نەتەوەیەکگرتووەکان داواى کردنەوەى رێڕەوی لاچین دەکات

نەتەوەیەکگرتووەکان: رێڕەوەکە نەکرێتەوە کارەساتى مرۆى لێدەکەوێتەوە

زووم

نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی ئازەربایجان دەکات، بە زوترین کات رێڕەوی لاچین بکاتەوە، بۆ ئەوەى کارەساتی مرۆى لە ناوچەکە روونەدات.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بە دۆخی ناوچەی ناگۆرنۆ – قەرەباغ داوە، کە بەهۆی ململانێی ئازەری و ئەرمەنەکان مەترسی لەسەر خەڵکی ناوچەکە دروستبووە.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان، رێڕەوی لاچین تاکە رێگەی پەیوەندی ئەرمینیا و ناوچەی ناگۆرنۆ – قەرەباغە و گرنگی مرۆیی هەیە و گەمارۆدانی ناوچەکە و داخستنی رێڕەوەکە بووەتە هۆکار کە خواردن، دەرمان، سوتەمەنی و پێداویستییەکانی دیکەی مرۆیی نەگاتە دەستی 120 هەزار کەس.

نەتەوەیەکگرتووەکان باسی ئەوەشی کردووە، کە خەڵکی ناوچەکە بەدەست نەبوونی دەرمانەوە دەناڵێنن و ماوەیەکی زۆرە پرۆسەی خوێندن پەکی کەوتووە و بەردەوامیدان بە رێگریکردن لە گەیاندنی پێداویستیەکان بە قەرەباغی چیایی کە جگە لە رێڕەوی لاچین هیچ دەرچەیەکی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا نییە و “کارەساتی گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە”.

لە 23ی شوباتی ئەمساڵدا، دادگای دادی نێودەوڵەتی (دادگای لاهای)، بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی کێشەی رێڕەوی لاچین دا، کە لەلایەن هەندێک گروپی سەر بە ئازەربایجانەوە داخرابوو.

دادگای لاهای ئاماژەی بەوەدا، پێویستە بە زوترین کات، رێرەوی لاچین بکرێتەوە و ئیدی رێگری لە هاوکاری مرویی، بازرگانی، گەیاندنی دەرمان و پێداویستی بۆ قەرەباغ نەکرێت.

ئەو رێرەوە بەگوێرەی رێککەوتننامەی سێ قوڵی نێوان وڵاتانی ئەرمینیا، ئازەربایجان و روسیا، کە لە ساڵی 2022دا واژۆکرا، وەک رێرەوێکی ئازادی ناوچەیی راگەیەندرا، کە بەگوێرەی ئامارەکان نزیکەی 120 هەزار ئەرمەنی لەو ناوچەیە دەژین، بەڵام ئازەربایجان پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە.

زۆربەی وڵاتانی زلهێزی جیهان، رایانگەیاندووە کە ئەوان داخستنی رێڕەوی لاچین قبوڵ ناکەن و پێویستە حکومەتی ئازەربایجان رێککەوتنەکان جێبەجێ بکات.

دوای شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ساڵی 1993، لە ساڵی 2020دا، ئازەربایجان پەلاماری ناگۆرنۆیدا، کە ناوەندەکەی لاچین بوو و رایگەیاند، ناوی ناوچەکە قەرەباخە و زێدی ئازەریەکانە. سوپای ئازەربایجان لە ماوەی 44 رۆژدا پێنج شار و چوار ناوچە و 286 گوندی کۆنترۆڵکردەوە، کە گرنگترینیان شار و ناوچە و گوندە کوردییەکانی وەک، لاچین (ناوەندی کوردستانی سور)، کەلبەجار، قوبادلی، شوشە، بەردە و زەنگلان بوون. ئەو ناوچانە زێدی کوردن، کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، بەگوێرەی ئەو سیستمەی کە ڤلادیمیر لێنین سەرۆکی روسیای سۆڤیەتی، خۆبەڕێوەبەرییەکی کوردی لە ناوچەکە دامەزرێنرا کە ناوەندەکەی لاچین بوو.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button