ناکۆکییەکان رێگری لە هەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی پەرلەمانی عێراق دەکەن

 زووم..

رۆژنامە عەرەبییەکان

سەباح

 

-ناکۆکییەکان رێگری لە هەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی پەرلەمان دەکەن

درەنگی شەوی رابردوو موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت، کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی پەرلەمانی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت، ئەوەش دوای بەردەوامیی ناکۆکییەکان و بەڕێوەنەچوونی گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هیچکام لە کاندیدەکان.

شەرقولئەوسەت

-ئەمریکا لەبارەى حوسییەکان پەیامى بۆ ئێران ناردووە

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی “پەیامێکی تایبەت”ـی بۆ ئێران ناردووە لەبارەی حوسییەکانی یەمەنەوە. گوتیشی ئێمە لە شەڕی بەوەکالەتدا نین لەگەڵ ئێران.

ئەو قسەیەی بایدن دوای ئەوە دێت ئەمریکا جارێکی دیکە پێگەی حوسییەکانی لە نزیک فڕۆکەخانەی سەنعا بۆردومان کرد.

عەرەب

-ئاهەنگ لە رەفەح: ویستی ژیان بەسەر جەنگدا سەردەکەوێت

 

مستەفاى تەمەن 26 ساڵ و ئەفنانی تەمەن 17 ساڵ، لە شارۆچکەی رەفەح لە کەرتی غەزە، لەنێو یەکێک لە قوتابخانەکانیدا کە پڕبووە لە ئاوارە هاوسەرگیرییان کرد، ئەوان بەو هاوسەرگیرییەیان جەختیان لە ویستی ژیان کردەوە سەرباریی جەنگ و وێرانکاریی و مردن لە کەرتی غەزە.

عەرەبی ئەلجەدید

 

100 رۆژ بەسەر کوشتندا

دوای 100 رۆژ لە ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا لە 7ـى ئۆکتۆبەر ساڵی رابردوو، دوژمنکاریی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە بەردەوامە، هەروەها بەردەوامە لە کوشتنی مەدەنییەکانی فەلەستین.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 سەندەی تەلەگراف

دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە دووبارە هێرش بکاتە سەر حوسییەکان

دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە دووبارە هێرش بکاتە سەر حوسییەکانی یەمەن، ئەگەر کەشتییە جەنگیی و بازرگانییەکان لە دەریای سوور بکەونە بەر هێرشەکانیان. ئەمەش لەکاتێکدایە لە خۆپیشاندانی پشتیوانانی فەلەسەتین لە لەندەن، خۆپیشاندەران درووشمی “یەمەن جێگای شانازیمانە”ـیان دەگوتەوە.

واشنتن پۆست

-ناڕوونییەکانی تەندروستیی وەزیری بەرگریی ئەمریکا کاردانەوەی توند بەدوای خۆیدا دەهێنێت

ئەوکاتەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکارەکانی لە ئاسایشی نیشتیمانی لە 1ـى ئەم مانگەدا خەریک بوون تاوتوێی مەترسیی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دەکرد، بەتایبەتی مەترسیی حوسییەکانی یەمەن لە دەریای ناوەڕاستدا، کەس نەیدەزانی بۆچی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەسەر مێزی گفتوگۆکان ئامادە نییە، کە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ئەو رۆژە رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، ئەمەش نیگەرانی زۆری ئیدارەی بایدنی لێکەوتووەتەوە.

ئۆرشەلیم پۆست

 

-لەدوای تێپەڕبوونی 100 رۆژ بەسەر جەنگی ئیسرائیل و حەماس، کەسوکاری بارمتەکان داوای گەڕاندنەوەیان دەکەن

ئەمڕۆ 100 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس تێپەڕدەبێت. زیاتر لە 120 هەزار کەس لە تەلئەبیب خۆپیشاندانیان کرد و کەسوکاری ئەو بارمتانەی لای حەماسن، یادی خۆشەویستانیان کردەوە و داوای ئازادکردنیان کردن. بۆ ئەو مەبەستەش داوادەکەن حکومەتی ئیسرائیل کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام بدات.

