سەرۆکی ئۆکراین کۆنترۆڵکردنی شاری باخموتی لەلایەن روسیاوە راگەیاند

ئەمرۆ یەکشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە لوتکەی G7 لە شاری هێرۆشیمای یابان رایگەیاند کە شاری باخموت لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی لەلایەن روسیاوە کۆنترۆڵکراوە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند رۆژێکە یەڤگێنی پریکۆژینی سەرۆکی گروپی ڤاگنەری لایەنگرى روسیا بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینی راگەیاند، بەڵام بەرپرسانی ئۆکراین هەواڵەکەیان رەتدەکردەوە.

لە وتارەکەی ئەمرۆیدا، زێلێنسکی کەوتنی شارەکەی راگەیاند، ئەمەش دوای هەشت مانگ شەڕی بەردەوام دێت لەو شارە کە لەکۆتاییدا هێزەکانی گروپی ڤاگنەر بە پشتیوانی روسیا توانیان شارەکە کۆنترۆڵبکەن.

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، “باخموت لە دڵماندایە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوشارەمان لەدەستداوە، دەبێت لەوە تێبگەن کە روسیا هەموو شتێکی ئەوشارەی خاپوورکردوو.”

شەڕی هەشت-مانگەی باخموت بە یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکانی روسیا و ئۆکراین دادەنرێت. هەربۆیە ئەمڕۆ ئاژانسە هەواڵییەکانی روسیا رایانگەیاند، کە سەرۆکی روسیا، ڤلادیمیر پوتین پیرۆزبایی لە گروپی ڤاگنەر و سەبازانی وڵاتەکەی کرد بۆ “تەواوکردنی ئەرکەکەیان بۆ ئازادکردنی شاری ئارتیۆمڤۆسک،” کە ناوی شاری باخموتە و روسیا هەمان ناوی سەردەمی سۆڤیەتی بۆ بەکاردەهێنێت.

هەرچەندە دیار نییە کە تا ئێستا کام لایەن لە روسیا و ئۆکراین زەرەرمەندی شەڕەکە بوون، ئەوە روونە کە ژمارەی کوژراوانی هەردوولا هەزاران سەرباز دەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی ئاماری کوژراوانی شەڕەکەی بڵاو نەکردۆتەوە.

شاری باخموت 55 کیلۆمەتر لە باکوری شاری دۆنێتسک دوورە کە روسیا ساڵی رابردوو لەگەڵ سێ پارێزگای دیکەی رۆژهەڵاتی ئۆکرایندا داگیریکرد. بەر لە هەڵگیرسانی شەڕ، ژمارەی دانیشتوانی شارەکە 80 هەزار کەس بووە و ناوچەیەکی گرنگی پیشەسازیی خوێی کانزایی و کانی بەردینی بووە. سەرەڕای ئەوەش، شارەکە دارودرەخت و پارکێکی زۆری هەیە و بە شاری بەرهەمهێنانی شەراب ناسراوە کە لە ئەشکەوتەکانی ژێر شارەکەدا بەرهەم دەهێنران، هەربۆیە ئەوشارە وەک ناوچەیەکی گەشتیاریی خەڵی رویان تێدەکرد.

لە پایزی ساڵی رابردووەوە روسیا دەستی بە هێرشکردن کرد لەو ناوچانەی کە لە باخموتەوە نزیکن، لە سەرەتاشدا شاری سۆلیداری کۆنترۆڵکرد کە دەکەوێتە نزیک باخموت و کەوتنی ئەوشارەی ئاسانترکرد.

داگیرکردنی باخموت لە کاتێکدایە کە لە تازەترین پێشهاتتدا، ئەمریکا رایگەیاند ئامادەیە مەشق بە فرۆکەوانانی ئۆکراین بکات بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا فرۆکەی ئێف 16 بۆ ئەو وڵاتە دابین بکەن. بەڵام بەرپرسانی روسیا رایانگەیاند رۆژئاوا دەیەوێت شەڕەکە بباتە قۆناغێکی سەختترەوە و روبەرووی زیانی گەورە دەبنەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button