ملیۆنێک مێردمنداڵی عێراقی بێبەشن لە خواردن و تەندروستی و خوێندن

زووم:

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن مێردمناڵی عێراقی بێبەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و خوێندن و تەندروستی.

ئامارەکە لە رۆژنامەی سەباحى عێراقى بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە، بەشێک لەو منداڵانە بەبێ ئەوەی تەمەنی گونجاوییان هەبێت ناچارکراون رۆژانە کار بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو توندوتیژییە کە لە ئەنجامی کارکردنی منداڵاندا دروستدەبێت.
دنیا شەمەری، سەرۆکی لیژنەی خێزان و منداڵ لە پەرلەمانی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەی سەباح کردووە و دەڵێت، ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو یاسایانەیە کە لەبەرژەوەندی منداڵانە و کاریگەری ئەرێنی درووست دەکات بۆ خوێندنیان و رێگری دەکات لەوەی بەهۆی دۆخی دارایی خێزانەکانەوە کاربکەن.

لە ماددەی 52ی پرۆژە یاسای بودجەدا هاوکارییکردنی مانگانەی ئەو منداڵانەی لە ناوەندەکانی خوێندن بێبەشن بە بڕی 30 هەزار دیناری مانگانە پەسەندکراوە تاوەکو بگەرێنەوە بۆ قوتابخانەکان، ئەمەش وەک هاندانی خێزانەکان بۆ پابەندکردنی منداڵەکانیان بە خوێندن.
زەهرە هەنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانی عێراق رایگەیاند، چینی منداڵ ٪40ی دانیشتوانی عێراق پێکدێنێت، ئەم چینەش توشی دۆخێکی دژوار بووە بەهۆی دۆخی سەختی عێراقەوە لە ساڵانی رابردوودا، کە خۆی لە قەیرانەکانی تیرۆر و پەتاکان و قەیرانە ئابوورییەکان دەبینیتەوە.

ئەو دەڵێت، یەک ملیۆن منداڵ لە عێراق بێبەشن لە خوێندن و تەندروستی و خوێندن، لەهەمانکاتدا لە 5%ـی ئەو منداڵانە بەزۆر خراونەتە سەر کار، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ خراپی دۆخی دارایی ئەو خێزانانە دەگەرێتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد وەزارەتی پلاندان سەرقاڵی ئامادەکردنی ستراتیژێکە بۆ بەرانگاربوونەوە هەژاری.
بەگوتەی زەهرا هەنداوی، دەرماڵەی خوێندکاران بەشێکە لەو ستراتیژەی حکومەت گرتویەتەبەر بۆ پاڵپشتی کردنی هەژارەکان و بۆ هاندانیان بۆ تەواوکردنی خوێندن، ئەمەش جگە لە هاندانی کچان تاوەکو بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، ئەمەش لە رێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن بۆیان.

ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات زیاتر لە یەک ملیۆن مێردمنداڵی عێراقی بێبەشن لە خواردن و پێداویستییەکانی دیکە وەک خوێندن و تەندروستی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button