ئەگەر هەدەپە داخرا چی روودەدات؟

ئەمڕۆ دادگاییە چارەنووسسازەکەی "گەورەترین حزبی کوردی" لە تورکیا دەستیپێکرد

ئەمڕۆ دادگای دەستووریی تورکیا، یەکەم دانیشتنی خۆی بەڕێوەدەبات لەبارەی دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە”، کە گەورەترین حزبە لە باکووری کوردستان و سێیەم گەورەترینیشە لەسەر ئاستی وڵاتەکە.

سەرەتای چیرۆکەکە لەوکاتەوە دەستیپێکرد، کە بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووریی تۆمارکرد بۆ داخستنی هەدەپە. ئەگەرچی سەرەتا سکاڵاکە رەتکرایەوە، بەڵام جارێکی دیکە سکاڵاکە پێشکەشکرایەوە و سەرەنجام لە هاوینی 2021دا دادگای دەستووریی تورکیا سکاڵاکەی قبوڵکرد و ئیدی ئەگەری داخستنی هەدەپە هاتە ئاراوە.

ئەو تۆمەتەی بەکر شاهین سەرۆکی داواکاریی گشتیی تورکیا ئاڕاستەی هەدەپەی کردووە، بریتییە لە پشتگیرییکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”.

پرۆسەی دادگاییەکە بە جۆرێک دەبێت، کە ئەگەر لە کۆی 15 ئەندامی لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووریی تورکیا 10 ئەندامیان بە بەڵێ دەنگ بدەن، ئەوا ئیدی هەدەپە وەکو پارتێکی سیاسی رووناکی نابینێتەوە.

ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگاییەکە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە کەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکە دەدرێت، بەڵام پێناچێت زۆر درێژەبکێشێت، بەوپێیەی دۆسیەکە پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە هەیە، کە کەمتر لە شەش مانگی ماوە.

ئەگەر هەدەپە دابخرێت، چەند سیناریۆیەک دێنە پێشەوە

دەستپێکردنی ئەم دادگاییە لەکاتێکدایە، کە هەفتەی رابردوو هەمان دادگای تورکیا بە شێوەیەکی کاتی بودجەی پارتە کوردەکەی بڕی، کە ئەمساڵ بە 28 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرا.

تورکیا بودجەی هەدەپە دەبڕێت و پارتەکەش هەڕەشەى داخستنى لەسەرە

ئەگەر هەدەپە روبەڕوی داخستن ببێتەوە نابێتە یەکەمین پارتی قەدەغەکراو لە تورکیا، بەڵکو لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا شەش پارتی دیکەی کوردی داخراون

پارتی رەنجی گەل لە 1990 دامەزرا و لە 1993 داخرا

پارتی گەلی دیموکراتی لە 1994 دامەزرا و لە 2003 داخرا

پارتی دیموکراتی گەل لە 2003 دامەزرا و لە 2005 داخرا

پارتی ئازادیی کۆمەڵگە لە 2003 دامەزرا و لە 2007 داخرا

پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی لە 2005 دامەزرا و لە 2009 داخرا

پارتی ئاشتی و دیموکراتی لە 2008 دامەزرا و لە 2014 داخرا

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button