20 هەزار سەربازی سوپای ئیسرائیل چوونەتە غەزە

 

زووم:
هەرچەندە سوپای ئیسرائیل دەیەوێت پلانی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی لە غەزە بە نهێنی بمێنێتەوە، بەڵام لەچەند کاتژمێری رابردوو بەشێک لەستراتیژییەکەی ڕوونبووەتەوە.

دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی بۆ “ئیكسیۆس” ئاشکرایانکردووە، دوو فیرقەی زرێپۆش و پیادە، کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٠ هەزار سەربازی ئیسرائیلە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕۆژی هەینییەوە چوونەتە کەرتی غەزەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، سوپاکەش لەسەرچاوە هەواڵگرییەکانییەوە سوود وەردەگرێت بۆ پێشڕەوی و گەیشتن بە شوێنی بارمتەکان، کە ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکەیە.

کاربەدەستانی ئیسرائیل دانیان بەوەدا نا، کە شەڕی “لەناوبردنی” حەماس “درێژخایەن و قورس” دەبێت و بێ گومان دەبێتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئیسرائیلی و خەڵکی مەدەنی فەلەستینیش.

زۆرجار شەڕی شارەکان قورسە و پێشبینی دەکرێت زیانی زۆری هەبێت، بە تایبەتی لە غەزە بەهۆی بوونی تۆڕێملا تونێلی بەرفراوانی چەکدارانی فەڵەستینی.

لەلایەکی تر ئیسرائیل لەژێر فشاری زیاتردایە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی، کە ڕووبەڕووی بۆردومانی توندی سەربازی ئیسرائیل و خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی بوونەتەوە.

هەروەها ئەگەری فراوانکردنی شەڕەکە بۆ بەرەیەکی تری گەورە هەیە، بەتایبەتی بەدرێژایی سنووری ئیسرائیل و لوبنان ئەگەر حزبوڵڵای لوبنان، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت بەتەواوی بەشداری شەڕەکە بکات.

یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل دەیەوێت “سیستەمێکی ئەمنی نوێ لە کەرتی غەزە” دابمەزرێنێت، بەڵام ئیسرائیل بە وردی باسی لەوە نەکردووە، کە بە تەواوی مەبەستی چییە؟ بەوەی کێ حوکمڕانی ناوچەکە دەکات ئەگەر ئیسرائیل سەرکەوتوو بێت لە لەناوبردنی حەماس.

هەواڵی زیاتر

Back to top button