هێرشەکەی بەرەبەیانى ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر ئەسفەهان لە ئێران، کاردانەوەی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە.

زووم…

 

هەرچەندە تائێستا ئیسرائیل لێدوانێکى فەرمى لەسەر هێرشەکان نەبووە، بەڵام کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بە یەک وشە لە هەژماری خۆی لە ئێکس، هێرشەکەی بە “لاوازبوو” وەسفکرد.

بەگوێرەى ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیش، بەرپرسانى ئەو وڵاتە گوتوویانە، روون نییە کێ لە پشت هێرشەکەوە بووە و هیچ رووداوێک یان زیانێکمان نەبووە، دەشڵێن دەنگەکەی ئەسفەهان ئەنجامی تەقاندنەوەی تەنی گومانلێکراو بووە لە ئاسمانی ئەسفەهاندا.

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، هەریەک لە ئەمریکا و ئوسترالیا هۆشدارییان دایە هاوڵاتییانیان لە ئیسرائیل و فەڵەستین، ئوسترالیا داوای دەستبەجێ جێهیشتنى فەڵەستینی لە هاوڵاتییەکانى خۆی کرد و ئەمریکاش داوای لە کارمەندانی وڵاتەکەی و خێزانەکانیان کرد هاتوچۆیان سنوردار بکەن.

هاوکات چین، ژاپۆن و فەرەنسا و کۆمسیۆنى ئەوروپاش داوایان لە ئیسرائیل و ئێران کرد گرژییەکان رابگرن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی گوتووە، هەرچەند هێرشەکانى ئیسرائیل سنوردار بوون، بەڵام نایانەوێت گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەراست پەرە بستێنن.

چەند بنکەیەکی ئەتۆمیی ئێران لە ئەسفەهاندا هەن و هەر زوو بەرپرسانی پارێزگاکە گوتیان، بنکە ئەتۆمییەکان سەلامەتن و هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە.

دواتر ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوای دانبەخۆداگرتن و بەئامانجنەگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کرد.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشەکەی سەر ئەسفەهان بەجۆرێک دیزاینکرابوو ئێران بتوانێت بەرپەچی بداتەوە و میدیاکانی ئەو وڵاتەش بڵاویان کردەوە، کاتژمێرێک دوای هێرشەکان، سیستمی بەرگریی ئیسرائیل کەوتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button