“چاتە نوێیەکە”، زانست و گەمە

وەلید عومەر

چەند هەفتەى پێشوو، بینەرى یەکێک لەو دیاردە تەکنۆلۆژییانە بووین کە بە چاتى “جى. پى. تى” ناسراوە. چاتەکە، مۆدێلێکى زمانەوانیی سەر بە هۆشى دەستکردە و لەلایەن openAIـى ئەمریکییەوە دیزاینکراوە. لەڕووى تەکنۆلۆژییەوە، پرۆژەکە تەواو سەرپێنەکەوتووە، بەڵام ئێمە پێشوەخت لە سینەمادا ئاسۆى ئەم جۆرە پرۆژانەمان بینیوە (وێڕاى ئەوەى نوسخە ساکارەکانیشى هەر هەبووە). لەم ستوونەدا، کەمێک لەسەر ڕەهەندە مرۆییەکانى ئەم پرۆژانە دەوەستین کە بێگومان لە زۆر ڕووەوە، کۆتا پرۆژە نابن.

دەشێت یەکەم پرسیار یەخەى مرۆڤ بگرێت، ئاخۆ لەگەڵ گەشەى هۆشى دەستکرد (artificial intelligence)دا هەست بە دەستەپاچەیی دەکەین یان سەرکەوتن؟ چونکە وەڵامەکە هەرکامیان بێت، پارادۆکسێک هەر دەمێنێتەوە. پارادۆکسى ئەوەى کە ئەگەر هەست بە دەستەپاچەیی بکەین، خۆ پرۆژەکە دەستى مرۆڤى تیایە و دەبێت بە بەرهەمى ئەو هەژماربکرێت. ئەگەر هەست بە سەرکەوتنیش بکرێت، دەکرێت بگوترێت مرۆڤ شتانێک دادەهێنێت کە ویست و ئازادى و ئەفراندنى ڕاستەوخۆى خۆى تیا کەم دەبێتەوە، و دەشبێتە مەترسى بۆ سەر خۆى. پێدەچێت هەرکام لەو وەڵامانە، سەربکێشێت بۆ گفتوگۆیەکى نەبڕاوە دەربارەى زۆر شتى تر. بۆ نمونە، دەتوانین هەر وەڵامێکیان ببەستین بە پرسى ئامراز و ئامانجەوە: داهێنراوەکانى تەکنۆلۆژیا (و هۆشى دەستکرد)، بۆ ئێمە ئامرازن یان ئامانج؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئامراز نین، لە ئامرازێک ئاڵۆزترن، هەتا گەر بێتو وەک ئامرازێک لێیان بڕوانین. لەبەر ئەوە ئامراز نین کە ئامانجێکى جێگیر و دیاریکراویان نیە لەوسەر پێى بگەن. زانست بە هەرچى بگات، هێشتا کۆتائامانج نیە، هێشتا شتێک دەمێنێتەوە کە «زۆرتر دەڕوات». بە مانایەکى تر، ئەم ئامرازانە دەستکاریی ئەو شتە دەکەن کە پێمان وابووە “ئامانج”ن. بۆ نمونە، هەمیشە پاش داهێنراوێکى زانستى، هەستدەکەین بەشێک لە ئامانجەکە گۆڕانى بەسەردا هاتووە و تەنانەت تووشى جۆرێک لە مەسخ و “بەدگۆڕان”يش دێت- هاتنى دیاردەى چاتکردن لە ژیانى مرۆڤەکاندا سەرەتا بە ئامانجى تێگەیشتن و گفتوگۆ بوو، بەڵام ئەوەى ئێستا ماوەتەوە لەبارچوونى ناوەڕۆکە دەوڵەمەندەکەى گفتوگۆیە. بەکورتییەکەى، ئامرازەکان دەستکاریی ئامانجەکان دەکەن، سادەیان دەکەنەوە، دەیانپڕتووکێنن، و تەنانەت زۆرجار وێنە ڕەسەن و ڕاستەقینەکەشیان دەگۆڕن.

