دادگای دەستووری داواکاری هەدەپەی بۆ دواخستنی بڕیاری داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکە رەت کردەوە

15 رۆژ مۆڵەت بە هەدەپە دراوە کە لەبارەی بڕینی هاوکاری گەنجینەی دەوڵەت بۆ پارتەکە پارێزنامەکەی ئامادە بکات

داواکاری هەدەپەی بۆ دواخستنی دانیشتنی دادگای داخستنی پارتەکە لەلایەن، دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیاوە رەتکرایەوە.

دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا، داواکاری هەدەپەی بۆ دواخستنی دانیشتنی دادگای داخستنی پارتەکە رەت کردەوە و 15 رۆژ مۆڵەتی بە پارتەکەدا کە پارێزنامەیەک لەبارەی بڕینی هاوکاری دارایی پارتەکە لە گەنجینەی دەوڵەت ئامادە بکات.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، حەفتەی رابردوو، سەردانی دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا کردبوو و داواکاریەکی سەبارەت بە دواخستنی دانیشتنی دادگای داخستنی پارتەکە پێشکەش بە دادگاکە کردبوو.

هەدەپە هەروەها سەبارەت بە بڕینی هاوکاری پارتەکە لە گەنجینەی دەوڵەت داوای کردبوو، دادگای دەستووری مۆڵەتێکی زیاتری پێبدات کە لە دوو مانگ کەمتر نەبێت، بەڵام هەم داواکاری هەدەپە بۆ دواخستنی دانیشتنی دادگا رەتکرایەوە و هەم مۆڵەتی دوو مانگەکە بۆ 15 رۆژ کەمکرایەوە.

5ی کانونی دووەمی 2023 دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا، هاوکاریەکانی گەنجینەی دەوڵەتی بۆ هەدەپە بە شێوەیەکی کاتی بڕیبوو. ئەمساڵ بڕیار بوو، گەنجینەی دەوڵەتی، نزیکەی 539 ملیۆن لیرە وەک هاوکاری پێشکەش بە هەدەپە بکات.

لەلایەکی دیکەوە، 10ی ئەم مانگە، دانیشتنی دادگایی پرسی داخستنی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستووریەوە بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکە نەدراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button