دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە

زووم، ئاژانسەکان:

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی پاکستان، رۆژی سێشەممە لە دادگای باڵای ئیسلام ئاباد عمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستانی دەستگیرکرد و بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی خان و پۆلیسدا سەریهەڵدا و خۆپیشاندەرێک کوژرا و 12ی دیکەش برینداربوون.

دەستگیرکردنی عمران خان، رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە سوپای وڵاتەکە ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە خان بانگەشەی بۆ دەکردن. خان چەندینجار ئەفسەرێکی باڵای سەربازیی تۆمەتبار کردبوو بە هەوڵی پلان بۆداڕێژراو بۆ تیرۆرکردنی و دوورخستنەوەی لە دەسەڵات لە ساڵی رابردوودا.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت دەیان پۆلیس خان دەستگیردەکەن و دەیخە پاسکێکی بچوکەوە.

دەستگیرکردنی خان لە کاتێکدایە کە چەندین تۆمەتی گەندەڵی روبەڕوو کراوەتەوە و خۆی تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە. بەگوتەی خان، تۆمەتەکان و دەستگیرکردنی هەوڵی سیاسین بۆ دورخستنەوە و رێگریکردنە لە بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە چەند کاتژمێرێک پێش دەستگیرکردنی لە تویتەری خۆی بڵاوی کردۆتەوە، خان دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بۆ دوو مەبەست دەیانەوێت دەستگیرم بکەن: یەکەم، بۆ ئەوەی رێگرییم لێ بکەن بەشداریی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەم. دووەمیش، بۆ ئەوەیە رێگرییم لێبکەن کە خەڵکی هانبدەم بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ بەرگرییکردن لە دەستوری وڵاتەکەم. ئەگەر حکومەتی ئێستای وڵات و دارودەستەکەی پابەند نەبن پێی و پێشێلی بکەن لەکاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا.

لایەنگرانی خان رژاونەتە سەر شەقامەکان

بەهۆی دەستگیرکرنییەوە، لایەنگرانی خان رژاونەتە سەر شەقامەکانی وڵاتەکە و لە سێ پارێزگای ئەو وڵاتەدا باری لەناکاو راگەیەندراوە، چونکە خۆپیشاندەران لە چەندین شوێندا روبەڕوی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بوونەوە، بەشێوەیەک لە هەندێک ناوچە رێگە سەرەکییەکان گیراون و خۆپیشاندەران چوونەتە نێو بینای هێزە ئەمنییەکانەوە.
خانی 70 ساڵ، دوای ئەوەی لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو لە هەڵبژاردنەکاندا متمانەی دەنگی زۆرینەی هاوڵاتییانی بەدەست نەهێنا، لە دەسەڵات هێنرایە خوارەوە، بەڵام خۆی ئەنجامی هەڵبژارندەکان رەتدەکاتەوە و لەو کاتەوە لە دژی حکومەتی نوێ وەستاوەتەوە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو خان کە لەنێو ئاپۆرای پشتیوانەکانیدا داوای دووبارە هەڵبژاردنی بەپەلەی دەکرد، روبەڕوی هێرشێکی چەکداریی بووەوە و برینداربوو.
حکومەتی نوێی وڵاتەکەش بەتۆمەتی گەندەڵی خان تۆماتبار دەکات و چەند جاریک هەوڵی دەستگیرکردنی دراوە، بەڵام بەهۆی فشاری لایانگرانییەوە حکومەت نەیدەتوانی دەستگیری بکات.
گرژییەکانی پاکستان لە کاتێکدان کە وڵاتەکە دەیان ساڵە بەدەست قەیرانی ئابوریی و هەڵاوسانەوە دەناڵێنێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button