سلێمانى لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ پەکەکە پاشەکشەى نەکردووە

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

تایمز

کێشەی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا کاریگەریی خراپی خستووەتەسەر دەنگەکانی سوناک

رەنگە ئەو پلانەی ریشی سوناک، کە دەیەوێت پەنابەران بنێرێت بۆ رواندا، ئەمڕۆ بە دەنگدانێک دوابخرێت، چونکە پارتی کرێکاران سبەینێ کۆبوونەوەیەکی هەیە بۆ دەنگدان لەسەر ئەم پرسە.
سەرەکوەزیرانیش دەڵێت هەموولایەک هەوڵدەدەن رێگری لە ئێمە بکەن، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە، لە کۆتایی مانگی ئایاری داهاتوودا گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ناردنی پەنابەران بەرەو کیگالیی پایتەختی رواندا دەستپێدەکەن.
ئەگەر سبەینێ لەنێو دەنگدانەکەی ئەنجومەنی پیراندا پلانەکەی حکومەت بەزێندرا، ئەوا سەیرکردنەوەی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا و کیگالی تاوەکو مانگی حوزەیرانی داهاتوو دوادەکەوێتەوە.

 

 

 

 

دەیلی تەلەگراف

شارەوانی شەڕێکی نوێ لە دژی ماتۆڕسوارەکان دەستپێدەکات

شارەوانی شەڕێکی نوێی لە دژی ماتۆڕسوارەکان راگەیاندووە، بەگوێرەى ئەم پلانە نوێیە نیوەیان سزای پێبژاردنی قورس دەیانگرێتەوە.
دەیان ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییەکان داوایان کردووە شارەوانی مافی ئەوەی هەبێت سزای پێبژاردن بەسەر ئەو ماتۆڕسوارانەدا بسەپێنێت، کە لە سەر هێڵی زەردی ناو شەقامەکان ماتۆڕەکانیان لێدەخوڕن، یان بەبێ گوێدان بە رەنگی ترافیک لایتەکان بە نایاسایی پێچ دەکەنەوە.
85 کەس لە بەرپرسەکانی کاروباری ئەو شەقامانەی بەریتانیا، کە بە هێڵی خێرای 152 ناسراون ئێستا دەستەڵاتیان پێدراوە، هەرکەس یاساکانی هاتوچۆی لەسەر ئەو هێڵانە پێشێل کرد، تاوەکو بڕی 70 پاوەند غەرامەی بکەن. نزیکی 27 ملیۆن شۆفێر هەن لە نزیکی ئەو هێڵانەوە دەژین، بەڵام رێژەی 65%ـی ئەو خەڵکە لەسەرووی تەمەنی 16 ساڵیەوەن.

 

 

 

گاردیەن

پەلاماردانی نەخۆشخانەیەک لەلایەن ئیسرائیلەوە ترس و دڵەڕاوکەی لەلای خەڵکانی مەدەنی دروستکردووە

دوێنێ لە دەوروبەری نەخۆشخانەی شیفا لەناو شاری غەزەدا شەڕ و پێکدادان روویدا و بۆ ماوەیەکیش بەردەوام بوو. بەرەبەیانی زوو سوپای ئیسرائیل چەند شوێنێکی ئەو ناوچەیەیان کۆنترۆڵ کرد، کە بۆ حەماس ستراتیژی بوون. شایەتحاڵەکان دەڵێن کە چەندان بۆردوومانی فڕۆکە و شەڕو تەقەی رووبەڕوویان بینیوە، ئەمەش هەڕەشە و مەترسیی گەورەی بۆ سەر ژیانی ئەو خەڵکە مەدەنییانە دروستکرد، کە لەنێو هۆڵ و قاوشەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بوون.
بەرپرسانی ئیسرائیلی گوتیان، سەربازەکانی سوپا چالاکییەکی ورد و دراسەکراویان لەنێو نەخۆشخانەی شیفادا ئەنجامداوە، لەوێ بەدوای حەماسدا گەڕاون و توانیویانە بیست کەسیان لێ بکوژن. یەکێک لە کوژراوەکان بەگوێرەی گوتنەکەی ئیسرائیل فایەق مەبحوح بووە، کە بەڕێوەبەری چالاکییەکانی حەماس بووە.

