مادەی هۆشبەر هۆشی 300 ملیۆن کەسی لەگەڵ خۆیدا بردووە

زووم:

ئامارەکانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر ترسناکن، ژمارەکان رۆژ لە دوای رۆژ لە هەڵکشاندان، نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە جیهانییەکان درکیان بە مەترسییەکان کردووە و هۆشداریی دەدەنە وڵاتانی جیهان.

راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات کە تەنها لە 10 ساڵی رابردوودا ژمارەی بەکارهێنەران لەسەدا 23 زیادی کردووە. هەمووان پەنجە بۆ ئەفغانستان و ئۆکراین درێژدەکەن، کە بوونەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر.

لە ساڵی 2011دا ژمارەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە جیهاندا نزیکەی 240 ملیۆن کەس بووە، بەڵام ئێستا ژمارەکە بە خێرایی بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی 300 ملیۆن کەس. ئەگەرچی رەنگە بەشێکی بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە بووبێت، بەڵام لەوە کەمناکاتەوە کە ئەو جۆرە مادانە بە خێراییەکی زۆر لە جیهاندا بڵاودەبنەوە.

نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لەماوەی ئەو 10 ساڵەدا ژمارەی ئەو کەسانەی ئالودەی مادەی هۆشبەر بوون یاخود بەهۆی ئەو مادانەوە تووشی نەخۆشی بوون بە رێژەی لەسەدا 45 زیادی کردووە. ئێستا لە جیهاندا نزیکەی 40 ملیۆن کەس یان بە تەواوی ئاڵودەی مادەکان بوون و گەیشتوونەتە رادەیەک کە تووشی نەخۆشیی بوون بەوهۆیەوە.

ئێستا جیهان گیرۆدەی جۆرە مادەیەکی دیکە بووە، کە بە مادەی هۆشبەری کیمیایی ناسراوە، لە تاقیگەدا دروستدەکرێن، نرخیان هەرزانە و بە خێرایی و ئاسانی دروستدەکرێن جیاواز لەو مادە هۆشبەرانەی لە کێڵگەکاندا بەرهەمدەهێنرێن.

دروستکردنی ئەم جۆرە مادانە حکومەت و دەسەڵاتدارانی روبەڕوی دۆخێکی سەخت کردووەتەوە، ناتوانن بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بکەن، بۆ نمونە بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین حکومەتی ئەو وڵاتە لە ساڵێکدا 79 کارگەی نهێنی داخستووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە خراپ بووە و پێیان کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button