نیویۆرک تایمز: ئیسرائیل وازی لە هێرشێکی گەورە و فراوان بۆسەر ئێران هێنا

زووم…

 

ئیسرائیل پلانێکی تۆکمەی دانابوو بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانیی وێرانکەر و فراوان بۆسەر ئێران، بەڵام بەهۆی فشار و مەترسییەکان لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پلانەکەی پاشگەزبووەتەوە، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز.

رۆژنامەکە لە زاری سێ سەرچاوەی ئیسرائیلیی ئاگادارەوە دەڵێت، ئیسرائیلییەکان لە سەرەتادا گفتوگۆیان کردووە لەسەر بۆردومانکردنی ژمارەیەک بنکەی سەربازی بە بنکە سەربازییەکانی نزیک تارانی پایتەختیشەوە کردووە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی 13ـی نیسانی ئێران بۆسەر ئەو وڵاتە.

بەڵام، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی فشارە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا و هۆشدارییەکانیان لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی فراوان، ئیسرائیل دەستبەرداری پلانەکەی بووە.

بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە هێرشەکەی هەینی رابردوو هەرچەندە فراوان نەبووە بەڵام توانیویەتی هێز و وردی چەکی ئیسرائیل نیشانی ئێران بدات، چونکە بە گوێرەی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل و دوو بەرپرسی باڵای وڵاتانی رۆژئاوا بۆ رۆژنامەکە، ئیسرائیل لە جیاتی بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی ژمارەیەکی کەم موشەکی لە دووری سەدان میلەوە ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کردووە و چەند درۆنێکیشی بۆ سەرلێشیواندنی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران رەوانە کردووە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی لە بارەی هێرشەکەوە دەڵێت، لە هێرشەکەی رۆژی هەینیدا موشەکێک بەر ناوەندێکی سیستمی بەرگریی دژەفڕۆکەی ئێران کەوتووە لە ناوچەیەکی ستراتیژی وڵاتەکە بەڵام موشەکی دووەم کە ئاڕاستەی هەمان ناوچە کراوە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە خۆیەوە پووچەڵکراوەتەوە دوای ئەوەی دڵنیابوون موشەکی یەکەم ئامانجەکەی پێکاوە.

نیویۆرک تایمز دەڵێت ئامانجی بەرپرسانی ئیسرائیل لە هێرشەکە بۆ ئەوە بووە پیشانی ئێرانی بدەن کە سوپای ئیسرائیل دەتوانێت بەبێ بەزاندنی سنووری ئاسمانی ئێران گرنگترین ناوەندە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بکاتە ئامانج

هەواڵی زیاتر

Back to top button