ئایفۆن 15 رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە

زووم:

دوای ئەوەی كۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی زنجیرە نوێیەكانی مۆبایلی ئایفۆن 15ی خستە بازاڕەكانی جیهانەوە، رووبەڕووی گلەیی و ڕەخنەی بەشێک لە بەکارهێنەران بووەوەوە.

گلەیی و رەخنەی بەكارهێنەرانی مۆبایلە نوێیەكەی كۆمپانیا ئەمریكییەكە پەیوەندی بۆ گۆڕینی رەنگی ئەو مادەی تیتانیۆمەی مۆبایلەکەی لێ دروستکراوە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی كاتێك دەستی بەردەكەوێت، بەتەواوی گۆڕانكاری بەسەر رەنگەكەی دێت.

بەپێی راپۆرتی میدیا تایبەتەكانی بواری تەكنەلۆژی گۆڕانی ڕەنگی چوارچێوە کانزاییەکە بەهۆی تێکچوون و خراپبوونەوە نییە، بەڵکو بەهۆی کارلێکی نێوان کانزاکە و ئەو ماددە کیمیاییانەن، کە لەسەر پێستی مرۆڤدا هەن، ئەوەش دوای بەكارهێنانی بۆن، یان شامپۆ.

هەروەها ڕوونكراوەتەوە، گۆڕینی ڕەنگی چوارچێوەی کانزای مۆبایلەکانی ئەپڵ کێشەیەکی نوێ نییە، بەو پێیەی لە ئایفۆنەکانی پێشووش هەمان شت هەبووە.

یەکێک لە بەکارهێنەران، لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی “X”(تویتەری پێشوو)، ئەوەی بە گۆڕانی ڕەنگی ویلەکانی ئۆتۆمبێل لە ئەنجامی گەرمادا چواندووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵگرتنی مۆبایلێکی نوێ بەبێ کەڤەر، كە ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی کاتی ئاساییە.

پێشتر ئەپڵ خۆی ئەوەی باس كردبوو، كە لەئایفۆن ١٥ پرۆ گۆڕان لە رەنگەكەی روودەدات، بەتایبەتی کاتێک بەر چەوی سروشتی پێستی بەكارهێنەر دەكەوێت.

هەروەها هەندێک لە بەکارهێنەران ئاماژە بەوە دەکەن، گۆڕینی ڕەنگی چوارچێوەی کانزای مۆبایلە نوێیەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەی گۆشەكانیدا روودەدات، ئەوەش وا دەكات ناشرین دەربكەوێت.

پێدەچێت کێشەکە زیاتر لە ئایفۆن ١٥ پرۆ بێت، كە بە ڕەنگی خۆڵەمێشی بەردەستەو تائێستا جگە لەوەی كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، هیچ چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ نەدۆزیوەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، کار لەسەری دەکات و چارەسەری بۆ دەدۆزێتەوە.

هەندێک لە شارەزایان ئامۆژگاری بەکارهێنەرانی مۆبایلەكە دەکەن، کە کۆمەڵێک ڕێکار پەیڕەو بکەن بۆ کەمکردنەوەی کێشەی گۆڕینی ڕەنگی چوارچێوەی کانزایی، وەک:

دوورکەوتنەوە لەهەڵگرتنی مۆبایل لەکاتی وەرزشکردن، یان ئارەقکردنەوە.

دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی بۆن یان شامپۆ لەكاتی بەكارهێنانی مۆبایلەكە.

بە بەردەوامی مۆبایلەکە پاکبکرێتەوە، بە بەکارهێنانی قوماشێکی نەرم و وشک.

لە مەراسیمی خستنەبازاڕی ئامێرەکە لە 12ی ئەیلولدا، تیم کوک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ پەسنی جەستەی تیتانیۆمی ئامێرەکەی کرد و باسی دوو سوودی کردبوو، ئەوانیش بریتین لە کەمکردنەوەی کێش و بەرزکردنەوەی توانای مانەوەو بەرگەگرتنی بۆ ماوەیەكی زیاتر.

هەواڵی زیاتر

Back to top button