سەرتاشین و “ئایدۆلۆژیاى خۆماڵى”

وەلید عومەر

ڕووداوەکانى ئەم سەردەمە بۆ خەڵکى ئێمە، زوو دێن و زووش دەڕۆن؛ بەڵام ئاخۆ شوێنەوارە ئایدۆلۆژییەکەى لەکوێدا جێدەمێنێت؟ هەموو کۆمەڵگاکانى دونیا هەڵگرى ئایدۆلۆژیاى جۆراوجۆرن، چونکە خاوەنى دەسەڵاتن؛ دەسەڵات لە هەرکوێ بوو، ئایدۆلۆژیایەکى تایبەتیش لەوێ هەیە. ئایدۆلۆژیاى لاى ئێمە، هەڵگرى کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە بڕێکى لە هەناوى کۆمەڵگاکە خۆیەوە دێتەدەرێ و بڕێکیشى وەک هەر ئایدۆلۆژیایەکى ترى دونیا گشتى و بەربڵاوە. ئایدۆلۆژیاکان، هەندێک لە خۆراک و هەژموونى خۆیان لە کەلتورەکەى خۆیانەوە وەردەگرن. جار هەیە سود لە دیاردەیەکى پێشکەوتووانە وەردەگرن و دەیقۆزنەوە، جاریش هەیە لەلاوە و بەشێوەیەکى هێجگار شاراوە سود لە دیاردەیەکى کۆنەپەرستانە وەردەگرن. بەم پێیە، هەر دەسەڵاتێکى ئایدۆلۆژى، بەبێلایەنى بەتەنیشت ڕووداوەکاندا تێناپەڕێت، دەسەڵات شتێکە لە کۆى دیاردەکانى ژیان بە باش و خراپەوە هەڵژەنراوە. ئەم ڕووداوانەى سەروسمێڵ‌تاشین لە ئایدۆلۆژیاى حیزبى‌دا، دەتوانن باسەکەمان بۆ ڕوونتر و وردتر بکەنەوە.

ئەم ڕووداوانەى سەروسمێڵ‌تاشین لە ئایدۆلۆژیاى حیزبى‌دا، دەتوانن باسەکەمان بۆ ڕوونتر و وردتر بکەنەوە

کۆمەڵگا، خاوەنى چاوێکە لە هەموو جێیەک، لە شوێنە گشتییەکان و شوێنە تایبەتەکانیش ئەم چاوە ئیشدەکات، هەتا کەسێک کە لە ژوورێکى تەواو چۆڵدایە ئەم نیگایەى لەخۆیدا ناونشین کردووەتەوە. تاکەکەس، لە پەیوەندییدا بەم نیگایەوە دەبێتە تاکەکەس. نیگاکە، کاریگەریى خۆى لەسەر خەڵک و دەسەڵاتە ئایدۆلۆژییەکانیش جێدەهێڵێت. ئەم نیگایە هەمیشە دەمێنێتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە قۆناغە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان، کەمێک شوێنى ڕوانینەکە و بڕى ڕوانینەکە و خێرایی ڕوانینەکە دەگۆڕن. ئەمڕۆ کە فەزاى مەجازى (سۆشیاڵ میدیا) بەشێکى گەورە لە واقیعى کۆمەڵایەتى پێکدەهێنێت، هێشتاش ڕووداوەکان یان با بڵێین ڕووداوە تاوانکارییەکان پێشوەختە لەژێر نیگاکەدا ڕوودەدەن. بۆ نمونە، ئەو کەسانەى لە ماڵ دەچنەدەر بۆ تاوانێک یان تۆڵەیەک، پێشوەخت لەژێر ڕووماڵى نیگاکەدا کردەوەکە ئەنجامدەدەن؛ هەتا گەر بێتو ڕووداوەکەش هەرگیز وەک خۆى ئاشکرا نەبێت، ئەوا تاوانەکە بۆ نیگا گریمانکراوەکە تۆماربووە و لە بکەرەکانیشدا دەزگایی‌بووەتەوە.

