کامێراکانى تۆمارکردنى تیژڕەوى عێراق کارى خۆیان کرد

رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 

شەرقولئەوسەت

بۆ سەرکەوتن بەسەر پەکەکە تورکیا رێگەیەکی تازە دەگرێتە بەر

بەمەبەستى کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و کەمکردنەوەى کێشە و ئاڵۆزییەکانى نێوانیان، بەرپرسانى باڵاى هەردوو وڵاتى تورکیا و عێراق ماوەیەکى زۆرە کۆبوونەوەى بەردەوامیان هەیە و وابڕیارە رۆژی دووشەممەى داهاتوو جارێکی دیکە لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیەکی دیکەى راشکاوانە بکەن سەبارەت بە کۆنتۆرڵکردنى سنوورەکان و یەکهەڵوێستییان لەبەرامبەر پەکەکەدا کە ئەنقەرە بە تیرۆریست و عێراقیش بە پارتێکى نایاسایی و قەدەغەکراو ناوی دێنن.
کەناڵى سی ئێن ئێن تورک، لە زارى یەکێک لە بەرپرسانی باڵاى تورکیاوە بڵاویکردووەتەوە، پێشبینى دەکرێت لە کۆبوونەوەى دووشەممەدا هەردوولا بگەنە ئەنجامێکى باش و رێککەوتنێکى 25 خاڵی واژۆبکەن کە هەموویان تایبەتن بەو ئۆپراسیۆنەى کە وابڕیارە تورکیا لە هاوینى داهاتوودا بەمەبەستى کۆنترۆڵکردنى پەکەکە لەنێو خاکی عێراق و هەرێمى کوردستاندا ئەنجامى دەدات.
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، بەگوێرەى یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنەکە دەبێت عێراق هێزەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان بە پلانێکى بۆداڕێژراو لە وڵاتەکەى بکاتە دەرەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە نەمانى بنکە و بارەگاکانى پەکەکەش دەبێت لیژنەیەکى هاوبەش پێکەوە کێوماڵی ناوچەکانى قەندیل، شنگال، گارە، مەخموور و سلێمانى بکەن، کە وەک سەرچاوەکە گوتوویەتى لەژێردەسەڵاتى پەکەکەدان.

 

 

 

عەرەبى جەدید

نەتانیاهۆ لە ئەمریکا یاخى دەبێت

168 رۆژ بەسەر جەنگى نێوان ئیسرائیل و حەماس تێدەپەڕێت سەرەڕای هەوڵی زۆر بۆ راوەستاندنى، بەڵام هێشتا هەنگاوەکان نیشاندەری راوەستاندنى جەنگەکە نین، حکومەتەکەى نەتانیاهۆش تادێت جەنگەکە توندتر و بەربڵاوتردەکات، سەرەڕای ئەوەى ئەمریکا لە زۆر لاوە پشتیوانى لە ئیسرائیل دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ ئاگربەستدایە و چەند جارێکیش فشاری خستووەتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەو مەبەستە بەڵام چالاکییە سەربازییەکانى ئەو وڵاتە وەڵامێکی کردەیین بۆ ئەمریکییەکان و بە ئاشکرا پێیان دەڵێن، بەبێ پشتیوانى ئێوە رەفەح کۆنترۆڵ دەکەین.
هەر لەو میانەیەدا وابڕیارە سبەینێ یەکشەممە یواف گاڵانت وەزیری ئاسایشى ئیسرائیل بەسەردانێکى فەرمی بچێتە ئەمریکا و چەند پێشنیازێکی نوێ لەبارەى جەنگی غەزەوە لەگەڵ خۆیدا ببات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەمریکادا تاووتوێی بکەن، بەتایبەتى لەبارەى هاوکارییە مرۆییەکانى شارى غەزە و بابەتەکانى پەیوەست بە ئاگربەست و گۆڕینەوەى بارمتەکان.

 

 

 

 

