زریان و بارانێکی بەهێز باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکای گرتووەتەوە

 

زووم:
چەند رۆژێکە زریان و بارانێکی بەهێز باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکای گرتووەتەوە.

وێرانکاری باران و لافاوەکە زۆرن، لەوەش خراپتر گیانلەدەستدانی سێ کەسە بەهۆی زریانەکەوە.

هۆکاری زریانەکە بایەکی بەهێزە کە لە دەریاوە رووی لە ویلایەتەکە کردووە و و لافاو و قوڕاوێکی زۆری بۆ ناوچەکە لەگەڵ خۆیدا هێناوە.

بەهۆی زریان و بارانەکەوە، مەترسیی لەسەر ژیانی 16 ملیۆن کەس لە ویلایەتەکە هەیە و باری نائاسایی راگەیەندراوە و هەزاران گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراونەتەوە.

بەهێزی شەپۆلەکە 200 هەزار کەسی بێ کارەبا کردووە، شەپۆلەکانی دەریا هێندە بەهێزبوون، کە بەشێک لە رێگە خێراکانی ئەو ویلایەتەی تێکداوە و بەهۆیەوە هاتووچۆ پیایاندا قەدەغەکراوە.

لە شاری لۆس ئەنجلس، کە یەکێکە لە شارە بەناوبانگەکانی ئەو ویلایەتە، لە 120 شوێنی جیاوازدا زەوی داڕماوە و زیانی بە شوێنەکانی نیشتەجێبوون گەیاندووە. گیانلەدەستدانی سێ کەسەکەش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درەخت بووە بەسەریاندا.

لە هەندێک ناوچە لافاو چووتە نێو ماڵەکانەوە و ئاستەنگی هاتووچۆی درووستکردووە، لە نزیک شاری سان فرانسیسکۆش بەشێک لە قوتابخانەکان داخراون.

بەگوێرەی داتاکانی کەشناسی ویلایەتەکە، لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا زیاتر لە 38 سانتیمەتر باران باریوە، ئەمەش بە ئاستێکی مێژووی ناودەبرێت.

تۆد گلۆریا، پارێزگاری شاری سان دیێگۆو، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی گوتووە، هەرگیز بەوە رانەهاتوون بارانی ئاوە بەخووڕ لە ناوچەکەیاندا ببینن. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە تا دوو رۆژی داهاتوو بەردەوام بێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button