سزای مردن بە سەر دەوڵەمەندترین ژنی ڤێتنام دەسەپێنرێت

زووم:

بە تۆمەتی بەرتیل و ساختەکاری ،دادگایەکی ڤێتنام سزای مردنی بەسەر ژنە سەرمایەدارێکی وڵاتەکەدا سەپاند.

ترۆنگ مای لان سەرمایەدارێکی بواری خانوبەرەیە و بە دەوڵەمەندترین ژنی تایوان ناسراوە. بە گوێرەی میدیای فەرمی ڤێتنام ناوبراو ساختەکاری لە مامەڵەی دوانزە ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ئەنجامداوە.

دادگاییکردنی ئەو ژنە سەرمایەدارە لە چوارچێوەی بەڵینەکانی سەرۆکی پارتی فەرمانڕەوای کۆمونیستی ڤێتنامدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیای فەرمی ڤێتنام بڵاویکردوونەتەوە، ئەو ژنە سەرمایەدارە جگە لە ساختەکاری، تۆمەتی بەرتیلدانیشی بەسەردا ساغ بووەتەوە و بەو هۆیەوە سزای مردنی بەسەردا سەپێنراوە.

یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی ترۆنگ مای لان بە رۆیتەرزی گوتووە، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی مای لان و تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەن.

هاوکات یەکێک لە پارێزەرانی ئەو ژنە سەرمایەدارە دەڵێت تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەن کە سێ سزای بەسەر مای لان سەپاندووە، یەکێکیان سزای مردنە بەهۆی تۆمەتی گەندەڵییەوە دوو سزاکەی دیکەش ٢٠ ساڵ زیندانییە بە تۆمەتی بەرتیلدان و پێشێلکردنی یاساکانی بانک.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، لە دۆسیەی ئەو ژنە سەرمایەدارەدا ٨٤ کەس سزایان بەسەردا سەپێنراوە و لە نێویاندا هاوسەر و نەوەیەکی مای لان هەن

ترۆنگ مای لان لە ساڵی ١٩٩٢ کۆمپانیایەکی بواری خانوبەرەی دامەزراندووە و یەکێک بووە لە سەرمایەدارە گەورە و کاریگەرەکانی ڤێتنام کە رۆڵی گەورەی هەبووە لە یارمەتیدانی وڵاتەکە بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانە ئابووری و بانکیەی زیاتر لە دەیەیەک دووچاری هاتبوو

ڤێتنام یەکێکە لەو وڵاتانەی سزای لە سێدارەدان بۆ تاوانەکانی کوشتن و توندوتیژی و تاوانە ئابوورییەکان دەردەکات و بە گوتەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە چەند ساڵی رابردوودا سەدان کەس لەو وڵاتە لە سێدارە دراون

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button