عەرەب

هەڵە سیاسییەکانى رۆژئاوا روسیاى گەیاندە نەیجیریا

ئەنجوومەنى سەربازیی ئەمریکا لە پرۆژەیەکى نوێیدا کار بۆ دورخستنەوەى هێزەکانى روسیا دەکات لە وڵاتى نەیجیریا کە دەکەوێتە باشوورى کیشوەری ئەفریقیاوە، سوپاى نەیجیریاش لە چەند رۆژى رابوردوودا باسی لەوەکردووە لەگەڵ ئەمریکییەکان سەرقاڵی گفتوگۆن ، بەڵام تائێستاش هەنگاوەکانى ئەو گفتوگۆیانە روون نیین.
نەیجیریا لە جەنگى دژ بە حزبە جیهادییەکانى وڵاتەکەى هاوپەیمانییەکى بەهێزى ئەمریکا و هێزە رۆژئاواییەکان بوو، بەڵام بەهۆی هەڵە ستراتیژییەکانى ئەمریکاوە هێزەکانى روسیا گەشتوونەتە ئەو وڵاتە، لە مانگی حوزەیرانى ساڵی رابوردوودا سوپا محەمەد بازومى لە پۆستى سەرۆکایەتى دوور خستەوە، کریستۆڤەر فۆڵکنەر شارەزای سیاسی و شرۆڤەکار لە کۆلێژى سەربازی ئەمریکا دەڵێت: لەدواى کودەتاکەى سوپاوە روسیا ئاسانکاریی دەکات بۆ دروستکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتى نەیجیریا و پێموایە بگەنە ئەنجامێکى وا کە بتوانێت پشتیوانى لە مانەوەى هێزەکانى روسیا بکات لەو وڵاتەدا.

 

 

 

 


دەستوور

کامێراکانى تۆمارکردنى تیژڕەوى کارى خۆیان کرد

بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆی عێراق لەبارەى رۆڵی کامێراکانى چاودێری تیژڕەوییەوە دەڵێت، لەماوەى هەفتەیەکدا کامێراکان سەرپێچییەکانى لە 200 حاڵەتەوە کەمکردووەتەوە بۆ 10 حاڵەت، کە خۆیان لە تیژڕەویى و نەبەستنى پشتوێنى سەلامەتى و پێچکردنەوەى نایاسایی و تێپەڕاندنى چراى سووردا خۆیان دەبیننەوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی عێراق رایگەیاندووە فلاشى کامێراکان لە هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدەن کە سەرپێچى دەکەن و وێنەى روونى هەموو ئۆتۆمبێلەکان دەگرن بە ژمارە جۆراوجۆرەکانیانەوە سەرپێچى دەکەن، لەوانەش ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە هەڵگری ژمارەکانى باکووری وڵاتن کە مەبەستیان هەرێمى کوردستانە و لە رێگەى سیستمێکى ئەلیکترۆنییەوە دەنێردرێنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانیان و لەماوەیەکى کەمیشدا کامێراکان پەیوەست دەکرێن بە هەردوو سیستمى ئەندرۆید و ئەپڵەوە، بەڕێوەبەرایەتیەکە ئاماژەى بەوەشکردووە تا ئێستا سزاو پێبژاردنەکان بەکاش دەدرێن و لە داهاتووشدا دەکرێتە ئەلیکترۆنی.
بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆی عێراق ئاماژەى بەوەشکردووە، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان 95% بەباشی بەڕێوەدەچێت و کاریش بۆ ئەوە دەکەن ئەو بەربەستە کەمەى لەبەردەمیاندا ماوە نەیهێڵن و هەموو عێراق بکەن بە یەک سیستمى هاتووچۆى رێکخراو.

 

 

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

 

 

تایمز

کەیت لە شێرپەنجەکەی چاک بۆتەوە و دەڵێت، “باش دەبم”

شاژنی وێڵز پەیامێکی ڤیدیۆیی پڕ لە هەست و سۆزی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا دەڵێت، لە نەخۆشیی شێرپەنجەکەی چاک دەبێتەوە.
شاژن لە پەیامەکەیدا بەرگی فەرمیی نەپۆشیوە، بەڵکو هەر پانتۆڵێکی کاوبۆ و بلوزێکی سپیی هێڵداری لەبەردابووە، لە کاتی تۆمارکردنی ڤیدیۆکەیدا لەسەر کورسییەکی ناو باخەکەی کۆشکی ویندسۆردا دانیشتوە، ڤیدیۆکەی بە یەک جار بۆ تۆمارکراوە و هیچ دەستکارییەکی نەکراوە.

 

 

 

دەیلی تەلەگراف

داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی سەر هۆڵی کۆنسێرتەکەی مۆسکۆ راگەیاند

داعش بەرپرسیارێتیی خۆیی لە هێرشەکەی سەر هۆڵی کۆنسێرتەکەی مۆسکۆ راگەیاندووە. لەو هێرشەدا چەند کەسێک بە بەرگی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر هۆڵێکی ئاهەنگی مۆسیقی لە مۆسکۆ. تەقەیان لە خەڵک کردووە و چەندان نارنجۆکیشیان فڕیداوەتە ناویانەوە. لەو پەلامارەدا بەلای کەمەوە 60 کەس کوژراون و 145 کەسیش بریندار بوون.
هێرشەکە هۆڵی کراکۆسی کردووە بە ئامانج، کە دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای مۆسکۆوە، پاش پەلامارەکە ئاگر ماوەی چەند سەعاتێک لە بیناکەوە بەرزبۆتەوە.