عەرەب نیوز

 

-نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، دوای دووبارە هێرشکردنە سەر حوسییەکان، ئاشتیی یەمەن لە مەترسیدایە

دوای ئەوەی ئەمریکا دووبارە هێرشی کردەوە سەر حوسییەکانی یەمەن، بەرپرسانی گرووپەکە هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی تووند و کاریگەر دەکەن، ئەمەش گرژیەکان لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات لەکاتێکدا واشنتن بەڵێنی داوە هاتووچۆی کەشتییەکان لە دەریای سوور بپارێزێت. نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوای دانبەخۆداگرتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.

رۆژنامە فارسییەکان

شەرق

شەڕی یەمەن داو و تەڵەیەکە بۆ ڕاكێشانی ئێران بەرەو شەڕێکی نادیار

ئەمریکا توانای دابینکردنی ئاسایشی کەشتییەکانی لە دەریای سوور نییە، بۆیە هاوکات لەگەڵ هیرشکردنەسەر حوسییەکانی یەمەن، تەڵەیەکی ئەمنیشی داناوە و بەبیانووی پشتیوانیی لۆجیستی ئێران بۆ حوسییەکان، دەیەوێت ئێران لە شەڕەوە بگلێنێت.

ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ ئێران کە هاوکات لەگەڵ خۆدوورخستنەوە لە شەڕ و ئاڵۆزی، بانگەوازی سەقامگیری ئاسایش لە دەریای سوور و ڕاگرتنی شەڕ لە غەزە بکات و سەرنجی وڵاتانی ئەوروپی، سعودی و هیندستان بۆلای خۆی ڕابکێشێت کە بەرژەوەندییان لە ئاسایشی دەریای سووردا هەیە.

کەیهان

بەریتانیا بە هەڕەشەوە داوا لە ئێران دەکات بە هێزەکانی بەرەی بەرخۆدان ڕابگەیەنێت کە دەستڕاگرن و ئاژاوە نەنێنەوە، ئارامی و تاقەتی جیهانیش خەریکە تەواو دەبێت

گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا بە ئاماژەدان بە نزیکایەتی ئەنساروڵاتی یەمەن و حزبوڵای لوبنان لەگەڵ ئێران و پشتیوانیی تاران بۆ ئەو هێزانە و هێزەکانی دیکەی بەرەی بەرخۆدان گوتی؛ ئێران دەتوانێت لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا ڕۆڵ بگێڕێت.

وەزیری بەرگریی بەریتانیا پەیامی بۆ ئێران ناردوە کە ئارامی جیهان خەریکە تەواو دەبێت و پێویستە پێش بە هێزەکانی بەرخۆدان بگرێت.

ئاسیا

42%ـی بێکاران لە ئێران، کەسانی خوێندەوار و دەرچووی زانکۆکانن

خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆکانی ئێران زۆرترین ڕێژەی بێکارانی وڵات پێک دەهێنن، بەشێکی زۆری دەرچووانی زانکۆ خەریکی کاری دەستفرۆشی و کاری تەکسین. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئێران؛ 42٪ی بیکارانی وڵات لە کەسانی خوێندەوار و دەرچووی زانکۆکان پێک دێت.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئێران زۆرترینی ئەو کەسانەی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کۆچ دەکەن لە کەسانی نوخبە و دەرچووی زانکۆکانن کە هیچ هیوایەکیان بە داهاتووی خۆیان لە وڵاتەکەیان نییە.

جمهوری ئیسلامی

بەریتانیا هێز دەنێرێتە ئۆکراین و روسیاش ئەم هەڵوێستەی بەریتانیا بە مانای ڕاگەیاندن شەڕ دژ بە خۆی لێکدەداتەوە

مێدۆدۆف، سەرۆککۆماری پێشووی روسیا و یەکێک لە هاوپەیمانەکانی پوتین، سەرۆککۆماری ئیستا دەڵیت؛ ئەگەر بەریتانیا هێزی سەربازی بنێرێتە ئۆکراین، نیشانەی ئەوەیە دژ بە روسیا شەڕی ڕاگەیاندبێت

هەفتەی ڕابردوو ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانی ئۆکراینی کرد و سەبارەت بە هاوکاریی سەربازی و ناردنی درۆن بۆ سەربازانی ئۆکراینی، لەگەڵ زێلنیسکی کۆبوویەوە.

دیمیتری مێدۆدۆف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی روسیا دژی گەشتەکەی سوناک هوشداری دایە لەندەن کە ئەگەر هێز ڕەوانەی ئۆکراین بکات، روسیا بەچاوی ڕاگەیاندنی شەڕ سەیری مەسەلەکە دەکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button