سەرەڕای رەخنەو هۆشدارییەکانی پێشتری کۆمەڵی نێودەوڵەتی، هەڵبژاردن بایکۆت دەکرێت

زووم:

بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بایکۆتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا ھێنا، ھەندێک لە چاودێران پێیانوایە رەنگە ئەم بڕیارە جارێکی دیکە ببێتەھۆی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ رۆژی بەڕێوەچوونی دیاریکراوە.

پێشتر دواخستنە یەک لەدوای یەکەکانی ھەڵبژاردن و پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان، ھەرێمی کوردستانی رووبەڕووی رەخنەی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە، لەسەر ئاستی جیاجیا ھۆشداریی بە حزبە دەسەڵاتدارەکان درا ئەنجامنەدان و پشتگوێخستنی ھەڵبژاردن کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگە و ناوبانگی ھەرێمەکە دەبێت.

نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕێگەی نێردەکەیەوە لە عێراق، چەندینجار بەراشکاوی باسی لەوە کردووە دواخستنی ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێمی کوردستان بووەتە ھۆی ئەوەی “دەسەڵات متمانە لەدەستبدات”.

جنین پلاسخارت نێردەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، چ لە راپۆرتەکانی مانگانەی خۆی و چ لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئاسایشیش، چەندینجار ھۆشداریداوە لە مەترسیی دواخستنی ئەو ھەڵبژاردنەو بە “لەدەستدانی متمانەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان” وەسفی کردووە.

کاتێک هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ جاری سێیەم لە وادەی خۆی دواکەوت و نەتوانرا لە ٢٥ی شوباتی ئەمساڵ بکرێت، پلاسخارت گوتبووی “بە نیگەرانییەوە دەڵێم دەبووایە ٢٥ی شوباتی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدرایە، بەڵام نەکرا، ئەمە یارمەتیدەر نییە بۆ ھەرێمی کوردستان و سەقامگیری عێراق”.

جگە لە رەخنەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، رۆژی ١٩ـی ئایاری ٢٠٢٣ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش لە راگەیەنراوێکدا ھۆشداری دایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە “چیتر ھەڵبژاردن دوانەخەن”.

دواتر رۆژی ٢١ی ئایاری ٢٠٢٣، ئیلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا باسی لەوە کرد، لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و پارتی قسەی کردووە و جەختیکردووەتەوە کە تا کۆتایی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکەن.

بەپێچەوانەشەوە، نێردەی نێودەوڵەتی و باڵیۆز و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ھەر سازش و ئامادەییەکی حزبەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە، خۆشحاڵی و ئومێدیان بۆ پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان نیشانداوە.

کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم مانگە 10ـی حوزەیرانی داهاتووی بۆ رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، کونسوڵخانە و نێردەی وڵاتانی لە هەرێم پێشوازییەکی گەرمیان لە بڕیارەکە کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە راگەیاند.

هەواڵی زیاتر

Back to top button