حەلبوسی لە سیناریۆکەى سەدرەوە نزیکە

زووم:

 رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

حەلبوسی لە سیناریۆکەى سەدرەوە نزیکە

سەرچاوەیەکى نزیک لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى حزبی تەقەدومەوە دەڵێت، چوار بژاردەی لەبەر دەستە بیخاتە سەر مێزى گفتوگۆکان، لەنێوانیشیاندا بژاردەى پاشەکشە لە پرۆسەى سیاسیی هەیە.
سەرچاوەکە رۆژنامەى شەرقولئەوسەت دڵنیادەکاتەوە حزبەکەیان چوار بژاردەى لەبەر دەستە، یەکێکیان هەڵپەساردنى کارەکانى پەرلەمانە، ئەوی دیکەیان پاشەکشەیە لە چوارچێوەى ئیدارەى دەوڵەت، ئەوس دیکەشیان پاشەکشەى تەواوەتییە لە سەرجەم پرۆسەى ساسیی عێراق، هاوشێوەى رەوتەکەى موقتەدا سەدڕ لە دووساڵی رابردوو.

جەریدە

ماکرۆن هۆشداریی دەدات: ئەوروپا دەمرێت

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە گوتارێکیدا بە زانکۆی سۆربۆن لە پاریسی پایتەختى وڵاتەکەى، هۆشداری دەدات لەوەى ئەوروپا لە دەیەی داهاتوودا رووبەڕووى مەترسی لەناوچوون و مەرگ دەبێتەوە لەلایەن زلهێزەکانەوە و کیشوەرکە دوچاری پاشەکشەى سەربازیی و ئابووریی بووەتەوە بەرامبەر زلهیزەکانى وەک ئەمریکا و چین.

 


عەرەب

حەماس پلانی چەک دانانی هەیە، دەیەوێت خۆی لە قەیرانەکەی غەزە دەرباز بکات
خەلیل ئەلحەیە، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حەماسی فەلەستینی باسی ئامادەیی بزووتنەوەکەی خۆیان کرد بۆئەوەی چەک دابنێن و ببن بە حزبێکی سیاسی، ئەگەر بەڵێنی جێگیریان پێبدرێت، کە بە درێژایی سنورەکەی ساڵی 1967 دەوڵەتێکی فەلەستینییان بۆ دابمەزرێندرێت. چاودێران دەڵێن ئەم پلانەی حەماس بۆئەوەیە بتوانن لە قەیرانەکەی ئێستای غەزە بچنە دەرەوە و پارێزگاری لە مانەوەی خۆشیان بکەن.

عەرەبی جەدید

ئیسرائیل لەبەرەى لوبنانەوە گرژییەکان زیاتر دەکات
ئیسرائیل لەبەرەى لوبنانەوە گرژییەکان زیاتر دەکات و دەیەوێت لە بیقاعەوە گرژییەکان بباتە نێو قوڵایی لوبنانەوە لە رۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە، ئەویش بە چڕکردنەوەى بۆردومان و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، رۆژانە چەندین پێگە و جێگە و ئۆتۆمبێل لە قوڵایی خاکى لوبنان دەکاتە ئامانج.
ئیسرائیل لەزاری میدیاکانەوە ئاشکرایان کردووە، بە چڕیی هەوڵدەدات ژێرخانەکانى حزبوڵای لوبنان بکاتە ئامانج و وێرانى بکات.

 رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

ئاک پارتى لە هەموو بوارەکاندا پاشەکشەى بە وڵات کردووە
لەماوەى 22 ساڵى دەسەڵاتى ئاک پارتى، تورکیا لە بوارەکانى خوێندن، سیاسەتى دەرەوە، تەندروستى، ئازادى رادەڕبرین و لە هەمووشی خراپتر ئابووریى وڵات زۆر پاشەکشەى کردووە. بەشێک لە جیاوازییەکانى نێوان ساڵى 2002 تاکوو 2024 بەم جۆرەیە:
دۆلارێک بەرامبەر بە 1،61لیرە بوو ئێستا دۆلارێک 32،54 لیرەیە.
لیرترێک بەنزین 1،62 لیرە بوو، ئێستا 43،60 لیرەیە.
کیلۆیەک گۆشتی سوور نۆ لیرە بوو، ئێستا 600 لیرەیە.
سیستم پەرلەمانى بوو، ئێستا سەرۆکایەتییە و پەرلەمان پەرتەوازە کراوە
قەرزى دەرەکى 131،8 ملیار دۆلار، ئێستا 500 ملیار دۆلار.

میللییەت

دیدارە سیاسییەکان بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور دەستپێدەکات
لەگەڵ نزیکبونەوەى وادەى هەموارکردنەوەى دەستوور لە پەرلەمان، وابڕیارە نوعمان کورتوڵموش سەرۆکى پەرلەمان لەسەر لیستی ئاک پارتى رۆژى سێ شەممە چاوى بە ئۆزگور گۆزال سەرۆکى جەهەپە بکەوێت، لەپاش ئەوەش چاوەڕێ دەکرێ سەرۆککۆمار چاوی بە سەرۆکى جەهەپە بکەوێت و بۆ یەکەمینجار دانیشتنی لەگەڵدا هەبێت. هەموو ئەم دیدارانە بۆ هەموارکردنەوەى دەستوورى تورکیا.

