ئاسەوارەکانی جەنگ خەریکە فڕێدانی منداڵ لە سوریا دەکات بە دیاردە

زووم:
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە چوار مانگی رابوردوودا لە سوریا هەژدە منداڵ دۆزراونەتەوە، کە کەسوکاریان فڕێیان داون.

سەرباری جیاوازیی لایەنە دەستەڵاتدارەکان لە ناو چەکانی سوریادا، خەریکە فڕێدانی کۆرپەی تازەلەدایکبوو دەبێت بە دیاردە. لە چوار مانگی رابوردووی ئەمساڵدا ١٨ منداڵی فڕێدراو لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەدا دۆزراونەتەوە.

روانگەکە دەڵێت ئەو هۆکارانە زۆرن کە وادەکەن ئەو کۆرپانە فڕێ بدرێن و کەس نەبێت خۆی بکات بە خاوەنیان، لەوانەش خراپی رەوشی ئابوریی خەڵک، نەمانی پێوەری پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زۆربوونی پەیوەندیی دەرەوەی خێزان دێن. شێووانی رەوشی ئەمنییش لە تەواوی وڵاتەکەدا کاریگەریی زۆری لەسەر ئەم کێشەیە هەیە.

چالاکوانانی بواری مافی مرۆڤ لە ئیدلب دەڵێن ئەو منداڵانەی دەدۆزرێنەوە دەدرێن بە ئەو خێزانانەی کە خۆیان کێشەی منداڵبوونیان هەیە، ئەوان هەڵیان دەگرنەوە و بۆ خۆیان بەخێویان دەکەن.

راپۆرتەکەی روانگە دەڵێت ئەو منداڵانە لە ناو جانتا و کیسە و بەتانیدا فڕێدەدرێن، لەسەر شۆستەکان و لە نزیکی مزگەوتەکان بەجێدەهێڵرێن، دووان لە منداڵانە بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی کاتیی زۆر بەجێهێڵدرابوون، کاتی دۆزینەوەیان مردبوون.

ئەمە ئاوایی (کەفر دەریان)ە، لە سنوری ئیدلیب. شەوێکی ساردی زستان ئیبراهیم عوسمان کە پیاوێکی بەتەمەنە لەماڵەوە رۆشت بۆ مزگەوت بۆ نوێژی شێوان، بەڵام کە گەڕایەوە ماڵەوە منداڵێکی بچوکی لە باوەشدا بوو، بە ژنەکەیی گوت ئەم ساوایە لەبەر دەرگای مزگەوتی گوندەکەدا بەجێهێڵدراوە، لەوەدەچێت هەر ئەمشەو لەدایک بووبێت، هێناوەتەوە خۆمان بەخێوی بکەین.

لە ساڵی ٢٠١١ـەوە کە شەڕی ناوخۆ لە سوریادا سەریهەڵداوە تا ئێستا سەدان و هەزاران کارەساتی مرۆیی لەم شێوەیە روویانداوە، چەند ملیۆن کەس ئاوارەبوون و هەزاران خێزانیش بە هۆکاری جیاجیا هەڵوەشاونەتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button