هاتنى دیاردەى چاتکردن لە ژیانى مرۆڤەکاندا سەرەتا بە ئامانجى تێگەیشتن و گفتوگۆ بوو، بەڵام ئەوەى ئێستا ماوەتەوە لەبارچوونى ناوەڕۆکە دەوڵەمەندەکەى گفتوگۆیە

مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى قسەکەر، لە مێژووى دێرینەى خۆیدا تا ئێستا، بەدواى هاوبەشێکەوە بووە لێى‌تێبگات. لەو نیاز و مەبەستانەى تێبگات کە لەڕێى زمانەوە دەریدەبڕێت. بەڵام هەمیشە بەر شکستێک کەوتووە و ناچاربووە بڵێت «کەس لێم تێناگات، یان کەم کەس تێمدەگات و هتد». دەمێک لەگەڵ خوداکاندا قسەیکردووە و ئەم هەڵە و کورتهێنانەى تێگەیشتنى بەو بارەدا شکاندووەتەوە کە یەکیان لەویتریان باڵاترە و لانیکەم ئەویترى ئیلاهى لەم تێدەگات. یان ڕاگرتنى ئاژەڵە ماڵییەکان لەو پێناوەدا بووە هاوبەشێکى بێدەنگى هەبێت و گەر بە ئاماژەش بووبێت شتێک لە یەکتر هەر تێدەگەن. ڕۆبۆتەکان و چاتبۆتەکان، فۆرمێکى نوێى ئەو هاوبەشەن کە مرۆڤ دەیەوێت بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵیان بۆ ئەوەى لە گۆشەیەکى نوێوە زمان تاقى بکاتەوە و گەمەیەکى تر بەو داراییە نەفرەتییەوە بکات کە ناوى زمانە. ئەم هاوبەشە نوێیە، پێشوەخت دەستکردى مرۆڤ خۆیەتى. بەجۆرێک دادەڕێژرێت کە لە ئاستى “چۆنیەتى”دا لە وێنەى مرۆڤ خۆى بچێت، ڕەنگدەرەوەى خەسڵەتەکانى خۆى بێت، هەتا گەر بێتو لە ئاستى بڕ و چەندێتییدا شتێک لەو کەمتر یان زیاتر بێت. هۆشى دەستکرد، ڕکابەرێکى دەستى مرۆڤ خۆیەتى بۆ ئەوەى ئاڵنگارى بۆ هۆشى باوى خۆى درووستبکات. لە حاڵەتى وادا، پرسى سود و زیان، یان ئامراز و ئامانج پتر ڕووندەبێتەوە کە چۆن ناتوانین ئەم دیاردانە کورتبکەینەوە بۆ ئامراز. ئامانج لێیان، کۆمەڵێک بەڵێنە، وەک وتمان پڕاوپڕ ناگاتە جێى خۆى (چۆمسکى بەو دواییە وەک زمانناسێک ئەم بەڵێنانەى بە “بەڵێنى درۆ” ناوبرد).

مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى قسەکەر، لە مێژووى دێرینەى خۆیدا تا ئێستا، بەدواى هاوبەشێکەوە بووە لێى‌تێبگات. لەو نیاز و مەبەستانەى تێبگات کە لەڕێى زمانەوە دەریدەبڕێت. بەڵام هەمیشە بەر شکستێک کەوتووە و ناچاربووە بڵێت «کەس لێم تێناگات، یان کەم کەس تێمدەگات و هتد

“جى. پى، تى”، لە ڕەهەندە مرۆییەکەیدا، کۆکەرەوە و ڕێکخەرى ئەو زانیارییانەیە کە هەر مرۆڤ خۆى کەڵەکەیکردوون. هێند هەیە لە ئاستى چەندێتییدا، زاکیرەى هەڵگرتنى بەهێزترە و تەنانەت بەراورد ناکرێت بە هى مرۆڤ. بەڵام وەک چۆنیەتى، هێشتا شتێکى تەواو نامۆ لەئارادا نیە. ئەوەى هەیە عەقڵێکى چەندێتیی ڕێکخەرە کە دەسکەوتە زانستییەکانى مرۆڤ لە جێیەکدا دەبەخشێتەوە بە مرۆڤ، ئیدى لە زانیارییەکانەوە بیگرە تا دەگاتە پۆڵێنکردنەوەى ئەم زانیارییانە. زانیارییەکان زۆر و نەبڕاوەن، پێویست بە هاوبەشێکى سمارت دەکات خێرا بیانگەڕێنێتەوە بۆ مرۆڤ. وەک پۆڵێنیش، ئەو شتانەى بۆ ژیانە واقیعییەکە قەدەغەن، لەوێش قەدەغەن: چاتەکە وەڵامى کۆمەڵێک پرسیارى ڕێپێنەدراو ناداتەوە کە مرۆڤ لە کەلتور و شارستانییەتى خۆیدا بە قەدەغەیان دادەنێت. ئەمە دوو خاڵ دەردەخات؛ یەکەم لەبەردەم وێنەیەکى کۆپیکراوى مرۆڤداین کە بەهاکانى خۆیشى لەوێ تۆمارکردووە، دووەم سنوردارى بەشێکە لە مرۆڤ خۆى و داهێنراوە جۆراوجۆرەکانیشى. بەڵام لەمانە گرنگتر خاڵێکى شاراوەیە کە مرۆڤ لە داهێنراوەکانیدا چاوەڕێیە دەربکەوێت. بۆ نمونە، گەر چاتبۆتێکى زیرەکى لەم شێوەیە هەرچەند وەڵامى دەقیق و سەرڕاستمان بداتەوە سەرسام نەبین و بەپێى تێپەڕینى کات ئاسایی ببێتەوە لامان، بەڵام ئەودەم تووشى ترس و پەشۆکان دەبین کە هەڵە و درۆیەکى لێ بوەشێتەوە.

