ئیسرائیل فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى حەلەب دەکاتە ئامانج

زووم، ئاژانسەکان

ئاژانسی هەواڵى سوریا رایگەیاند، ئیسرائیل جارێکى دیکە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى حەلەبی بۆرودمانکردووە. بەگوێرەى گێڕانەوەى سەرچاوەیەکى سەربازى بۆ ئاژانسەکە، هێرشەکەى بەرەبەیانى ئەمڕۆ، کاتژمێر 3:55 خولەک بووە، لە رێگەى موشەکەوە کراوەتەسەر فڕۆکەخانەکە و زیانى مادى پێگەیاندووە.

ئاژانسەکە باسی ژمارەى موشەکەکانى نەکردووە، بەڵام بەگوێرەى هەواڵى میدیا عەرەبییەکان، شەش موشەک ئاراستەى فڕۆکەخانەکە کراوە.

بە هێرشەکەى ئەم بەیانییەوە ئەمە سێیەم هێرشى ئیسرائیلە لەسەرەتاى مانگى ئازارەوە کە کردوویەتییە سەر سوریا.

دوو هەفتە پێش ئێستا هێرشى کردە سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى حەلەب، ئەوکات ئاژانسی هەواڵى سوریا بڵاویکردەوە، هێرشەکە تەنها زیانی مادى هەبووە و بۆماوەیەک خزمەتگوزارییەکانى فڕۆکەخانەکەى راگرتووە، بەڵام سەرچاوەکانى هەواڵ باسیان لە بوونى کوژرا و بریندار کرد.

هەر لەو مانگەدا ئیسرائیل گوندەکانى تارتوس و حەمای بۆردومان کرد.

لە رۆژى 19ی شوباتیشدا، بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکێکی نیشتەجێبوون لە ناوەڕاستی دیمەشق، 15 کەسی کوشت، ئەوەش بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى ئەوکات روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندبوو.

ئیسرائیل زیاتر لە 10 ساڵە بۆردومانى سوریا دەکات، بیانوى هێرشەکانى مەترسی باڵادەستى ئێران و بوونێتى لە سوریا. پێیوایە مەترسی بۆ سەرى، بەتایبەتى لەناوچەکانى باشورى سوریا.

ئیسرائیل لەبارەى بۆردومانەکانى سوریا، سیاسەتى بێدەنگى پەیڕەو دەکات، نە هێرشەکان پێشتڕاست دەکاتەوە و نە رەتیدەکاتەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button