ژنێکی بەساڵاچووی کورد لەبەرئەوەی تورکی نەزانیوە لە خزمەتگوزاریی فرۆکەخانە بێبەشکراوە

زووم:

گرتەی ڤیدیۆیی ژنێکی بەساڵاچووی کورد، کە لە فڕۆکەخانەی وانەوە گەشت بۆ ئیستەنبوڵ دەکات، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە.

گرتە ڤیدیۆییەکە رۆژی 18ـی شوباتی بڵاوکرایەوە، تێیدا کوڕەکەی لە تەنیشتییەوە وەستاوە و باس لەوە دەکات بەهۆی ئەوەی دایکی زمانی تورکی نەزانیوە، بێبەشکراوە لە خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانە و ماوەی دوو کاتژمێر و نیو نەیتوانیوە لە فڕۆکەخانە بڕواتە دەرەوە.

کوڕەکەی دەڵێت، “لەلایەن کارمەندانی فڕۆکەخانەکەوە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو هیچ کەسێک بە هانای دایکمەوە نەچووە. دایکم وەک هەر هاووڵاتییەکی تورکیا باج و رسومات بەم دەوڵەتە دەدات، کەچی دەوڵەت خزمەتگوزاریی پێشکەش ناکات. لەبەرئەوەی دایکم زمانی تورکی نەزانیوە، کەس بەهانایەوە نەچووە”.

گرتە ڤیدیۆییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، لەبەرئەوەی رووداوەکە لە سەروبەندی رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا روویداوە.

پارێزگای ئیستەنبوڵ راگەیەندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، “رووداوەکە بەتەواوی هەڵەتێگەیشتنی تێدایە و دوورە لە راستییەوە. ئەو ڤیدیۆیەی لەبارەی هاووڵاتییە بەساڵاچووەکەمانەوە بڵاوکراوەتەوە، بە مەبەست بووە، ئەمە پروپاگەندەیە لە دژی دەوڵەتمان، ئەو ژنە کاتژمێر و نیوێک لە فڕۆکەخانە ماوەتەوە.”

کەسوکاری مەمدوهـ چەڵشان، رایانگەیاندبوو ناوبراو لەپاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان ئازاد کراوە.

دەم پارتی ئەم پرسەی بردە پەرلەمان و لەنێو هۆڵەکەیدا، ئایتان کۆردو، پەرلەمانتاری دەم پارتی، پرسیارێکی ئاڕاستەی وەزیری گەیاندنی تورکیا کرد و گوتی، “لە فڕۆکەخانەکاندا خزمەتگوزاریی وەرگێڕان بۆ 36 زمان و 80 شێوەزار هەیە، هۆکار چییە وەرگێڕان بۆ کوردی رێگەپێدراو نییە و قەدەغەیە”.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، لە تورکیا لە پاش زمانی تورکی، زمانی کوردی لەلایەن زۆرترین هاونیشتیمانیانەوە قسەی پێدەکرێت، زمان بەدەر لەوەی کلتووری نەتەوەیەکە، هاوکات هۆکاری سەرەکیی لێکتێگەیشتنە.

پەرلەمانتارەکە داواشیکرد خزمەتگوزاریی زمانی کوردی لە فڕۆکەخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەستەبەر بکرێت.

ئەمڕۆ، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە، تونجای بەقرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا بە زمانی کوردی وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی، “زمانی کوردی هێڵی سووری ئێمەیە، مافێکی رەوای گەلی کوردە لەپاش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لەڕێگەی شارەوانییەکانمانەوە کۆرسی زمانی کوردی دەکەینەوە.”

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button