دادگای ئەرجەنتین ئێران و حزبوڵای لە کوشتنی جوولەکەکان بە بەرپرسیار زانی

زووم…

 

 

لە لوتکەی گرژی و ناکۆکییەکانی ئێران و ئیسرائیلدا، دادگای باڵای تاوانەکانی ئەرجەنتین بڕیاریدا کە ئێران پلانی بۆ هێرشەکەی ئامیا بۆ سەر جوولەکەکان داڕشتووە و حیزبوڵای لوبنان ئەو هێرشەی ئەنجامداوە.

تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکان لە بۆینس ئایرێس لە ساڵی 1994 بووە هۆی کوژرانی 85 کەس و برینداربوونی 300 هاوڵاتی جوولەکەی ئەرجەنتین، لە کوشندەترین هێرشدا لە مێژووی ئەرجەنتین.

دادگای ئەرجەنتین لە بڕیارێکدا ئێران و لوبنانی بە بەرپرسی تەقینەوەکە زانی و رایگەیاند کە ئەو هێرشە لە تۆڵەی کشانەوەی ئەرجەنتین لە رێککەوتنی هاوکاری ئەتۆمی لەگەڵ تاران ئەنجام دراوە.

دادگای ئەرجەنتین بە پشتڕاستکردنەوەی رۆڵی “سیاسی و ستراتیژی” کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەقینەوەکە، رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی بنەماڵەی قوربانییەکان داوای سکاڵای دژی ئێران تۆمار بکەن.

لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا ئێران ئەو کەسانەی لەم دۆسیەیەدا گومان لێکراو بوون رادەستی ئەرجەنتین نەکردووە و فەرمانی دەستگیرکردن کە لەلایەن ئینتەرپۆلەوە دەرچووە نەگەیشتووەتە هیچ شوێنێک.

لە بڕیارەکەدا بۆردومانکردنی ناوەندی جولەکەکانی ئەرجەنتین بە “تاوانێک دژی مرۆڤایەتی” وەسف کراوە.

ئێران دەستوەردانی خۆی لەم تەقینەوەیەدا رەتدەکاتەوە بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ئەرجەنتین لە مێژە ئێرانی بە هۆکاری هێرشەکە دەزانێت و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆز بووە.

ئێستاش دادگا وێڕای دیاریکردنی رۆڵی کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەم هێرشەدا، رایگەیاند کە ئێران پلانی بۆردومانەکەی داناوە لە کاردانەوە بە هەڵوەشاندنەوەی سێ گرێبەست لەگەڵ ئەرجەنتین کە دەکرا تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی بۆ تاران دابین بکات.

شارەزایان دەڵێن حوکمی دادگا لەم کاتەدا نیشانەیەکی گوشارێکی جیهانییە دژی ئێران و هەڕەشەکانی دژی ئیسرائیل و جوولەکەکان.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button