وڵاتان خۆیان بۆ جەنگى جیهانى ئامادە دەکەن؟

زووم:

وەک ئەوەی بڵێى وڵاتان خۆیان بۆ جەنگێکی گەورە و جیهانیی ئامادەبکات، هەمووی سەقاڵی بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی و خۆپڕچەککردن و بوجە تەرخانکردێکی زەبەلاحی بواریی سەربازییە.

خەرجیی سەربازیی لە ساڵی 2023 ژمارەیەکی پێوانەیی تازە تۆماردەکات، بە جۆرێک تاوەکو ئێستا بەو قەبارەیە لە بواری سەربازیی لە سەرانسەری جیهان ئەو بوجە زەبەلاحە خەرج و تەرخان نەکراوە.

پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەجۆرێک خەرجییەکانی بەرگریی و سەربازییان زیادکردووە، وێنەی نەبووە.

راپۆرتی پەیمانگاکە، دەڵێت ئەو وڵاتانەی لە ساڵی 2023 زۆرترین خەرجیان بۆ کەرتی سەربازی جیهان کردووە بریتین لە ئەمریکا، چین و رووسیا و هند و سعودیە، وڵاتانی ناتۆش 55%ی خەرجییە سەربازییەکانی جیهانیان پێکهێناوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمریکا بەڕێژەی 2% ئەو خەرجییەی لە 2023 بەرزکردووتەوە و گەیاندوێتیە 916 ملیار دۆلار، ئەو ژمارەیەش دەکاتە نزیکەی دوو لەسەر سێی کۆی خەرجییە سەربازییەکانی کۆی وڵاتانی ناتۆ.

پەیمانگاکە رایگەیاندووە، روسیاش رێژەی 24%ی ئەو خەرجییانەی زیاد کردووە و مەزەندە دەکرێت بە 109 ملیار دۆلار.

چین بۆ 29 ساڵە لەسەریەک خەرجییە سەربازییەکانی بەرزدەکاتەوە، بۆ ساڵی 2023 بەڕێژەی 6%ی زیادیکردوە و گەیشتووەتە 296 ملیار دۆلار.

هیندستان بە چوارەم وڵاتی گەورەترین خەرجییە بەرگریی و سەربازییەکانی جیهان دێتە ئەژمار. بۆ ساڵی 2023 بەڕێژەی 4.3% ئەو خەرجییەی بەرزکردووەتەوە و گەیاندوێتیە 83.6 ملیار دۆلار.

هەروەها سعودیە وەک گەورەترین خەرجکاری بەرگریی و سەربازیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەرجییەکانی بە رێژەی 4.3% زیادکردووە و بە 75.8 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەبێ ئەوەی هیچ جەنگ و مەترسی و ململانێیەک لە ناو وڵاتەکەی بگوزەرێت.

خەرجییە بەرگریی و سەربازییەکانیش لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزبوونەتەوە، ئیسرائیل بە دووەم گەورەترین خەرجکار ئەژماردەکرێت، بەشێوەک رێژەی 24% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەمەش خەرجییەکانی لە ساڵی 2023 گەیشتوەتە 27.5 ملیار دۆلار.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button