سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد دواخستنی هەڵبژاردنی بەدوادا دێت؟

زووم:

سەردانێک بۆ بەغداد، وەک دوایین هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبینرێت.

رۆژی ٢٧ـی نیسان، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بە سەردانێکی دوو رۆژە چووە بەغداد و لەو دوو رۆژەدا لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆککۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و موحسین مەندەلاوی سەرۆکی بەوەکالەتی پەرلەمانی عێراق و چەندین بەرپرسی دیکە کۆبووەوە.

لەو سەردانەدا، جگە لە پرسی مووچە و هێرشەکانی سەر کۆرمۆر و پرسی ئەمنی و نەوت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بابەتێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکان بوو، دوای کۆبوونەوەکانیش، بەرپرسانی عێراق قسەیان لەسەر هەڵبژاردنەکە کرد، وەک خوێندنەوەشی بۆ دەکرێت، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد، دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا سوورە لەسەر بایکۆتکردنی.

نوری مالکى، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، “بیستوومانە دەنگێک هەیە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم و لیژنه‌یه‌كمان بۆ گفتوگۆکردنى ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ بەرپرسانى هه‌رێمی كوردستان پێکهێناوە”.

هاوکات هادی عامری سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح، بە زوومی راگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی ناوخۆییە و بڕیاری دواخستنەکە لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.

ئەوەی زیاتر چاوەکانی دەچێتە سەر، کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانیە لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کە راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه،‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پرسی هه‌ڵبژاردن كرابێت، به‌ڵام راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق لەبارەی دیدارەکەى بارزانى و زێدان ده‌ڵێت، باس له‌ رۆڵی دادگا كراوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، وەکو ئاماژە بۆ ئەو خواستەی پارتی، کە دەیەوێت هەڵبژاردن چەند مانگێک دوابکەوێت و ئەوەش لەڕێگەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بکات.

پێشتریش بەشێک لە بەرپرسانی پارتی بە ئاشکرا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر بەمجۆرە هەڵبژاردن بکرێت، رێگە نادەن لە هەولێر و دهۆک سندوقی دەنگدان دابنرێت.

دوای کۆبوونەوەکانیش، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەستە بە هەموو عێراقەوە و هەمووان لەسەر ئەوە کۆک بووین هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت هەموو لایەنەکان تیایدا بەشداربن و مافی پێکهاتەکانیش پارێزراو بێت”.

ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت، دوایین هەوڵی پارتییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە تا ئێستا بڕیارە لە ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ بکرێت.

تا ئێستا چوار جار هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دواخراوە، ئەگەر ئەمجارە دوابخرێت، دەبێتە پێنجەم جار و ده‌بێت سەرۆکى هەرێمی کوردستان نووسراوی پێنجه‌م ده‌ربكات.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button