سایکۆپاتەکان: لاساییکەرەوەکانى شارستانییەت

سایکۆپات دەتوانێت وێنەى ئەو سیاسییە بێڕەحمانەمان بیربخاتەوە کە هێندەى ڕووى لە وێرانکردنە, ئەوەندە کار بۆ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە ناکات

پرسى سایکۆپات (psychopath), پرسێکى جیهانییە کە بەراورد بە فراوانیی پرسەکە لاى ئێمە شتێکى ئەوتۆى لەسەر نەنوسراوە. دەشێت هەریەکەمان, بە شێوەیەکى ڕاگوزەریش بووبێت, ئەم وشەیەمان بەرگوێ کەوتبێت. هەندێ لە تایبەتمەندییەکانیشمان بیستبێت کە گوایە سایکۆپاتەکان کەسانى بێ‌ڕەحم و سۆزن, واتە خاوەنى ئەو سۆزە باوە نین کە ئێمەى مرۆى کەلتورى و شارستانى هەمانە, لە وێستگە و سیاقى خۆیدا دڵیان بۆ ئەو شتانە ناجووڵێت کە دەبێت بجووڵێت. هەروەها گوایە دژەکۆمەڵایەتى و ناکۆمەڵایەتى‌ن, واتە ئاشناى ئەو ڕێسا کۆمەڵایەتییە درێژخایەنانە نین کە شارستانییەت بۆ ڕێکخستنى پەیوەندییە مرۆییەکان دایهێناوە. یەک لە شارەزایانى ئەم بوارە دەڵێت «ئەوان وەک مارى سەر چیمەن بەسەر چیمەنى کۆمەڵگاوە دەخزێن, شوێنگە کۆمەڵایەتییەکەیان ڕوون نیە؛ هەرجارە و لە کۆنتێکستێکى کۆمەڵایەتییدا خۆیان دەبیننەوە». یاخود دەوترێت سایکۆپاتەکان لەپاش تاوان و هەڵە هەست بە پەشیمانى ناکەن, واتە سوپەرئیگۆیەکى ئاسایی مرۆییان نیە شوێنەوارى هەڵە و تاوانیان لەسەر جێبهێڵێت. بە مانایەکى تر, هیچ هەستێکى گوناه ناناسنەوە و شتەکان وەک فیلمێکى دیدەکى بە بەرچاویاندا تێدەپەڕێت و هیچى تر. دەشگوترێت, درۆ لاى ئەوان ئاساییە, نەک بەو مانایەى کە درۆزنن, بەڵکو جیاوازیی درۆ و ڕاست بەو شێوە هەستیارەى لاى مرۆڤەکانى تر هەیە لاى ئەوان نیە. ئەوان درۆ بەجۆرێک ئاوێتەى ڕاستى دەکەن کە سنورێکى تۆخ نەمێنێتەوە و هاوکات درۆکانیشیان تا جێیەک بڕبکات. بەڵام هاوکات کەسانى سایکۆپات لەڕواڵەتدا کەسانى سەرنجڕاکێشن, دەرەقەتى کۆمەڵێک بەرپرسیارى دێن کە کەسانى تر ڕەنگە نەیتوانن, بۆیەشە لە شوێنە سیاسى و ئیدارییە بەرزەکاندا ئامادەییان هەیە. ڕەهەندێکى کاریزمى لە کەسایەتییاندا هەیە, بەڵام ئەم کاژە کاریزمییە هیچ قووڵاییەکى لەپشتەوە نیە و تەنیا بۆ ڕاییکردن و بەرەوپێشبردنى ئامانجەکانیانە.

بەپێى ئەدەبیاتى نوسراوى سایکۆپات, ژمارەیان لە کۆمەڵگادا کەمینەیە. ناسینەوەشیان زەحمەتە. جار هەیە یەک لە ژن و مێردەکان سایکۆپاتن و ئەویدى ساڵان باجەکەى داوە و پێشى نەزانیوە. یان لە کێڵگەی کاردا یەکێک ئامادەیی هەبووە و درەنگتر ڕوونبووەتەوە کە سایکۆپاتە. هەا جارێکیان یەک لە زاناکان دانى بەوەدا ئەویش سایکۆپاتە و زۆرترین نیشانەکانى تیایە و درەنگتر تواناى خۆناسینەوەى هەبووە. دەشێت دوو خاڵ وا بکات کە سایکۆپاتەکان ببنە جێى سەرنجى ئەو ژینگەیەى کە تێیدا ژیاون: یەکەم, لاساییکردنەوە. دووەم, مژینى وزەى ئەوانیتر. سەبارەت بە خاڵى یەکەم, وەک دواتریش دێینە سەرى, سیفەتێکى سەمەرەیە لە سایکۆپاتەکاندا. ئەوان لاسایی چ شتێک دەکەنەوە؟ لاسایی ڕەفتارە شارستانییەکان. واتە ئەوان بەزاتى خۆیان شارستانى نین, یاسا شارستانییەکان و ناوەڕۆکەکانى ناناسنەوە, باکیشیان پێى نیە, هێند هەیە وەها دەجووڵێنەوە وەکبڵێى «یەکێکن لە ئێمە». بەجۆرێک لاسایی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە, وەکبڵێى لە ئێمە شارەزاترن, بەڵام لە ناخەوە شتى لەو جۆرە ئەزموونناکەن. هەتا بە مانایەکى تایبەت, ئەوان «ناخیان نیە», قووڵایی شارستانى و کلەتورییان نیە, ئەوەى هەیە تەقلیدێکى زیرەکانە و ژێستى “ئێمەبوون”ـە.