ئەوانەى لە ماڵ دەردەچن، سووکایەتى بە کەسێک بکەن و سەروبرۆى بتاشن، پێشوەخت کردارەکە بۆ ئەویتر و نیگاکەى ئەنجامدەدەن

ئەوانەى لە ماڵ دەردەچن، سووکایەتى بە کەسێک بکەن و سەروبرۆى بتاشن، پێشوەخت کردارەکە بۆ ئەویتر و نیگاکەى ئەنجامدەدەن. ڕووداوەکە، نهێنى دەمێنێتەوە یان نا، هیچ کاریگەرییەکى لەسەر ئەم ڕاستییە نەستەکییە قووڵە نیە. لە کەلتورى کۆنى ئێمەدا، سزاى کۆمەڵایەتیی کەسێک ئەوە بوو سەرى بتاشرێت و سەر گوێدرێژێک بخرێت و خۆڵ و دۆى بەسەردا بکرێت، کابرا بە کووچە و کۆڵاناندا دەگەڕێنرا. بەردەنگ و بینەرە واقیعییەکان، ئەو خەڵکانەى گوندێک یان زیاتر بوون کە دەهاتنە بینینى سزاکە. بەڵام ئەودەم و ئێستاش، بینەرە ڕاستەقینەکە نیگایەکى ڕیشەییترە کە نیگاى گریمانەیی کۆمەڵگایە، نیگاى ئەویترى گەورە، نیگاى خۆمان کاتێک مەرج نیە هەموومان لە کاتوساتى سزاکەدا ئامادەبین. ئەمڕۆ، دانیشتووانى گوندەکە گۆڕاون بۆ نیشتەجێیانى ناو سۆشیاڵ‌میدیا، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا، نیگاکە، بەپێى چەمکە هزرییەکان، نیگایەکى “پێش‌ئەزموونی”یە، ئەوە دواترە نیگا کۆمەڵایەتییە واقیعییەکە دەستدەکات بە ئەزموونکردنى نیگاکە. بەکورتییەکەى، دوو پرسیار لەم ڕووداوانەوە دێتەگۆڕێ: یەکەم، دیاردەى سەرتاشین کە دیاردەیەکى کۆنەپەرستانەیە، و بەراورد بە جاران کەمیش ڕوودەدات، هەروا حاڵەتى ڕاگوزەرن و هیچى تر؟ دووەم، ئاخۆ دیاردەکە کە لە کەلتورى جارانەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو کۆپەیوەندییە سیاسى و ئایدۆلۆژییەکانى “شار”، چ شتێکى لەدەستداوە و چییشى چووەتە سەر؟

دیاردەى سەرتاشین کە دیاردەیەکى کۆنەپەرستانەیە، و بەراورد بە جاران کەمیش ڕوودەدات، هەروا حاڵەتى ڕاگوزەرن و هیچى تر؟

