تایبەتمەندییەکی نوێی تیکتۆک.. پارە دەدات بەو کەسانەى سەیرى ڤیدیۆکانى دەکەن

زووم:

تایبەتمەندییەکی نوێی تیکتۆک، ترسێکی گەورەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دروستکردووە.

تایبەتمەندییە نوێکە ناوی “تیکتۆک لایت”ـە، لەڕێگەیەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکە ئەو کەسانە پاداشتدەکات رۆژانە بۆ ماوەی ٦٠ بۆ ٨٥ خولەک تەماشای گرتە ڤیدیۆییەکان دەکەن.

ئەو کەسانەی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لەسەریەک بۆ ئەو ماوەیە سەیری ڤیدیۆ دەکەن، لەلایەن تیکتۆکەوە پارەی دیجیتاڵییان پێدەدرێت، دەتوانن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی تیکتۆک بەکاریبهێنن.

ئەوروپییەکان پێیانوایە ئەو پاداشتکردنە دەبێتە هۆی ئالوودەبوونی زیاتری لاوەکانیان بە تیکتۆک، بۆیە دەیانەوێت بیانپارێزن، ترسیان هەیە، ئەم هەنگاوەی تیکتۆک ببێتە هۆی راکێشانی زیاتری گەنجان.

بۆیە کۆمسیۆنی ئەوروپی داوای لە تیکتۆک کرد، لە ماوەی شەو و رۆژێکدا لە بارەی دەستپێکردنی ئەو تایبەتمەندییە نوێیەوە لە هەریەکە لە فەرەنسا و ئیسپانیا روونکردنەوە بدات.

ئەم هەنگاوەی کۆمسیۆنەکە لە چوارچێوەی یاسایەکی نوێی ئەوروپادایە، لەبارەی خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی، بەتایبەتی کاریگەریی ئەو بەرنامانەی خەڵات پێشکەش بە گەنجان و مێردمنداڵان دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدا، تیکتۆک بەڕێژەی 13% لەسەر سیستەمی ئەندرۆید لە ئەوروپا بەردەستە، بەڵام بەرنامەکانی دیکەی وەکو فەیسبووک بەڕێژەی 59% و ئینستگرام بەڕێژەی 37% لەسەر سیستمی ئەندرۆید بەردەستن.

تیکۆک بەهۆی کورتە ڤیدیۆکانیەوە سەرنجی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری لە جیهان بەلای خۆیدا راکێشاوە، بەڵام لە ئەوروپا و ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکرێت گەنجان و لاوان بە کۆمەڵێک دیمەنی رووکەشەوە سەرقاڵکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەرتەوازەکردنی بیروهۆشی بەکارهێنەرانی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button