کێ هێرشەکەى سەر بارەگاکەى حەشدى شەعبى ئەنجامدا؟

 

 

زووم:

درەنگانێکی شەوی رابردوو چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بنکەی سەربازیی کالسۆی سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل هەژاند، هەرزوو گومانی هێرشی ئیسرائیل یاخود ئەمریکا تەواوی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی بەوانەی حەشدی شەعبیشەوە.

بەهۆی گومانەکانەوە، هەرزوو ناوەندی فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە سێنتکۆم رایگەیاند، شەوی هەینی ئەمریکا هیچ بۆردومانێکی لە عێراق ئەنجام نەداوە.

هەروەها بەرپرسێکی باڵا و ئاگاداری ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵیی سی ئێن ئێنی گوتووە، ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکانی عێراقەوە نییە.

بەڵام دوای نزیکەی نۆ کاتژمێر، تۆڕی راگەیاندنی جەنگی سەر بە سوپای عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دڵنیایی دا، لە پێش و لەکاتی تەقینەوەکەی بابلدا هیچ چالاکییەکی ئاسمانی یاخود فڕۆکە و درۆنێک لە ئاسمانی پارێزگاکەدا نەبووە.

تۆڕەکە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر و تەقینەوە لە بنکەی کالسۆ لە باکووری پارێزگای بابل روویداوە کە بنکەی سەربازیی سوپا و پۆلیس و دەستەی حەشدی شەعبی تێدایە.

تۆڕەکە کوژرانی کارمەندێکی حەشد و برینداربوونی هەشتی دیکەی لە تەقینەوەکانی بابل پشتڕاستکردەوە و دەڵێت، تیمێکی لێکۆڵینەوە دروستکراوە بۆ زانینی هۆکاری ئاگر و تەقینەوەکان، چونکە هێشتا دیار نییە بۆچی تەقیوەتەوە.

بە قسەی بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، تەقینەوەکان لە بارەگای زرێپۆشی حەشدی شەعبی بووە کە چەکی قورس و تانکی تێدایە.

تۆڕی راگەیاندنی جەنگی جەختدەکاتەوە کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، وردەکاری زیاتر لەبارەی تەقینەوەکان وهۆکارەکانی دەخەنەڕوو.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button