هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەنێوان پێشوازی کیێڤ و رۆژئاوا و سەرکۆنەی مۆسکۆ

زووم…

 

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای هاوکارییە سەربازییەکانی پەسەندکرد و بڕیاریدا 61 ملیار دۆلار بە ئۆکراین و 26 ملیاری دیکە بە ئیسرائیل ببەخشێت، ئەم بڕیارە خۆشحاڵی کیێڤ و رۆژئاوای لێکەوتەوە و مۆسکۆشی نیگەران کرد.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین و هاوپەیمانانی لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆ هەموویان بە یەک دەنگ پێشوازییان لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کرد.

لەلایەکی دیکەوە کۆشکی کرێملنی روسیا دژی ئەم بڕیارە وەستایەوە و گوتی، دەبێتەهۆی کوژرانی ژمارەیەکی زیاتری ئۆکراینییەکان.

دوای چەند مانگێک ناکۆکی  نێوان کۆماریی و دیموکراتەکان، رەنگە دواجار پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە ببێتەهۆی ئەوەی سوپای ئۆکراین هەناسەیەک بدات، بەتایبەت کە هێزەکانی روسیا لەم چەند مانگەی دوایی زیاتر بەرەوپێشچوون و ئۆکراینیش بەشی پێویست کەرەستەی سەربازی و پێداویستیی نەبووە.

زیلینکسی لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەم پڕۆژەیاسایە هەزاران رۆح رزگاردەکات.

لایخۆیەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە پەسەندکردنی ئەم هاوکارییە گرنگانە بە کیێڤ کرد.

لە بەرامبەردا روسیا کە لە ساڵی 2022ـەوە جەنگی دژی ئۆکراین راگەیاندووە، دژی بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وەستایەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم هاوکارییانە ئەمریکا زیاتر دەوڵەمەند دەکات و ئۆکراینیش وێرانتر دەکات و ژمارەیەکی زیاتری ئۆکراینییەکان دەکوژرێن.

هەر لەوبارەیەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا هێرشیکردەسەر ئەم هاوکارییە سەربازییانە و گوتی، لە توانایدایە قەیرانە جیهانییەکان بەرەو خراپتر ببات.

پێشتر کۆشکی کرێملن جەختی لەوەکردەوە هیچ هاوکارییەکی ئەمریکا کاریگەری لەسەر بارودۆخی بەرەی جەنگ نابێت.

ئەم بڕیارە کاردانەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەروپا و هاوپەیمانی ناتۆی لێکەوتەوە، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، ئەمڕۆ رۆژێکی هیوابەخشە بۆ ئەوروپا. چارلێس میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپاش گوتی، رۆژئاوا بەم بڕیارە پەیامێکی ئاشکرا بۆ کرێملن دەنێرێت.

لەلایەکی دیکەوە یەنس ستۆلتنبێرگ، سکرتێکی گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ گوتی، بەم هاوکارییانە ئاسایشمان لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور پتەوتر دەکەین.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button