لە وەڵامى یەکەمدا دەتوانین بڵێین، ئەم حاڵەتانە هەروا سادە و ڕاگوزەر نین، چونکە ڕووداوەکە بەخێرایی بە کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە (با بەخێراییش تێپەڕێت)، نیگاکان دەرگیرى خۆى دەکات، دوور نیە جۆرێک نوێکردنەوە و بەرهەمهێنانەوە و هاندانى شاراوەش درووستبکات. دووەمیشیان، دیاردەکە بەو بێگەردییەى جارانەوە تەنیا مانایەکى کەلتورى و کۆمەڵایەتیی نیە، بەڵکو ڕەهەندێکى سیاسى و ئایدۆلۆژییشى هەیە. دەشێت قووڵاییە کۆمەڵایەتییەکەى جارانى دۆڕاندبێت، ئەوەى کە بەتەواوى خێڵەکییانە و پاشڤەڕۆ بووە، بەڵام ڕەهەندێکیشى بەدەستهێناوە کە دەچێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ پرسەکانى وەک هەژموون، سەرمایەگوزاریی سیاسى، بیربردنەوەى ئایدۆلۆژى، پەیوەندیی یاسا و سیاسەت و هتد. بۆیە کاتێک ئەمە ڕوودەدات کە ناچارین لە مێژووى سەرتاشینەوە، بپەڕینەوە بۆ جوگرافیاى سەرتاشینیش: جوگرافیا بەو مانایە نا کە لە دەڤەرێک هەبێت و بەس، بەڵکو بەو مانایەى کە دیاردەکە شوێنى خۆى لە مێژووى کەلتورەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو دەڤەرى سیاسەت و حیزبایەتی و ئابوری و میدیاش. گەر میدیا وەربگرین، سەیردەکەین بەشێک لە میدیا حیزبییەکان بەناوى “بێلایەنى”ـەوە ڕوداوە قێزەونەکان دەگوازنەوە، وەک ئەوەى پەیوەندییەکى ئەوتۆى بە خۆیان و ئەو حیزبانەشەوە نەبێت کە نوێنەرایەتیی دەکەن (دەتوانین ئەمە بە شێوەیەکى پارادۆکسانە ناوبنێین “بێلایەنیی ئایدۆلۆژییانە”). بێلایەنییەک، کە پێشوەخت بێلایەنییەکەى چووەتە خزمەتى ئایدۆلۆژیایەکى حیزبییەوە.

بەشێک لە میدیا حیزبییەکان بەناوى “بێلایەنى”ـەوە ڕوداوە قێزەونەکان دەگوازنەوە، وەک ئەوەى پەیوەندییەکى ئەوتۆى بە خۆیان و ئەو حیزبانەشەوە نەبێت کە نوێنەرایەتیی دەکەن (دەتوانین ئەمە بە شێوەیەکى پارادۆکسانە ناوبنێین “بێلایەنیی ئایدۆلۆژییانە”). بێلایەنییەک، کە پێشوەخت بێلایەنییەکەى چووەتە خزمەتى ئایدۆلۆژیایەکى حیزبییەوە

ئەم ڕووداوانە بەردەوام دەبن، بۆیە لە هەریەکەیاندا لانیکەم “گۆشە”یەکى ڕوانین هەیە کە لایەنێکى کۆمەڵایەتى یان سیاسى لێوەى دەڕوانێت و تەفسیرى تاڕادەیەک شاراوەى خۆى بۆ ڕووداوەکە دەخاتەڕوو:

گۆشەى خەڵک: لەم گۆشەیەوە، کاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات، هەر تاکێکى ناو خەڵک گریمانەیەک دەخاتەڕوو لە شێوەى «گەر ئەوە من بم». لەم گۆشەیەدا، هەرکەسێک خۆى دەخاتە جێى قوربانییەکە. گۆشەکە پێشوەخت، گۆشەی کاردانەوەیە، چونکە خەڵک دەسەڵات وەک قەرزێک دەبینن کە لاى کەسانێکە و بە شێوەى زگماک هى ئەوان نیە. لەگەڵ ڕووداوەکاندا، ئەم قەرزە بیردێتەوە. دیارە هۆشیاریی سیاسى، ڕۆڵى لەوەدا هەیە کاردانەوەکان چۆن و چەند دەبن، بەڵام قەرزەکە سادەترین ئاستى هۆشیاریی سیاسییە کە دەتوانێت کەسێک بخاتە کاردانەوەى ڕەخنەیی و زۆرجار توندوتیژانەشەوە. بەڵام ئەم گۆشەیە هەموو ساتێک گۆشەیەکى ڕەخنەیی و کارا نیە، دەشێت لەوپەڕى کاردانەوەشدا، عەوام داکۆکییەکى شاراوە لە ڕووداوەکە بکەن، لانیکەم لە مۆدێلى سزاکە. گۆشەى خەڵک و وشەى خەڵک خۆى، لە وشەى عەوام ئاڵۆزترە. گۆشەیەکە دەشێت چەند کەسێکى کەمى تیا نیشتەجێ بن و ڕۆڵى خەلک (people)یش بگێڕن.

