زێلێنسکی لە بارەی ئەو موسڵمانەی دەبێتە وەزیری بەرگری ئۆکراین: پێویستی بە ناساندن نییە

زووم:

رۆستەم ئەمیرۆڤ.. پیاوی دانوستانە نهێنییەکانی ئۆکراین.. چەند رۆژێکی دیکە وەکو وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی دەستبەکاردەبێت.
ئەو 41 ساڵ لەمەوبەر بە ئاوارەیی و لە ئۆزبەکستانی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا لەدایکبووە. بەڵام بەهۆی ئەوەی رەچەڵەکیان تەتەر بووە، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا رێگە بە خێزانەکەی دراوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان واتە نیمچە دوورگەی کریمیا.

لە 2004ەوە هاتووەتە نێو ژیانی گشتییەوە و سەرەتا لە بواری پەیوەندییەکاندا کاری کردووە، لە 2019دا بووەتە پەرلەمانتاری وڵاتەکەی. ماوەیەکیش راوێژکاری سەرکردەی مێژوویی تەتەرەکانی کریمیا بووە بەناوی مستەفا دزیمیلیف.
ئەمیرۆڤ یەکێک بووە لە داکۆکیکارانی گەڕانەوەی کریمیا بۆ سەر ئۆکراین، لەو رووەوە رۆڵی سەرکردایەتیی لە “سەکۆی کریمیا”دا گێڕاوە، کە سەکۆیەکی نێودەوڵەتی بووە و کاریانکردووە بۆ دورخستنەوەی کریمیا لە رووسیا.

ئەوکاتەی رووسیا لە ساڵی 2014دا نیمچە دوورگەی کریمیای لکاند بەخۆیەوە و ریفراندۆمێکیشی ئەنجامدا، تەتەرەکان کە لەسەدا 15ی دانیشتووانی کریمیایان پێکدەهێنا و نزیکەی دوو ملیۆن دەنگدەریان هەبوو، بەشێوەیەکی بەرفراوان بایکۆتی ریفراندۆمەکەیان کرد. ئەمە وایکرد رووسیا ئەنجومەنە تەقلیدییەکەی تەتەرە موسڵمانەکان قەدەغە بکات، هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیشی دەستپێکرد.

رۆستەم لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت، ئەوەی رووسیا لەبارەی دابەشبوونی گەلی ئۆکراینەوە باسیدەکات، هیچ نییە جگە لە پڕوپاگەندەیەکی رووت، “بەپێچەوانەوە، لەنێو ئۆکرایندا ئێمەی موسڵمانان و نەتەوەی تەتەر هەست بە بوونی هیچ هەستێکی شۆڤێنی و ئیسلامۆفۆبیا ناکەین”.

پاش هەڵگیرسانی جەنگ، ئەمیرۆڤ دەبێتە یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئۆکراین کاتێک بە نهێنی و لە ئاستێکی بەرزدا گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا دەکەن، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش ئاڵوگۆڕی دیلەکان و چۆڵکردنی شوێنە مەدەنییەکان دەبێت.
لە هەفتەی یەکەمی سەرهەڵدانی جەنگەکەشدا ئەمیرۆڤ دەبێتە ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئۆکراین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا سەبارەت بە دۆزینەوەی رێڕەوێک بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە.

ئەمیرۆڤ لە ساڵی رابردووشەوە بووەتە سەرۆکی سندوقی موڵک و ماڵی دەوڵەت، کە بە یەکێک لە ئەرکە قورسەکانی ژیانی دادەنرێت. هەربۆیە زێلینسکی لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا لەبارەی کاندیدکردنی ئەمیرۆڤەوە کە ئاڕاستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە دەڵێت “ئێوە زۆر باش دەیناسن، بەڕێز ئەمیرۆڤ پێویستی بە ناساندن نییە”.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button