پێش هەڵبژاردن و پاش هەڵبژاردن هەر پوتین سەرۆکە

 زووم:

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتەیە پوتین خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی بۆ خۆی نوێدەکاتەوە، چونکە بەشداریی هەڵبژاردنێک دەکات، هیچ رکەبەرێکی جدی تێدا نییە. کریملن ئەم بۆنەیە بە هەل دەزانێت بڵێت گەلی روس پشتیوانی لە شەڕی ئۆکراین دەکەن.

پوتین ساڵی 1999 گەیشتووە بە دەستەڵات، ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، پاش ئەوە بوو بە جێگری سەرۆکی وڵات، بەڵام هەموو نەیارە ئۆپۆزسیۆنەکانی خۆی لاداوە و هیچیانی نەهێشتووەتەوە، بۆیە پێشئەوەی ناوەندەکانی دەنگدان بکرێنەوە، دەزانرێت پوتین ماوەی شەش ساڵی دیکەش سەرۆک دەبێت.

بەیانیی رۆژی هەینیی داهاتوو، 15ـی ئازار، سندووقەکانی دەنگدان دەکرێنەوە، پرۆسەکە تا کۆتایی رۆژی 17ـی ئازار بەردەوام دەبێت، جارێکی تر پوتین هەڵدەبژێردرێتەوە و تا ساڵی 2030 وەک سەرۆک دەمێنێتەوە. لە سەدەی هەژدەوە و لە پاش ئیمپراتۆر ئەکاترینیای دووەمەوە، کەس نییە، هێندەی پوتین حوکمی ئەو وڵاتەی کردبێت.

کاندید بوون بۆ هەڵبژاردن بۆ پوتین ئاسانە، چونکە دەزگای هەواڵگریی روسیا (کەی جی بی)ـی لە پشتە، خۆی کارمەندی ئەوان بووە، لە ناو راڕەوەکانی ئەو دەزگایەوە دەستی بە کارکردن کردووە.

دیارترین کەسێتیی نەیاری پوتین، ئەلێکسی ناڤاڵنی بوو، ئێستە لەژێر خاکدایە، پاش ئەوەی لە ناوچەیەکی ساردی سیبریادا بۆ ماوەیەک لە زینداندا هێشتیانەوە، “دواجار کوشتیشیان”.
ئابووریی روسیا هەر گەشە دەکات، راستە سزای نێودەوڵەتییان لەسەرە، بەڵام مۆسکۆ لەڕێی لایەنێکی دیکەوە کەرەستە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنراوی خۆی ساغدەکاتەوە، لەبەرئەوە هەڵقوڵانی بەرهەمی وزەی روسی لە بازاڕی جیهانیدا هەر درێژەی هەیە.

هەڵبژاردن لە چوار ناوچەی ئۆکراینیاش ئەنجامدەدرێت

لە مانگی شوباتی 2022ـەوە، کە جەنگ لە ئۆکراین دەستی پێکردووە، روسیا لەلای رۆژئاواییەکان بێزراوە، بۆیە کریملن پێیوایە خەڵکی وڵاتەکە دەبێت لەڕێی ئەم هەڵبژاردنەوە جارێکی دیکە پشتگیری لە سەرۆکەکەیان بکەنەوە، کە وڵاتێکی دراوسێی خۆیانی داگیرکردووە.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن دەڵێت، “پوتین چالاکترین کەسێتیی سیاسییە لە دەوڵەتەکەدا، رەنگە بۆشم نەبێت وابڵێم، بەڵام دەیڵێم، ئەمڕۆ لە روسیادا کەس نییە شان بدات لە شانی، بۆ ئایندەش کەسێکی دیکەی وا هەڵناکەوێت”.
زۆرینەی ئاشکرا

ئەم هەڵبژاردنە تا ئاستێکی زۆر شکڵییە، بەڵام کریملن بەجدی وەریگرتووە، خەرجییەکی زۆری بۆ تەرخانکردووە، ئامانجەکەشی ئەوەیە هانی خەڵک بدات لە بەرژەوەندیی سەرۆکی روسیا دەنگ بدەن، پوتین گەشتی بۆ زۆر ناوچەی وڵاتەکەی ئەنجامداوە، لە کابینەی لێخوڕینی مووشەکوەشێنێکی ئەتۆمیشدا دەرکەوت، بەمەش وێنەی ئەو پیاوە بەهێزەی یادی خەڵک خستەوە کە جاران خۆیی دەخستە پێش چاویان.