خەڵک دەسەڵات وەک قەرزێک دەبینن کە لاى کەسانێکە و بە شێوەى زگماک هى ئەوان نیە

گۆشەى دەسەڵات: گریمانەى دەسەڵات شتێکى لەم جۆرەیە: «گەر ئەوە من نەبم». واتە دەسەڵات پێشوەخت ناچارە بیر لەوە بکاتەوە چەندە دەستى ئەوى تێدایە (وشەى دەسەڵات خۆى ئاماژەیە بۆ ئەم دەستە چنراو و چێنراوەى کە هیچ ڕووداوێک نیە پەیوەندیی بەوەوە نەبێت). لەم گۆشەیەوە، دەسەڵات بەشى خۆى سەرمایەگوزارى دەکات. بۆ نمونە، لەم ڕووداوەى هەولێردا، دەسەڵاتداران بەشێوەیەکى هێجگار شاراوە و ناڕاستەوخۆ، بەشى خۆیان لە ڕووداوەکە دەپچڕن بۆ ئەوەى هەژموونى حیزبیی خۆیان نوێ بکەنەوە. چاوترسێنکردنەکە، دەستى ڕاستەوخۆى ئەوانى تیا بێت یان نا، سود لەو خاڵە وەردەگرن کە «بەڵێ ئەمەش دەتوانێت ڕووبدات. من بە یەک دەستێوەردانى ڕاستەوخۆ دەتوانم هەموو حاڵەکاتێکى وا بخەمە سەر باڵانسى هەژموونى خۆم و نەیارەکانیشم لەلاوە بترسێنم».

بۆ نمونە، لەم ڕووداوەى هەولێردا، دەسەڵاتداران بەشێوەیەکى هێجگار شاراوە و ناڕاستەوخۆ، بەشى خۆیان لە ڕووداوەکە دەپچڕن بۆ ئەوەى هەژموونى حیزبیی خۆیان نوێ بکەنەوە

گۆشەى قوربانییەکە: ئەوەى قوربانییەکە ئەزموونیدەکات، خۆى نابێت گریمانە بێت چونکە بەناو ئەزموونەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام مادام ڕووداوەکە پەیوەندیی بە کۆپەیوەندییەکانى ترەوە هەیە و تەواو “شەخسى” نیە، ئەوا دیسان ڕەهەندێکى گریمانەیی هەیە و گۆشەکە شتێکى لەم جۆرەیە: «گەر ئەوە منم، بەڵام کام من؟». لەم گۆشەیەدا، شۆک و تراومایەک بەسەر ژیانى کەسیی ئەودا دێت، بەڵام هەرزووش ڕووداوەکە لەلایەن زۆرینەوە خاوەندارێتى دەکرێت و دەرەکى‌دەبێتەوە: لەم ڕووەداوەى ڕوویدا، سەرەتا یاسا و دواییش خەڵک بوونە خاوەنى پرسەکە. هەر تاکێک بۆ ئەوەى ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگا، پێویستى بەوە هەبووە لە خۆى نامۆ ببێت، بەشێک لە ڕووداوەکانى ژیانى ببنە ڕووداوى کۆمەڵایەتییش. پێموایە، پرسیار لە “منێتى” لەم حاڵەتانەدا، بۆ کۆمەڵگاى ئێمە، پرسیارێکە لە نیگەرانییەوە دێت: ئەوەى تووشى کێشە بووە، شەخسى و عەشائیرییە یان یاسایی و ناشەخسى؟ چونکە یەکەم کاردانەوە لەم کۆمەڵگایانەدا، بەر لەوەى یاسامان بیرکەوێتەوە، تۆڵەیەکى ڕووبەڕووى شەخسییە کە لەناوبردنى کەسەکە ئاسانتر وێنادەکرێت لەوەى دادگا بکرێتە نێوانگر. هەر لە کۆنەوە، کورد لەبەردەم یاساکانى سرووشتدا ترسى لەناوچوونى هەبووە، بۆیە یاسا کەمتر ناونشین بووەتەوە. تۆڵەى گیانى و خوێن‌بەخوێن، گیرخواردنە لەناو یاسا سرووشتییە سەرەتاییەکاندا کە دەبێت نەمان/نەبوون لەڕێى نەمان/نەبوونەوە قەرەبووبکاتەوە. یاسا خۆى جۆرێکە لە قەرەبووکردنەوە[1].