گەر چاتبۆتێکى زیرەکى لەم شێوەیە هەرچەند وەڵامى دەقیق و سەرڕاستمان بداتەوە سەرسام نەبین و بەپێى تێپەڕینى کات ئاسایی ببێتەوە لامان، بەڵام ئەودەم تووشى ترس و پەشۆکان دەبین کە هەڵە و درۆیەکى لێ بوەشێتەوە

هەڵە و درۆ، لە سیفەتە بنەڕەتییە مرۆییەکانن، بۆیە گەر داهێنراوە زانستییەکانیش پڕاوپڕ تووشى ئەو حاڵەتە ببن ئەوا کەمێک مرۆڤ دەشڵەژێنێت. وەک خۆم جارێکیان لێم پرسى ئاخۆ هیچ فەیلەسوفێک کتێبى دزیوە، سەرەتا وتى نەخێر. دوایی پرسیمەوە ئاخۆ وەڵامەکەت درووستە، ئەویش پۆزشى هێنایەوە و وتى نمونەیەکم دەستکەوتووە کە نیچە لە کتێبێکى خۆیدا وتوویەتى کتێبێکم لاى کەسێک هێناوە و بۆم نەگەڕاندووەتەوە. دواى کەمێک بەدواداچوون، نەمتوانى لە واقیعدا ئەوەى نیچە پشتڕاستبکەمەوە کە وایە یان نا. بەهەرحاڵ، ئەم ناڕوونییە لە وەڵام و داتا و زانیارییەکاندا با پەیوەندییشى بە تەکنیک خۆیەوە هەبێت، بەڵام سەرنجڕاکێشترە بەراورد بەوەى ڕاستەوڕاست زانیارییەکت پێ ببەخشێت.

جارێکیان لێم پرسى ئاخۆ هیچ فەیلەسوفێک کتێبى دزیوە، سەرەتا وتى نەخێر. دوایی پرسیمەوە ئاخۆ وەڵامەکەت درووستە، ئەویش پۆزشى هێنایەوە و وتى نمونەیەکم دەستکەوتووە کە نیچە لە کتێبێکى خۆیدا وتوویەتى کتێبێکم لاى کەسێک هێناوە و بۆم نەگەڕاندووەتەوە

ئەوەى لەم سەرەتایانەوە وەک گفتوگۆ لەگەڵ خۆیدا هێناویەتى، پرسى پەروەردە و پلەیجریزم (دزی ئەدەبى)یە. ئاخۆ پاش گەشەى هۆشى دەستکرد، پرسى پەروەردە چیی لێدێت؟ قوتابى چۆن دەخرێتە بەردەم تاقیکردنەوە؟ لەولاى دیکەشەوە، توێژینەوە و کۆتەیشن و پرسى گەڕان بۆ زانیارى لە دەرەوەى پەروەردەوە چیی لێدێت؟ دیارە ئەم دوو پرسە و چەندین پرسى تریش، پێشتر هەر لەگەڵ تەقینەوەى دیجیتاڵدا جێى تێڕامان بوون. ئەوەى بۆ ئەمڕۆ نوێیە، دەستگەیشتنى خێراتر و ئاسانترە بە وەڵامەکاندا. مەرج نیە ئاسانیی وەڵام، پەروەردە و فێرکردنێکى تەندرووستى بەدواوە بێت.