 

 

 

دەیلی ئێکسپرێس

چەندان پەنابەر دەستنیشان کراون ئەم بەهارە لە یەکەمین گەشتدا بنێردرێن بۆ رواندا

ریشی سوناک جەختی کردەوە لەوەی چاوەڕێ دەکات لەگەڵ هاتنی ئەم بەهارەدا یەکەمین گەشتی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا ئەنجام بدرێت. دوو سەد پەنابەر دەستنیشان کراون و ناوەکانیان تۆمارکراوە بۆ ناردن.
سەرەکوەزیران گوتی سورە لەسەر ئەو بەرنامەیەی کە بۆ ئەو مەبەستە دایناوە، ئەگەرچی لە پەرلەماندا ماوەیەکی زۆرە شەڕ لە دژی ئەم بەرنامەیەی حکومەت دەکرێت.

 

 

 

 

 رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

حوڕییەت
سلێمانى لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ پەکەکە پاشەکشەى نەکردووە
هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵى سی ئێن ئێن، جارێکى دیکە بەرپرسانى سلێمانى لە “هاوکاریکردنى پەکەکە ئاگادارکردەوە” و رایگەیاند، پێویستە تاوەکو زووە یەکێتیى نیشتیمانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت.
فیدان ناساندنى پەکەکە بە رێکخراوێکى نایاسایی لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بە گرنگ دەزانێت و گوتی، ئامانجمان ئەوەیە سنوورى نێوان عێراق و سوریا توندتر بکەین تاوەکو رێگریی بکەین لە هاتوچۆى پەکەکە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

 

 

 

 

تورکیا

پەکەکە لە نەورۆزدا چەک دادەنێت

لەپاش سەردانەکەى شاندى تورکی لەگەڵ بەرپرسانى عێراق و واژۆکردنى چەندین رێککەوتن بۆ پرسى ئەمنى، وایکرد پەکەکە نیگەران و تەنگاو بکات. گوتەکەى موراد قەرەیڵان، کە گوتبوى لە نەورۆزدا مژدەمان بۆ گەلەکەمان پێیە، چاوەڕێ دەکرێت لە نەورۆزدا پەکەکە بەفەرمى بانگەوازى ئاشتی بکات یان چەک بە رووى تورکیا دابنێت. “ئیدى لەوەوە نزیکین کە بەبێ پەکەکە هەنگاوى چارەسەریی بنێین. دواجار پەکەکە کۆتاییەکى خۆى بینی”.

 

 

 

 

میللییەت

43 ئەندامى نوێ کران بە ئەندامى ئەنجومەنى مەهەپە
لە کۆنگرەکەى 14هەمینى پارتى بزاڤى نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە زۆرینەى دەنگ 43 کەس کران ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى پارتەکە. هەشت لەوانەش پەرلەمانتارى پارتەکەن. بەدەر لەوەش گۆڕانکارى لە تەواوى جومگەکانى بەڕێوەبردنى پارتەکە کرا.

 

 

 

 

یەنى بیرلیک

جەهەپە چاوی لەسەر داهاتى ئەنتاڵیایە

ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى گشتی پارتى کۆمارى گەل رایگەیاند، هەر گەشتیارێک لە ئەنتاڵیا رۆژانە 99 دۆلار خەرج دەکات. ئەم بڕە بۆ شارێکى گەشتیارى بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە کەمە. لە ئیسپانیا گەشتیارێک رۆژانە 200 دۆلار خەرج دەکات. کاتێک گەشتیاری وڵاتی ئێمە دەچێتە دەرەوە رۆژانە 639 دۆلار خەرجی دەبێت رۆژانە. دەمانەوێت گەشتیار لە ئەنتاڵیا بێنە سەر شەقامەکان و پارە خەرج بکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button