هیچ نیازێک نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق

زووم؛

رۆژنامە عەرەبییەکان

سەباح

هیچ نیازێک نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق

هەرچەندە 18 مانگ لەسەر تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی ئێستای عێراقدا تێپەڕبووە، بەڵام چەند باس و خواسێک هەن لەبارەى هەمووارکردنی یاسای هەڵبژاردن و چوون بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی ئەو داوایەی نەکردووە.
پەرلەمانتار سائیر جبوری بۆ رۆژنامەکە قسەی کردووە و رەتیکردووەتەوە پەرلەمان وەها هەنگاوێک بنێت و گوتی، بەڵام ئەگەر حزبەکانی قسەی لەسەر بکەن و داواشی بکەن مافی خۆیانە بە تایبەت بەهۆی بایکۆتکردنی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکەی پێشوودا.
ناوبراو جەختیکردەوە کە ئەستەمە لەئێستادا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچین چونکە خولی ئێستا پەرلەمان تەنها 18 مانگی ماوە و ئەستەمە لەو ماوە کورتەدا ئەنجام بدرێت.


شەرق ئەوسەت

بەغداد چاوەڕێی نەرمینواندنی ئەمریکا دەکات لەدوای سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

لەڕێگەی سەردانەکەی مانگی داهاتووی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، بەغداد بەنیازی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیەتی لەگەڵ واشنتن و بڕیارە لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا قۆناغی داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تاوتوێ بکەن.
بایدن و سودانی تاوتوێی چەند پرسێکی تایبەت دەکەن کە یەکێکیان پابەندبوونی هاوبەشی هەردولایە بۆ تێکشکاندنی داعش.

 


زەمانی عێراقی

شارەزایەک هەڕەشەکانی داعشی بەستووەتەوە بە پرسی کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق

لیوای خانەنشینکراو عیماد عەلو هەڕەشەکانی ئەمدواییەی چەکدارانی داعشی لە پارێزگای ئەنبار بەستووەتەوە بە پرسی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی دانووستانەکانەوە.
عیماد عەلو بە رۆژنامەکەی گوتووە، جوڵەی تازەی چەکدارانی داعش لە ئەنبار جێگەی سەرسوڕمان نییە چونکە جوڵە و هەنگاوەکانی یەکانگیرە لەگەڵ سیاسەت و ئەجێندای دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا، بۆ نمونە ئەگەر تەماشای جوڵەی ئەمدواییەی رێکخراوەکە بکەین لە ئێران و روسیا.

ئەلعەرەب

شایەتحاڵەکانی نزیک کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا لە غەزە: لە دۆزەخیش خراپترە

دانیشتوان و شایەتحاڵەکانی دەوروبەری کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا لە غەزە کە لەئێستادا ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکی توند و سەختی تێدا ئەنجام دەدات دەڵێن، دۆخەکە لە دۆزەخ خراپترە.
لە ئۆپراسیۆنەکەدا ئیسرائیل دەیان کەسی کوشتووە و سەدانیشی لە گەنج و ژن و منداڵ دەستگیرکردووە، ئەوە جگە لە ئاوارەبوونی سەدانی دیکە.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

دەیلی تەلەگراف

ئۆکراین هۆشداری دەدات لەوەی روسیا هێرشەکەی مۆسکۆ بەکاربهێنێت بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی لە ئۆکراین

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند ئەو چوار کەسەی کە هێرشە خوێناوییەکەی سەر مۆسکۆیان ئەنجامداوە یارمەتییان لە ئۆکراینەوە وەرگرتووە و رێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند کە تێیدا 133 کەس کوژران، پوتین لە گوتارێکیدا گوتی، ئەو چوارکەسەی تاوانەکەیان ئەنجام دابوو بەڕێگاوەبوون بەرەو ئۆکراین بەڵام دەستگیرکراون، هەر بۆیە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین گوتی، پوتین بەدوای رێگایەکدا دەگەڕێت ئاراستەی تۆمەتبارکردنەکە بگۆڕێت و بیکاتە بیانوویەک بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی لە ئۆکراین.


تایمز

مەترسییەکی ئەمنی نوێ سەریهەڵداوە و چین سیاسەتمەدارە بەریتانییەکان بە ئامانج دەگرێت

وەک شەپۆلێکی نوێی دەستوەردانی کەسە سیاسییە گەورەکانی چین لە کاروباری ناوخۆی بەریتانیا، چین هەوڵدەدات هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ناو وێستمینستەری بەریتانیا بە ئامانج بگرێت، چونکە ئەو وڵاتە چاوی بە دیموکراسیەتەکەی بەریتانیا هەڵنایەت.
ئۆلیڤەر دۆدن، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی پەرلەمانی وڵاتەکەدا گوتارێکی دا و گوتی، پەکین راستەوخۆ دەستی هەیە لەو هێرشە ئەلیکترۆنییانەدا کە دەکرێنە سەر ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا. وەک بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم راستییە چەند کەسایەتییەکی سیاسی بانگکراون بۆ لای ئەلیسن گەیڵزی بەرپرسی دۆسیەی ئەمنیی پەرلەمان و تێبینیی وردیان لەوبارەیەوە پێدراوە.