یەکەم کاردانەوە لەم کۆمەڵگایانەدا، بەر لەوەى یاسامان بیرکەوێتەوە، تۆڵەیەکى ڕووبەڕووى شەخسییە کە لەناوبردنى کەسەکە ئاسانتر وێنادەکرێت لەوەى دادگا بکرێتە نێوانگر

هەریەک لەم گۆشانە، قسەى زۆریان دەوێت، بەڵام خۆى وەک بونیادێک هەمیشە دووبارەدەبێتەوە. دەرچوون لە گۆشەکان، بەزۆری، کۆمیدیا، و هەندێجاریش تراژیدیاى لێ دەکەوێتەوە (لە چەشنى نابەرپرسیارێتى، فریو و چەواشەکارى، شەخسیکردنەوەى شتێک کە تەواو شەخسى نیە و هتد). ڕووى کۆمیدیاى ئەم گۆشانە، لەم ڕووداوەى سەرتاشینەکەدا، ئەو گۆشە بەتاڵ و پووچەڵە بوو کە دەیویست “بێلایەن” بێت و هاوکات بشچێتە خزمەتى لایەنگریی ئایدۆلۆژیاى حیزبییەوە، بەڵام هەر زوو بە کۆمیدیا شکایەوە: فلان کادرى حیزب دەڵێت سەرتاشین لە هەموو جیهاندا هەیە، سڕینەوەى دیوە تەواو ئایدۆلۆژییەکەى ئەم ڕووداوەیە کە لە هەناوى قسەکەدا وەک تاوانێک پشتڕاستکراوەتەوە- ئەمە جیا لەوەى کە “گشت” لەجێى “بەش” وەرگیراوە، سوکایەتیی سەرتاشین وەک جۆرێکى بەشەکى و تایبەت خراوەتە جێى دەیان جۆرى ترى سەرتاشین کە ئەو مانا تایبەتەى سوکایەتییان تیا نیە و بەشێکن لە چالاکیی نۆرماڵى مرۆڤەکان (ڕووى دیارى کۆمیدیاکە ئەودەم زیاتر دەبێت کە تێدەگەین قژچاندن بازرگانییەکى گەورەیە لەمڕۆدا تا قژتاشین). هاوکات تراژیدیایەکیش هەیە: ئەو پارێزەرەى ئەشکەنجەدراوە، دەڵێت ھێشتاش “یاسا” هەیە. یاسا پێشوەخت خۆى تووشى ناکۆکى کردووە، بەڵام ئەو نکۆڵى دەکات. موو، بە سەرەوە بێت یان سمێڵ، داپۆشەرى شتێکە، داپۆشەرى شتێک کە وەک مرۆڤ نیمانە- ئیدى لە پێگەى کەسێکى بێدەسەڵاتدا بین یان دەسەڵاتدار. مرۆڤى بێدەسەڵات شتێکى ئاوا ئۆرگانى و بایۆلۆژیی هەیە بۆ شاردنەوەکە، و دەسەڵاتیش شتانێکى جێگرەوە لە چەشنى یاسا، دەزگا جۆراوجۆرەکان، گوتار، و هتد. تەنانەت دەسەڵات، خۆى جۆرێکە لە داپۆشەر کە کەسێک یان کەسانێک دەیپۆشن و ناچارن ڕۆژێک دایبکەنن و بڕۆن. لە دونیاى فیکردا دەوترێت، ئەو شێتە زۆر کێشە نیە کە خۆى لێ بووەتە پاشا، بەڵکو ئەو پاشایە کێشەیە کە وادەزانێت خۆى هەر بە زگماک پاشایە. گەر یاساش بە داپۆشەر بزانین، ئەوا داپۆشەرى تاوانێکى بنەڕەتییە لە چەشنى کوشتنى باوکێکى سەرەتایی، واتە یاساش لەوپەڕى بێکەردیی خۆیدا هەر بێگەرد و بێگوناهـ نیە. بۆیەشە لە مۆدێرنەدا یاسا تەواو قایم و سیستەماتیکە چونکە داپۆشەرى کوشتنى خودایە لە ژیانى کۆمەڵایەتیی مرۆڤى ناو مۆدێرنەدا. لەم ڕووداوە زەقانەدا، دەسەڵات، شتێکى لێ داماڵراوە، خۆیشى تووشى جۆرێک لە خەساندن یان “سەرتاشین و هەڵوەرینى ڕەمزى” هاتووە، بەڵام بریکارێکى یاسایی وەک پارێزەرەکە خۆى نکۆڵى دەکات. لێرەشەوەیە گۆشەى خەڵک دێتەدەنگ و بەزۆرى دەنوسن: «کام یاسا؟».

