ئەنفال چۆن دەستیپێکرد و کەی کۆتایی هات؟

زووم:

ئەنفال، یەکێک لە تاوانە گەورەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم، چۆن دەستیپێکرد و کەی کۆتایی هات؟

لە ٢٩ی ئازاری ساڵی ١٩٨٧ سەرانی حزبی بەعسی دەسەڵاتداری ئەوکاتی عێراق کۆبوونەوە و عەلی حەسەن مەجیدیان راسپارد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکانی ئەنفال.

لە یەکەم هەنگاویدا عەلی حەسەن مەجید بڕیاریدا بە چۆڵکردنی گوندەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەی زۆرەملێ.

ئەنفال بە هەشت قۆناغ بوو، لە دۆڵی جافایەتیەوە دەستیپێکرد و لە دەڤەری بادینان کۆتاییهات، لە ماوەی پەلامارە سەربازییەکاندا هیچ گوندێک ژیانی تێدا نەما.

قۆناغی یەکەمی ئەنفال

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ١٩٨٨ قۆناغی یەکەمی ئەنفال دەستپێکرد و سەرەتاش گوندەکانی سنوری سلێمانی بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کران.

قۆناغی دووەمی ئەنفال

قۆناغی دووەمی ئەنفال لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٨ بە بۆردوومانکردنی گوندەکانی سێوسێنان بە چەکی کیمیایی دەستیپێکرد. دواتر سوپای عێراق هێرشی کردە سەر بازیان و تەیناڵ و زڕگوێز و لەوێشەوە بۆ قەرەداغ.

قۆناغی سێیەمی ئەنفال

قۆناغی سێیەمی ئەنفال لە ٧ی نیسانی ١٩٨٨ دەستیپێکرد، ئەم قۆناغە بە مەترسیدارترین قۆناغی ئەنفال دادەنرێت و تیایدا هێرشکرایە سەر ناوچەکانی (چەمچەماڵ، سەنگاو، لەیلان، قادرکەرەم، تەکیەی جەباری، نەوجول، دوزخورماتوو، کفری، سەرقەڵا، جەبارە، کەلار، باوەنور، تیلەکۆ، دەربەندیخان، قەرەهەنجیر).

قۆناغی چواری ئەنفال

ڕۆژی ٣ی ئایاری ١٩٨٨ قۆناغی چوارەمی ئەنفال بە کیمیابارانکردنی گۆپتەپە و عەسکەری سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر دەستیپێکرد. ئەم قۆناغەش ناوچەیەکی فراوانی گرتەوە، ئەوانیش ئاغجەلەر، پردێ، شوان، دووکان، خەلەکان، دەشتی هەولێر، تەقتەق، قوشتەپە و کۆیە) بوو.

قۆناغەکانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەمی ئەنفال

ئەم سێ قۆناغەی ئەنفال بە تێهەڵکێشی ئەنجامدرا و پێکەوە بەسترانەوە، لە ڕۆژی ١ی ئایار بۆ ٢٦ی تەموزی ١٩٨٨ی خایاند. ئەم شاڵاوە ماوەکەی زیاتر بوو لە شاڵاوەکانی دیکە، ئامانجی ئەم سێ قۆناغە هەموو سنوری هەولێر بوو.

قۆناغی هەشتەمی ئەنفال

لەم قۆناغەدا سنوری ناوچەی بادینان لە ٢٥ی ئابدا بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرا و لە ڕۆژی ٢٨ی ئاب تەواوی بادینان داگیر کرا و بەعس ڕۆژی ٦ی ئەیولی ١٩٨٨ بەیانی کۆتایی ڕاگەیاند.

لە هەر هەشت قۆناغەکەدا ١٨٢ هەزار کەس ئەنفالکران و چوار هەزار و ٥٠٠ گوند روخێنران و لە ٢٥٠ شوێن چەکی کیمیایی بەکارهێنرا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button