واشنتن پۆست

لە هەڵبژاردنەکەی 2024دا 12 ویلایەت مافی لەباربردنی منداڵ دەخەنە دەنگدانەوە
لە هەڵبژرادنەکەی ئەمساڵی ئەمریکادا 12 ویلایەت دەتوانن ئەو یاسایەنە بخەنە دەنگدانی گشتییەوە کە راوبۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەیە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە پشتگیری لەوە دەکەن بەپێی دەستوری وڵاتەکە مافی لەباربردنی کۆرپە دابین بکرێت، دەیانەوێت بەدەستهێنانی ئەو مافە بخەنە دەنگدانەکەی داهاتووەوە، ئەگەر دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، ئەوا لە دەستووردا جێگیردەکرێت. کەیلی هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆژەی دادوەری دەڵێت، ئەو هاووڵاتیانەش زۆرن کە دەیانەوێت لەباربردن ببێت بە مافێکی دەستووری، بەڵام ئەستەمە ئێستا بزانین ژمارەیان چەندە، تا ئەوکاتەی دەنگدان ئەنجام دەدرێت.

عەرەب نیوز

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دەروازەکانی غەزەیە و دەڵێت، ژیان لێرە بووە بە خەونێکی پڕ لە کابوس

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سنووری میسرەوە سەردانی دەروازەکانی کەرتی غەزەی کرد و گەیشت بە نزیکی رەفەح. لەوێوە داوای کرد زۆر بە خێرایی شەڕەکە رابگیرێت. ئەم سەردانەی گۆتەرێس پاش ئەوە دێت کە ئەنجومەنی ئاسایش شکستی هێنا لەوەی سنورێک بۆ شەڕەنگێزییەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەزەدا دابنێت، شەڕەکە گەیشتووە بە شەش مانگ و تائێستا زیاتر لە 32 هەزار فەڵەستینی کوژراون.
ناوبراو داوای لە هەموو دنیا کرد کارێک بکەن بۆئەوەی خەڵکی غەزە وا هەست بکەن کە بە تەنها نین.

 

  رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

جەهەپە پارتى خانەنشینانە
بەهۆى قەیرانى دارایییەوە، دۆخى خانەنشینان لە تورکیا خراپە، هەر بۆیە خانەنشینان بە دواى هاوکارییەکانى شارەوانییەکانەوەن، یەک لەوانەش گەورەشارەوانیی ئەنقەرەیە، لە ماوەى پێنج ساڵى رابردوودا هاوکاریى ٣٤ هەزار خانەنشینى شارەکەى کردووە.


جمهورییەت

خێزانەکان بەهۆی هەژارییەوە منداڵە ساواکانیان دەفرۆشن
تا دێت هەژارى لە تورکیا زیاتر دەبێت و کاردانەوەى نەرێنى لەسەر ژیانى خێزانەکان دروست دەکات، تراجیدیاتریان فرۆشتنى منداڵى تەمەن یەک مانگ و سێ مانگە لەڕێگەى پێگەکانى ئینتەرنێتەوە و بۆ هەر مناڵێک نرخى ١٠٠ هەزار لیرە دانراوە. بەدەر لەوەش خێزانەکان داواى تێچووى منداڵبوونەکەش لە کڕیار دەکەن.

ئەکشام

تورکیا فڕۆکەیەکى تازەی سەربازی بەرهەمدەهێنێت
تۆمتاش یەکەم کۆمپانیاى دروستکردنى فڕۆکەى تورکییە، وا بڕیارە فڕۆکەیەکى تازە بە ناوى “حوڕجێت” دروست بکات، دروستکردنى ئەم فڕۆکە تازەیە لە پارێزگاى کەیسەرى دەبێت و وا بریارە لە ساڵى ٢٠٢٥ـدا فڕۆکەکە رادەستى سوپاى تورکیا بکرێت.

میللییەت

زنجیرەکەى یڵماز ئەردۆغان یەکەمە
ماوەى نۆ هەفتەی لەسەریەکە، زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکەى یڵماز ئەردۆغان لە لیستى یەکەمینە لە رووى زۆریى بینەرەوە، یڵماز ئەردۆغان بە ڕەچەڵەک کوردە، لەم زنجیرەیەدا وەک ئەکتەر و سیناریۆنووس بەشدارى کردووە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button