ئەنفال، یەکێک لە تاوانە گەورەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم، چۆن دەستیپێکرد و کەی کۆتایی هات….

زووم…

 

 

لە ٢٩ی ئازاری ساڵی ١٩٨٧ سەرانی حزبی بەعسی دەسەڵاتداری ئەوکاتی عێراق کۆبوونەوە و عەلی حەسەن مەجیدیان راسپارد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکانی ئەنفال.

لە یەکەم هەنگاویدا عەلی حەسەن مەجید بڕیاریدا بە چۆڵکردنی گوندەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەی زۆرەملێ.

ئەنفال بە هەشت قۆناغ بوو، لە دۆڵی جافایەتیەوە دەستیپێکرد و لە دەڤەری بادینان کۆتاییهات، لە ماوەی پەلامارە سەربازییەکاندا هیچ گوندێک ژیانی تێدا نەما.

قۆناغى یەکەمى ئەنفال

لە بەرەبەیانى ڕۆژى ٢٢ى شوباتى ١٩٨٨ قۆناغى یەکەمى ئەنفال دەستپێکرد و سەرەتاش گوندەکانی سنوری سلێمانی بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کران.

قۆناغى دووەمی ئەنفال

قۆناغى دووەمی ئەنفال لە ٢٢ى ئازاری ١٩٨٨ بە بۆردوومانکردنی گوندەکانی سێوسێنان بە چەکی کیمیایی دەستیپێکرد. دواتر سوپای عێراق هێرشى کردە سەر بازیان و تەیناڵ و زڕگوێز و لەوێشەوە بۆ قەرەداغ.

قۆناغى سێیەمی ئەنفال

قۆناغی سێیەمى ئەنفال لە ٧ى نیسانی ١٩٨٨ دەستیپێکرد، ئەم قۆناغە بە مەترسیدارترین قۆناغی ئەنفال دادەنرێت و تیایدا هێرشکرایە سەر ناوچەکانى (چەمچەماڵ، سەنگاو، لەیلان، قادرکەرەم، تەکیەى جەباری، نەوجول، دوزخورماتوو، کفرى، سەرقەڵا، جەبارە، کەلار، باوەنور، تیلەکۆ، دەربەندیخان، قەرەهەنجیر).

قۆناغى چواری ئەنفال

ڕۆژى ٣ى ئایارى ١٩٨٨ قۆناغى چوارەمى ئەنفال بە کیمیابارانکردنى گۆپتەپە و عەسکەرى سەر بە ناحیەى ئاغجەلەر دەستیپێکرد. ئەم قۆناغەش ناوچەیەکى فراوانى گرتەوە، ئەوانیش ئاغجەلەر، پردێ، شوان، دووکان، خەلەکان، دەشتی هەولێر، تەقتەق، قوشتەپە و کۆیە) بوو.

قۆناغەکانى پێنجەم، شەشەم و حەوتەمی ئەنفال

ئەم سێ قۆناغەى ئەنفال بە تێهەڵکێشى ئەنجامدرا و پێکەوە بەسترانەوە، لە ڕۆژى ١ى ئایار بۆ ٢٦ی تەموزى ١٩٨٨ى خایاند. ئەم شاڵاوە ماوەکەى زیاتر بوو لە شاڵاوەکانى دیکە، ئامانجى ئەم سێ قۆناغە هەموو سنوری هەولێر بوو.

قۆناغى هەشتەمی ئەنفال

لەم قۆناغەدا سنورى ناوچەى بادینان لە ٢٥ی ئابدا بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرا و لە ڕۆژی ٢٨ی ئاب تەواوی بادینان داگیر کرا و بەعس ڕۆژى ٦ى ئەیولى ١٩٨٨ بەیانی کۆتایی ڕاگەیاند.

لە هەر هەشت قۆناغەکەدا ١٨٢ هەزار کەس ئەنفالکران و چوار هەزار و ٥٠٠ گوند روخێنران و لە ٢٥٠ شوێن چەکى کیمیایی بەکارهێنرا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button