ئایدنڵک

نرخى بەرهەمى شیرەمەنى و گۆشت 20% بۆ 25% زیادکرا
لە تەواوى مارکێتەکان نرخی شیرەمەنى و گۆشت لە سەدا 20 بۆ سەدا 25 زیادکرا، لەکاتێکدا نرخی گۆشت خۆى لە خۆیدا گران بوو، بەم نرخە نوێیەى گڕدەکاتەوە. هۆکارەکانى بەرزبونەوى نرخ بۆ بەرزبونەوەى هەڵاوسان دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا گۆشت لە دەرەوە هاوردە دەکرێت بەڵام نەتوانراوە رێگریی بکرێت لە بەرزبونەوەى نرخ.

یەنى بیرلیک

ئەڵمانیا رێگرییەکانى لەسەر فرۆشتنى چەک بە تورکیا لادەبات
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، لە سەردانەکەى سەرۆککۆمارى ئەڵمانیا بۆ تورکیا باس لە لابردنى رێگرییەکانى فرۆشتنى چەک لەلایەن ئەڵمانیاوە بە تورکیا کراوە، ئەو سەرچاوەیە گوتویەتى سەرۆکى ئەڵمانیا نەرمى نواندووە بۆ لابردنى رێگرییەکانى چەک فرۆشتن بە تورکیا، سەرۆکى تورکیاش داواى لە ئەڵمانیا کردووە لە وادەیەکى نزیکدا کۆپتەر ئیرۆفایت بە وڵاتەکەى بفرۆشێت.

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 


دەیلی مەیل

لە بەریتانیا لە هەر رۆژێکدا هەزار دوکان دزییان لێدەکرێت

دوکاندارەکانیش دوو هێندە پەلاماریان دەدرێت، ئەی ئیتر کەی پۆلیس دەکەوێتە جوڵە بۆئەوەی دوکاندارەکان بپارێزێت؟
لە بەسەرکردنەوەیەکی رۆژنامەی دەیلی مەیلدا دوێنێ دوکاندارەکان دەیانگوت لەوەدەچێت دزەکان رێپێدانیان بۆکرابێت بە ئارەزووی خۆیان دوکان ببڕن، چونکە ئاستی دزیکردن زۆر بەرزبۆتەوە، لەوەدەچێت بووبێت بە پەتا. بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابوردوودا ئاستی ئەم دیاردەیە بە رێژەی لەسەدا سی بەرزبۆتەوە، 430104 پەلامار تۆمارکراوە، ئەمەش مانای وایە هەر یەک خولەک جارێک دزییەک روویداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی کەموکووڕی لە کاری پۆلیسدا.

تایمز

ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەی پێستیان هەیە چارەسەری تایبەتیان پێ دەدرێت

لە چارەسەرێکی نوێدا، کە بە شۆڕشگێڕانە ناودەبرێت، جۆرێک ڤاکسینی چارەسەر دەدرێت بە نەخۆشە بەریتانییەکان کە لەشیان رادەهێنێت بۆئەوەی خانە شێرپەنجەییەکان بکوژن.
دەیان کەس لەو بەریتانییانەی شێرپەنجەی پێستی جۆری میلانۆمایان هەیە، بەشدارییان پێدەکرێت لە هەڵمەتێکی جیهانیدا بۆ پیشاندان و ناساندنی ئەم ڤاکسینە نوێیە، کە لەلایەن نەخۆشخانەی متمانەداری زانکۆی ونیڤێرسیتی کۆلیجی لەندەنەوە دەناسێندرێت، کە بەشێوەیەک دروستکراوە لەشی نەخۆشەکان رادەهێنێت بتوانن بەرەنگاریی خانە شێرپەنجەییەکان بکەن، بکەونە شوێنیان، راویان بکەن و بیانکوژن.

دەیلی تەلەگراف

هەڕەشەی ناردن بۆ رواندا وایکردووە پەنابەران روو لە ئێرلەندە بکەن

جێگری سەرەکوەزیران دەڵێت رێژەی لەسەدا هەشتای ئەو پەنابەرانە خۆیان گەیاندووەتە دیوی ناوەوەی سنوری ئێرلەندە.
دوێنێ جێگری سەرەکوەزیرانی ئێرلەندە هاواری کرد و گوتی هەڕەشەی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا وایکردووە شەپۆلی راکردنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بەرەو ئێرلەندە دەست پێبکات. ئەم کەسانە دەیانەوێت لەناو شانشینی یەکگرتوودا بمێننەوە، بۆیە ئەم جێگرە گومان دەکات، کە بەرنامەکەی بەریتانیا هەر بۆ ئەوە داڕێژرابێت ئەم ئەنجامەی لێ بکەوێتەوە.


واشنتن پۆست

دەستگیرکردن و رووبەڕووبونەوە لەناو کەمپی زانکۆکانی ئەمریکادا بەردەوامن
ئەوانەی لە وێنەکەدا دەبیندرێن پۆلیسی پاسەوانیی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکان، رۆژی پێنج شەممە لەنێو کەمپی زانکۆی ئیمۆریدا خوێندکارێک ئازاردەدەن و دەستگیری دەکەن. دوێنێ مەفرەزەکانی پۆلیس خۆیانیان گەیاندە ناو کەمپی ئەو زانکۆیە، بۆئەوەی خۆپیشاندانێکیان بڵاوە پێبکەن. لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا ژمارەی ئەو خوێندکارە خۆپیشاندەرانە بۆ زیاتر لە پێچ سەد کەس بەرزبۆتەوە، کە بەهۆی خۆپیشاندانی پشیتگیریکردن لە خەڵکی فەلەستینەوە دەستگیرکراون. بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی خۆپیشاندان پۆلیس ناچاربووە چەندان رێگا و بیناش دابخات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button