توێژینەوەیەکی زانستی پەیوەندیی زەهایمەر و هەوکردنی ریخۆڵە ئاشکرا دەکات

تووشبووانی زەهایمەر رێژەیەکی بەرزی هەوکردنی ریخۆڵەیان هەیە

زووم:

تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵان ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە (زەهایمەر) لە رێگەی میکرۆبەکانی ریخۆڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مشکەکان، ئەوەش جەخت لە بوونی پەیوەندیی نێوان کۆئەندامی هەرس و تەندروستیی مێشک دەکاتەوە.

توێژینەوەکە پاڵپشتیی لەو بیردۆزە دەکات، کە دەڵێت، دەکرێت هەوکردن ئامرازێک بێت بۆ دروستکردنی کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی مێشک، هەروەک ئەوەی باربێرا بەندەلین زانای دەروونناس لە زانکۆی ویسکۆنسنی ئەمریکی دەڵیت، “لەنێو ئەو کەسانەی تووشی لەبیرچوونەوە بوون، رێژەیەکی بەرزی هەوکردنی ریخۆڵەیان هەبووە”.

پسپۆڕێکی دیکەی نەخۆشییەکان لە زانکۆی ویسکۆنسن لە تویژینەوەکەدا بەشدار بووە، نموونەی پیساییان لە کەسی تووشبوو بە زەهایمەر وەرگرتووە و دەرکەوتووە ئاستی ئاماژەکانی لەبیرچوونەوە و لاوازبوونی یادگە، لەگەڵ ئاستی هەوکردندا بەرزدەبێتەوە، تەنانەت ئەو بەشداربووانەی تووشی زەهایمەر نەبوون، بەڵام هەوکردنی ریخۆڵەیان هەبووە، توانای یادگەیان لاوازتر بووە لە کەسانی ئاسایی.

توێژینەوەکانی پێشتر دەریانخستووە، ماددە کیمیاییە بەکتریاییەکانی ریخۆڵە دەتوانن ئاماژەکانی هەورکردن لە مێشکدا هان بدەن، هەروەها هەوکردنی ریخۆڵە لە تووشبووانی زەهایمەر بەراورد بە کەسانی دیکە، زیاترە.

بۆیە توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە پێیانوایە گۆڕانکاری لە ئاستی کەڕوو و بەکتریا و ڤایرۆس، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ریخۆڵەکان و هەوکردنێکی سووک، بەڵام درێژخایەن و کاریگەریی لەسەر جەستە دەبێت، بە ئاستی لەبیرچوونیشەوە.

لە ئێستادا توێژەران تاقیکردنەوە لەسەر مشکی تاقیگە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا گۆڕانکاری لە خۆراک و ئەگەری زیادبوونی هەوکردن، دەبێتەهۆی دروستبوونی نەوەیەکی تووشبووی زەهایمەر لە مشکدا؟

سەرەڕای دەیان ساڵ لێکۆڵینەوە، بەڵام هێشتا چارەسەرێکی کاریگەر بۆ ملیۆنان تووشبووی زەهایمەر لە سەرانسەری جیهاندا نییە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button