 

 

 

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

لە دارفۆر ترسی کۆمەڵکوژی هەیە

20 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی کۆمەڵوکوژییەکەی پێشووی دارفۆردا تێپەڕ دەبێت و جارێکی دیکەش ترسی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە دارفۆر سەریهەڵداوەتەوە.
تەیبە حەسەن کچێکی تەمەن دەساڵەی سودانییە و بەدەست ئازاری سنگییەوە لوول بووە، لەم کاتەدا چەتە چەکدارەکانی وڵاتەکەی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، کە تەنها لە قوڕ و چەند بلۆکێکی کەم دروستکراوە و بە پووشیش سەری گیراوە، ڕووی چەکیان تێکردووە و دەیانەوێت تەیبە خۆشی بکوژن.
تەیبە فریادەکەوێت لە ماڵەکەیان رابکاتە دەرەوە و لە پێش چاوی خۆی چەکدارەکان ئاگر بە پووشی سەر ماڵەکەی ئەوانەوە دەنێن. ئەمە نمونەی سەدان هەزار کەسی دیکەى وەک تەیبەیە، کە لە سوداندا دەکوژرێن و لەناو دەبرێن، بەبێ ئەوەی بەشێک بن لە سیاسەت و ململانەکان.

 

 

فاینەنشیەڵ تایمز

ترەمپ بەشێوەیەکی چاوەڕووان نەکراو لە رێگەی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سێ ملیار دۆلار قازانجی دەستدەکەوێت

ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە دۆنەڵدا ترامپ دەکەونە ئەوەی پشک بفرۆشن و بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ و دانوستاندنی لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتمەند بەم بوارەدا کردوە. ئەمە دەبێت بە سەرەتایەک بۆئەوەی ماڵپەڕەکانی ترەمپ ببن بە سەرچاوەی داهات و بڕی سێ ملیار دۆلار قازانج بۆ دۆنەڵد مسۆگەر بکەن.
ترەمپ دامەزراوەیەکی میدیایی و تەکنەلۆژیی نوێی دامەزراندووە، کە بناغەکەی دەچێتەوە سەر ماڵپەڕی کۆمەڵایەتیی ترووس، کە سەرەتا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی خۆی سوودی لێدەبینی.

 

 

 

رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

سۆزجو

ئۆزگور ئۆزال: لە پاراستنى سندوقەکان بێخەم بن
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکى گشتى جەهەپە رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ هەڵبژاردنى 31ـى ئازار کردووە، ئەندامەکانمان لەسەر سندوقەکان ئەرکی خۆیان جێ بەجێ دەکەن و رێگەنادەین دەنگەکانمان بدزرێن. بەتایبەتى لە ئیستەنبوڵ زۆر بە ئاگاییەوە چاودێرەکانمان بۆ پارستنى سندوقەکانى دەنگدان دەستنیشان کردووە.

 

 

 

جمهورییەت

وەزیرەکانى ئاک پارتى پێشێلى رێنماییەکانى هەڵبژاردن دەکەن

بەگوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنى تورکیا نابێت هیچ وەزیر و فەرمانبەرێکى دەوڵەت بەشدارى لە کەمپینى هەڵبژاردن بۆ کاندیدى پارتەکەیان بکەن، کەچی نزیکەى 10 وەزیرى ئاک پارتى سەرقاڵى دەنگ کۆکردنەوە بۆ کاندیدەکانى پارتەکەیان، لەوانەش عەلی یەرلیقایاى وەزیرى ناوخۆ لە ئیستەنبوڵ داواى دەنگى بۆ موراد قورم کردووە.

 

 

 

 

قەرار

تورکیا رووبەڕووى پەستانى ئاو بووەتەوە

لە راپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە رۆژى جیهانى ئاو بڵاوکراوەتەوە، ناوى تورکیا لەو وڵاتانەدا هاتووە کە لە رووبەڕووى پەستانى ئاو بووەتەوە.
لە درێژەى راپۆرتەکەشدا هاتووە ئاستى ئاو لە بەنداوەکانى تورکیا جێگیر نییە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر کێشەى بەکارهێنانى ئاو لەو وڵاتە دەکات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە لەسەرئاستى جیهان 2.2 ملیار کەس دەستیان بە ئاوى خواردنەوە ناگات.

 

 

میللییەت

دەم پارتى و جەهەپە کاندیدى هاوبەشیان هەیە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، جەهەپە و دەم پارتى رەتیان کردووەتەوە کاندیدى هاوبەشیان هەبێت، لەکاتێکدا ئەوان لیستى کاندید و ئەندامى ئەنجومەنى هاوبەشیان هەیە و لەئایندەیەکى نزیکدا ئەو رێککەوتنە بۆ رایگشتى ئاشکرا دەکەین.

هەواڵی زیاتر

Back to top button