گەر یاساش بە داپۆشەر بزانین، ئەوا داپۆشەرى تاوانێکى بنەڕەتییە لە چەشنى کوشتنى باوکێکى سەرەتایی، واتە یاساش لەوپەڕى بێکەردیی خۆیدا هەر بێگەرد و بێگوناهـ نیە. بۆیەشە لە مۆدێرنەدا یاسا تەواو قایم و سیستەماتیکە چونکە داپۆشەرى کوشتنى خودایە لە ژیانى کۆمەڵایەتیی مرۆڤى ناو مۆدێرنەدا

سەرەنجام، سەروقژ، پەیوەندیی بە هەردوو “کۆنەپەرستی”ـی کەلتورى و سیاسییەوە هەیە. دەکرێت دیاردەیەکى کەلتورى لەڕێى ناوەندگیرێکى سیاسییەوە تۆڵەى خۆى بکاتەوە. یان دیاردەیەکى سیاسى، سزایەکى کەلتوریی ڕاکێشێت و بۆ گەمەى خۆى بەکاریبهێنێت. ئەم تێکەڵییە جاروبارە، شتێکە لە زۆر شوێنى دونیاى مۆدێرندا نمونەى نەماوە، ئەمە جۆرێكە لە “ئایدۆلۆژیاى خۆماڵى”. ئایدۆلۆژیایەک کە بەو پێیە ئەوانەى ئەمڕۆ لە هەرەمى دەسەڵاتدان، بە دەگمەن نەبێت، وشەى “کۆنەپەرستى” بە زاریاندا نایەت. وەک‌بڵێى، قەوارە سیاسى و مرۆییەکان نوقمى هەر شتێک بن، ئەوا خودئاگایان دەرهەق بەو شتە نیە و ناونانەکەشى نایەتە نێو زمانى قسەکردنیانەوە. بە مانایەکى تر، ئەو دۆخە لە گوتارى سیاسییاندا ناونەنراوە.

 

 

[1] . پیرەمێرد کاتى خۆى لەم ڕووەوە دەڵێت: یەکێ تەعریفی قانوونی پرسى /وتی: ئەیزانی ئەگەر نەترسی / وتم: من ئێستا لە دونیادا نیم /بە خواردەمەنی و زەماوەند ئەژیم /قانوون بۆ بەزم و بۆ زەماوەندە /گۆرانی لەسەر «قانوون» پەسندە / جاران ئەیانگووت «قانوون» ڕێبازە /بەو ئەندازەیە هەرگیز مەنازە / بۆ سلێمانیش قانوون نەبووە / قانوونی خوامان لا بەسەر چووە/ هەندێ بە ئەحزاب خۆیان هەڵدەنێن /نوقتەی سەرەوەی لای ڕاست دائەنێن / ئێمە کە فێری شەڕە گەڕەکین / کە بووینە ئەحزاب کێ دەڵێ یەکین.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button