بۆ یەکەمجار جەهەپە پێش ئاکەپە کەوت و براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکەی تورکیایە

 زووم:

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) براوەی سەرەکی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە دوێنێ لە 81 پارێزگای ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، ئەوەش یەکەمجارە جەهەپە پێش پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بکەوێت.

بەگوێرەی ئەنجامی جیاکردنەوەی 99.82%ـی دەنگەکان، جەهەپە 37.74%ـی دەنگەکانی لە سەرانسەری تورکیا بەدەستهێناوە و هەرسێ گەورە شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیری بردەوە کە زۆرترین کێبرکێی لەسەرە، جەهەپە لە حزبی دووەمەوە بووەتە حزبی یەکەم.

ئاک پارتیش کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات 35.49%ـی دەنگەکان بەدەستهێناوە و لە حزبی یەکەمەوە بووەتە حزبی دووەم.

پارتی رەفای نوێش کە لە پارتەکەی ئەردۆغان جیابوویەوە و بۆ یەکەمجار بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی کرد بووە پارتی سێیەم و 6.19%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) چوارەم پارتە و 5.68%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لە باکوری کوردستان 10 گەورەشارەوانی بردووەتەوە، هەروەها مەهەپەش 4.98%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

لە کۆی 81 گەورەشارەوانیی پارێزگاکان، جەهەپە 35 گەورەشارەوانی بەدەستهێناوە، ئاکپارتی 22، دەم پارتی 10 و رەفای نوێش 2 گەورەشارەوانی بردووەتەوە.

بەڵام ئەگەر تەماشای ژمارەی سەرجەم شارەوانییەکان بکەین کە هەزار و 326 شارەوانییە، دەبینین ئاکەپە توانیویەتی 505 شارەوانی بباتەوە، جەهەپەش 420 شارەوانی مسۆگەرکردووە، مەهەپە 184 شارەوانی و دەم پارتیش 82 شارەوانی، هەروەها رەفای نوێش 60 شارەوانی بردووەتەوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا، لە کۆی زیاتر لە 61 ملیۆن دەنگدەر، زیاتر لە 48 ملیۆن کەس دەنگی دا، واتە رێژەی بەشداری گەیشتووەتە 78%.

هەواڵی زیاتر

Back to top button