دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە هەڕەشەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاڵۆزتر دەبێت

زووم:

جارێکی دیکە جیهان باسی مەترسی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی لە ئێران دەکات و فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەش داوای زیادکردنی مەودای مووشەکەکان دەکەن.

دوێنێ سێشەممە 23ی نیسان، رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران نەک “چەند مانگێک” بەڵکو “چەند هەفتەیەک”ی ماوە بۆ بەدەستهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاستی پێویستی دەستڕاگەیشتنی بە دامەزراوەکانی ئێران نییە و ئەمەش قسە و باسەکانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران زیاتر کردووە، بۆیە بەم زووانە سەردانی ئێران دەکات بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێنەوە سەر رێچکەیەکی راست.

لە چەند رۆژی رابردوودا قسەکانی بەرپرسێکی ئێرانی میدیاکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە سەبارەت بە هەنگاونان بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، جەواد کەریمی قودوسی ئەندامی کۆمسیۆنی ئەمنیەتی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانە کە دەڵێت:

“دوای هێرشەکەمان بۆ سەر ئیسرائیل، هەڕەشەکان لە بارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لە فۆردۆ و نەتەنز زیاد بوون، فەرماندەی پاراستنی ناوەندە ئەتۆمییەکانیش رایگەیاند، هێرشکردنە سەر ناوەندەکانمان بە واتای بەزاندنی هێڵی سوور و ئەگەری گۆڕینی سیاسەتی ئێمەیە لە بەرهەمهێناندا چەکی ئەتۆمیدا.

شارەزایانی ئێرانی و زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دڵنیامان دەکەنەوە کە تەنها پێویستمان بە نیو رۆژە بۆ ئەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ٦٠٪ بەرز بکەینەوە بۆ ٩٠٪ کە بۆ چەکی ئەتۆمی پێویستە.

ئەمەش مەترسییە بۆ سەر ئەمریکا و ئەوروپا، واتە کاتێک کڵاوەی ئەتۆمی دروست دەکەین، دەبێت مووشەکێکیشمان هەبێت کە مەودای زیاتر لە ١٠ هەزار کیلۆمەتر ببڕێت.

بۆیە پێویستە ئەوروپییەکان پەلە بکەن و لەسەر مێزی دانوستان تەسلیم بن، چونکە خامنەیی گوتی لە هەر ئاستێکدا هەڕەشەمان لێبکەن، ئێمەش لە هەمان ئاستدا هەڕەشەیان لێدەکەین، ئێمەش بە هەڕەشەی ئەتۆمی وەڵامی هەڕەشە ئەتۆمییەکە دەدەینەوە و ئەم توانایەمان هەیە.”

دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران یەکێکە لە دۆسیە ئاڵۆزییەکان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوام جێگەی مشتومڕی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بووە، دوای هێرشەکەی ئیسرائیلیش ئەو بابەتە گەرمتر بووە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button