كارەکە باوەڕپێنەکراوە، وەک فیلمى سینەمایی دێتە پێشچاو. پرۆژیەک، پێیەکى لە ئاسمانە و ئەوی دیکەى لەسەر زەوى!

زووم:

کۆمپانیای “سپەیس سۆلار”ـی بەریتانی بەنیازە یەکەم کێڵگەی بەرهەمهینانى وزە لە تیشکى خۆر، بباتە بۆشایی ئاسمان.

تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان لەسەر زەوی ئەنجامدراون و سەرکەوتوو بوون.

پلانەکە ئەوەیە، چەندین ئاوێنە و پانێڵی وەرگرتنی وزەی خۆر، لە دووریی 22 هەزار میل لە زەوییەوە لە بۆشایی ئاسمان جێگیر بکات.

پانیی ئەو ئاوێنە و پانێڵانە دەگاتە نزیکەی یەک میل و قورساییەکەى دوو هەزار تۆن دەبێت.

کۆمپانیاکە دەیەوێت ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە ئەوەی وزەى کارەبا بداتە زیاتر لە یەک ملیۆن ماڵ.

نمونەی تاقیکاریی پرۆژەکە لە بەریتانیا تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی وزەى بەردەوام لە بۆشایی ئاسمانەوە.

بەگوێرەى تۆڕی سکای بەریتانی، نمونە تاقیکارییەکەی پانێڵە خۆرییەکان بەشێوەیەک دیزاین کراون، توانایەکی گەورەیان هەیە بۆ وەرگرتنى تیشکی خۆر و گواستنەوەی.

مارتن سۆلتۆ، دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس سۆلار، بە سکای بەریتانى گوتووە، “ئەمە یەکەمجارە لە جیهاندا بتوانین وزەی بەردەوام بەدەستبهێنین، بۆیە پرۆژەکە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر سیستمی وزە لە داهاتوودا”.

سۆڵتۆ ئاشکرایکردووە، کۆمپانیاکەیان لەگەڵ کۆمپانیای “سپەیس ئێکس”ـی ئیلۆن مەسک لە گفتوگۆدایە بۆ بەکارهێنانی کەشتیی ئاسمانیی “ستارشیپ” لە پرۆژەکەیاندا.

پرۆژەکە پێویستى بە نزیکەی 68 پرۆسەی هەڵدانی موشەک دەبێت بۆ گواستنەوەى کەلوپەل و پانێڵە خۆرییەکان بۆ بۆشایی ئاسمان، دواتر لەلایەن رۆبۆتەکانەوە کۆدەکرێنەوە و وێستگەکە دروستدەکەن.

پانێڵە خۆرییەکان، کاتێک دەبرێنە بۆشایی ئاسمان، 13 هێندە زیاتر وزە وەردەگرن بە بەراورد بە سەر زەوی، چونکە چڕیی رووناکی لە بۆشایی ئاسمان زیاترە و بەرگەهەوا و هەور و شەو بوونى نییە.

بەشێک لەو وزەیەی لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنێردرێتەوە زەوی، بەفیڕۆ دەچێت، بەڵام بەراورد بە وزەی بەرهەمهاتوو لەسەر زەوی، بەفیڕۆچوونەکە زۆر کەمترە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button