵایەتى و مافى هاوڵاتیانی تر نەدات.

هەندێکى تریش بەرگریی تەواو لە چەمکەکە دەکەن و دەڵێن: دیموکراسى وەک هەنگ وایە، ئەگەر بە شتێکەوە بدات خۆى دەمرێت.

دیسان ڕەخنەکاران بەپێداگرییەوە دەڵێن: ئازادی، بەبێ ڕێژەیەک سانسۆر و ڕێکخستن هیچ مانایەکى نیە. سنورى ئازادى و پشێوى، تاڵەموویەکە.

بەشێک لە دەروونناسانیش دەڵێن: ئازادیی ڕادەربڕین، جۆرێکە لە خۆخاڵیکردنەوەى دەروونى، بۆیە دەبێت بزانرێت کەى و چۆن پیادەدەکرێت.

ـــــــــــــ

چەمکى “ئازادى” بەگشتى لاى کورد، مێژوویەکى تازەترى هەیە، چونکە کورد لە ڕاکەڕاک دا بووە لەپێناوى مانەوەدا. کەلتورى ڕادەربڕین واتە کردنەوەى دەم و زار و زەینى مرۆى کورد پێکەوە. ئەم پرۆسەیە بەراورد بە کەلتورە جیهانییەکان لە سەرەتاى خۆیدایە.

لە ناوەڕاستەکانى سەدەى بیست بۆ دوا، وشەى “ئازاد” بوو بە ناوى سەدان و هەزاران مناڵى کورد.

لەژێر کاریگەریی خەباتى کورددا، دایکان و باوکان، ئاگادار بن یان نا، مناڵەکانیان ناودەنا “ئازاد”.

کورد دەیویست وەک نەتەوە ئازاد بێت و لەناونەچێت، بۆیە ئازادیی ڕادەربڕین تا کاتى ڕاپەڕینەکە، پرسێکى زۆر سەرەکى نەبووە بۆى.

لەپاش ڕاپەڕینەوە، وردەوردە باسى ئازادیی ڕادەربڕین و هەڵبژاردن و کارى میدیایی هاتەپێشەوە.

حیزبى کوردى، بەردەوام لە ململانێدا بووە لەگەڵ ئەم مافە مرۆیی و سیاسى و یاساییەدا.

هەر لێرەوە دەتوانین بەشێوەیەکى فیکرى بپرسین: کۆمەڵێک جەنگاوەر کە سەردەمانێکى درێژ ئازادیی قسەکردنیان لێ سەندرابووەوە، دەتوانن ئازادیی قسەکردن بە خەڵکەکەى خۆیان ببەخشن؟

ئەگەر ڕادەربڕین ماف بێت، هەنێجار بێدەنگییش ئەرکە. ئەمڕۆ لە سۆشیاڵمیدیاى کوردىدا، سنورى ڕادەربڕین و جنێو تەواو تەنک بووەتەوە. بۆیە دەکرێت چەشنى پیرەمێردى شاعیر بڵێین:

دەمێکە قەترەی حەیا تکاوە – بۆیە وا زوبان تەڕ و پاراوە.

لەکۆتاییدا جێى خۆیەتى بڵێین ئازادیی ڕادەربڕین و کەلتورسازى لێک جیانابنەوە و بەشێک لە ئەرکەکەش لەسەر ڕاگەیاندنەکانە بەهەستیارییەوە مامەڵە بەم پرسە مرۆییەوە بکەن.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button