نزیکەی 800 هەزار کەس لە سودان مەترسیی راستەوخۆی جەنگیان لەسەرە

زووم…

 

ساڵێک بەسەر جەنگی سوداندا تێپەڕیوە، هێشتا دیار نییە کەی و چۆن ئەم جەنگە کۆتایی دێت.

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی ئەوە دەدات، لە بەردەوامیی توندوتیژی و جەنگی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرادا، نزیکەی ٨٠٠ هەزار هاووڵاتی لە شاری فاشر لە سودان رووبەڕووی مەترسیی راستەوخۆ دەبنەوە.

ساڵی رابردوو، جەنگ لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای نیمچەسەربازی هەڵگیرسا و گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی لە جیهاندا هێنایە ئاراوە.

رۆزمێری دیکارلۆ، بەرپرسی کاروباری سیاسی لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، پێکدادانی نێوان هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و ئەندامانی هێزەکانی بەرگریی جەماوەر کە هاوپەیمانە لەگەڵ سوپای سودان نزیکدەبێتەوە لە شاری فاشری پایتەختی باکووری هەرێمی دارفۆر.

دەشڵێت، ئەو جەنگە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی ناکۆکییەکی خێڵەکیی خوێناوی لە تەواوی دارفۆردا.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس، کە دەکاتە نیوەی دانیشتووانی سودان، پێویستییان بە هاوکارییە، نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بەهۆی جەنگەوە ماڵەکانیان چۆڵکردووە.

ئێدیم وۆسۆرنو، بەڕێوەبەری بەشی ئۆپەراسیۆن و داکۆکیکردن لە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، باسی لەوەکردووە، توندوتیژیی دەبێتە هۆی مەترسیی زۆر و راستەوخۆ لەسەر ٨٠٠ هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی شاری فاشر، ئەمەش هەڕەشە لەسەر بەشەکانی دیکەی دارفۆر دروستدەکات، کە زیاتر لە نۆ ملیۆن کەسیان تێدایە و پێویستیی زۆریان بە هاوکاری مرۆییە.

کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، دەستەی جیهانیی پەیوەندیدار بە ئاسایشی خۆراک، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پشتیوانیدەکرێت، گوتی، پێویستە رێکاری خێرا بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە زیانی گیانیی زیاتر و قەیرانی برسێتیی لە سودان.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، خێرخوازان لە کۆنفرانسێکدا بەڵێنیاندا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار ببەخشن بە سودان، کە بەهۆی جەنگەوە وێرانکارییەکی زۆر بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button