ئاخۆ پاش گەشەى هۆشى دەستکرد، پرسى پەروەردە چیی لێدێت؟ قوتابى چۆن دەخرێتە بەردەم تاقیکردنەوە؟

پەروەردە لە سادەترین پێناسەى خۆیدا گەشتى مرۆڤە لە زانیاریی سادەوە بۆ ئاڵۆزتر، لە کەمەوە بۆ زۆر، لە نامۆبوونەوە بۆ ئاشنابوون. منالێک کە دەخرێتە بەر پەروەردەى کلاسیک، سەرەتا بوونەوەرێکى کرچ و نامۆیە، وردەوردە ئاشناى کۆمەڵگا و خۆى و زانیارى و هتد دەبێت. بەڵام ئەمڕۆ و لەمەودوا کە مناڵێک چاودەکاتەوە، و بڕێکى ناکۆتا زانیاریی لەبەردەمدایە، چۆن گەشەدەکات و پەروەردە دەبێت؟ چۆن شتى باش لە خراپ جیادەکاتەوە؟ چۆن پرۆسەى تاکبوون و بەسوبێکتبوون دەبڕێت؟ پرۆسەى پەروەردەکردن، ئەوە نیە لە جێیەکدا و بەسەر یەکەوە تووشى زانیارییەکى نەبڕاوە ببیت، بەڵکو ئەوەیە کە هێدى هێدى کەسایەتییت گەشەدەکات، بەپێى تواناى جیاکردنەوە شت فێردەبیت، بکەرێک و مامۆستایەکیش هەیە ئەو زانیارییانە دەبەشێتەوە. ئاخۆ سیستەمە پەروەردەییەکان جارێکى تر پێویستیان بە سانسۆر دەبێتەوە؟ سانسۆر، ئەو چەمکەى کە بەشێکى بنەڕەتى بووە لە پەروەردەى مۆدێرن و عەقڵانییەتى مۆدێرن. ئەمە وێڕاى ئەوەى کە پەروەردە خۆیشى بەتەنیا لە زانیارى پێکنایەت، بەڵکو پەرە بەو فەزایەش دەدات کە زانیاریی تیا دەڕسکێت و زانیارییشى تیا بەکاردەهێنرێت. زانیارى خۆى بەتەنیا بەس نیە، خستنەگەڕى لە ژیانى مرۆییدا شتێکە پێشتر دێت. بۆ کۆمەڵگاى ئێمەش، زانیاری و فێرکردن بەبێ پەروەردەکردن درووستبوونى مرۆڤێکى هەڵاوساوە کە زۆر شتى پێیە نازانێت چیی لێ بکات.

ئەمڕۆ و لەمەودوا کە مناڵێک چاودەکاتەوە، و بڕێکى ناکۆتا زانیاریی لەبەردەمدایە، چۆن گەشەدەکات و پەروەردە دەبێت؟ چۆن شتى باش لە خراپ جیادەکاتەوە؟ چۆن پرۆسەى تاکبوون و بەسوبێکتبوون دەبڕێت؟

سەرەنجام، دەشێت پرسیارێکى گشتى بریتى بێت لەوەى چى لە داهێنراوە تەکنۆلۆژییەکانەوە سەبارەت بە مرۆڤ فێردەبین؟ دەکرێت لەواندا بۆ وێنەى مرۆڤ بگەڕێین، بۆ خەون و فەنتازیا و سەرەنجامیش نوقسانییەکانى. تا ئێستا ئەوەى ئاشکرایە ئەوەیە کە مرۆڤ بەدەست نوقسانییەکى بنەڕەتیی خۆیەوە دەناڵێنێت، بوونەوەرێکى ناکامڵە، هەرجارە و شتێک دادەهێنێت و داناسەکنێت: کاتێک بەر ڕۆبۆتێک دەکەوین کە قسەدەکات، بەر لەوەى لەوە بترسین بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەبێت، تێدەگەین ئەویش وەک مرۆڤ نوقسان و ناکامڵە: چاتە زیرەکەکان و کەلتورە مرۆییەکانیش هەردوو، کۆمەڵێک داتاى دووبارەن کە یەکیان لەسەر ئامێرێک و ئەویتریشیان لەسەر مرۆڤ خۆى تۆماردەکرێت.

مرۆڤ بەدەست نوقسانییەکى بنەڕەتیی خۆیەوە دەناڵێنێت، بوونەوەرێکى ناکامڵە، هەرجارە و شتێک دادەهێنێت و داناسەکنێت: کاتێک بەر ڕۆبۆتێک دەکەوین کە قسەدەکات، بەر لەوەى لەوە بترسین بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەبێت، تێدەگەین ئەویش وەک مرۆڤ نوقسان و ناکامڵە

کەلتور خۆى چیە جگە لە هەزاربارەکردنەوەى هەزاران ڕستەى دووبارە کە مرۆڤێک دەیڵێتەوە و ئەنجامیدەدات و نمایشى پێوە دەکاتەوە؟ هەر شتێکى نوێ، گەمەیەکیشە، گەمە بە نوقسانیی مرۆڤ خۆیەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button