نیکۆڵای پێترۆڤ، توێژەر لە دەزگای چاتام هاوس، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، ئەم هەڵبژاردنە بەلای کریملنەوە زۆر گرنگە، پێویستی بە هەڵبژاردنێکی لەمشێوەیە هەیە بۆئەوەی بە جیهان بڵێت روسەکان بە دەنگی زۆرینە پشتگیریی پوتین دەکەن، هەر بۆیە کریملن ئومێدی ئەوەی هەیە پشتگیریکردن لە پوتین لە ساڵی 2024ـدا لە ساڵانی پێشوو زیاتر بێت.

ساڵی 2018، هەڵبژرادنێکی دیکە هەبوو، ئەوکات پوتین رێژەی 77.5٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان گوتیان تەزویری تێدا کراوە.

ئەمساڵ سێ کەس هەن رێگەیان پێدراوە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکەن، ئەوانیش بریتین لە لیۆنید سڵۆتسکی، کەسایەتیی ناسیۆنالیست و نیکۆڵای خاریتۆنۆڤی کۆمیونیست و ڤڵادیسڵاڤ داڤانکۆڤی بازرگان، ئەمانە هەرسێکیان پشتگیرییان لەوە کردووە شەڕی دژی ئۆکراین ئەنجام بدرێت، بەڵام رێگە نەدرا بۆریس نادیجین، کەسێتیی ئۆپۆزسیۆن خۆی کاندید، ئەگەرچی دەیان هەزار کەسیش هەن پشتگیری لێدەکەن.

“باشترین” دیموکراسی

جاران کریملن رێگەی دەدا کەسێتییە لیبراڵەکان بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و کاندید بن، چونکە پێشوەختە خۆیان دەیانزانی چۆن ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بدەن، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، لیبراڵەکانیش دەڵێن ئەوەی روودەدات سەرکوتکاری و پرۆسەیەکی تۆتالیتارییە.

پرۆسەی دەنگدان لە چوار ناوچەی ئۆکرایندا بەڕێوە دەچێت، کە ساڵی 2022 مۆسکۆ رایگەیاندبوو ئەوانە بەشێکن لە خاکی روسیا، لەگەڵ نیمچەدوورگەی کریمیاشدا، کە لە ساڵی 2014ـەوە خراوەتە سەر ئەو وڵاتە.

پیترۆڤ دەڵێت، ئێستا مۆسکۆ زۆر ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە بە رۆژئاوا یان بە کۆمەڵگای روسی بڵێت هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسیی خاوێنە، چونکە ئەگەر ئاستە جەماوەرییەکەی پوتین ببێت بە بنەمای شەرعیەتی ئەو هەڵبژاردنە، ئەوا دەبێت دەستەبژێرە سیاسییەکان لەوە دڵنیا بن ئێستا ئاستی جەماوەریی ئەو لە هەموو کاتێک پتەوترە، ئەگەر وانەبووایە، ئەوا جێنشینێکی بۆ ئامادە دەکرا، بۆیە ئەمە پەیامی کریملنە بۆ نەیاران و گرووپەکانی وەک ڤاگنەر، کە “هێشتا سەرۆک لە حوکمدا ماوە”.

بەڵام هێشتا کەسانی ئۆپۆزسیۆن هەن و زۆربەشیان لە تاراوگە دەژین، یاخود لە زینداندان، ئەوانە حەزدەکەن ئەم هەوڵەی کریملن پەکبخەن، بۆیە داوایان لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کردووە رۆژەکانی دەنگدان لە ریزی دەنگدەراندا بوەستن، بچنە سەر سندووقەکان و گۆڕانکاری بکەن.

یولیا ناڤالنایا، ژنی ئەلێکسی ناڤاڵنی دەڵێت، چوونی خەڵکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەنگدان پوتینی ترساندووە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button