دیارە مەبەست لەوە نیە کە بەدرۆوە نمایشى شتانێک دەکەن, بەڵکو نمایشەکە خۆى ڕاستییەکە لەواندا نەک درۆیەک

نمایشى ئەوەى کە لە ئێمە دەچن, نمایشێکى هەمیشەییە لەگەڵ ئەواندا لەدایکبووە. شتەکە لە جەبر و ناچارییەک دەچێت و دەسەڵاتى خۆیانى تیا نیە. سەبارەت بە خاڵى دووەمیش, ئەوان لەسەر وشککردنى وزەى کۆمەڵایەتى دەژین, ئیدى لە ئاستى تاکدا وزەى ڕۆحى و ڕەوانى و لە ئاستى دەستەجەمعییشدا وزەى پەیوەندییە مرۆییەکان. گەر ناچار بین دۆخەکە وەرگێڕینە سەر چەمکە مرۆیی و شارستانییەکان, ئەوان لەسەر “وێرانکارى” دەژین. وێرانکردنى هەرچى وزەى گرێدان, یەکێتى, و ژیاندۆستییە. لە ئاستى تاکدا, و بەپێى ئەو چیرۆکە زۆرانەى لە ئەدەبیاتى سایکۆپاتدا دەگێڕدرێنەوە, قوربانییەکان خاڵى دەبنەوە لە وزە, ئیرۆس, یەکانگیرى, بەڵێگۆیی, و هتد. بە مانایەکى تر, هیواى ژیانکردن وەردەگەڕێت بۆ نەفرەت لە ژیانکردن. کاتێک سایکۆپاتێک بەهێمنى کارى خۆى لە قوربانییەکانیدا دەکات, شوێنەوارەکە بۆ سەردەمانێکى درێژ دەمێنێتەوە. بۆیە ڕێنوێنیی شارەزایانى ئەم بوارە ئەوەیە کە پاش دڵنیابوونەوە لە حاڵەتەکە, دەبێت هەرچى زووە مەودا و دوورکەوتنەوە هەبێت. ژەهرى ئەزموونەکە کاتێکى زۆرى دەوێت دەربچێت (لەم ڕووەوە کتێبەکەى پیتەر هێنت‌ێنس, سودبەخشە). بە کورتییەکەى, حیکمەتى هەبوونى کەسێکى سایکۆپات ئەوەیە دژى شارستانییەت و کۆمەڵگا و ڕێسا درێژخایەنەکانى بوەستێتەوە و شتەکان بەردەوام هەڵوەشێنێتەوە. بەڵام بۆ ئەوەى ئەم کەلێنە وێرانکەرەى خۆى و ئەو نەبینین, دایم خەریکى پیادەکردنى لاساییە. لەڕووى فیکرییەوە, پەیوەندیی ئەم لاساییە و شارستانییەت جێى تێڕامانە: ئەوان لە دۆخى نۆرماڵ دەردەچن, بەڵام وەک مرۆ ئاساییەکانى تر, نابنە “نەخۆش”, بەڵکو لە کۆى چوارچێوەکە دەردەچن:

لێرەدا دەرچوون لە دۆخى نۆرماڵ ناکاتە دەروونپەشێوى, بەڵکو دەکاتە سایکۆپات. باسەکەمان دەروونشیکارى و دەروونناسى نیە, بەڵکو لەوانە تێدەپەڕێت, قسەکردنە لەسەر پێگەى کەسانێک کە بەتەنیشتمانەوە لەناو شارستانییەتدا دەژین بەڵام بەپێى پێویست شارستانى نین. بگرە بە ماناى باو, هەر شارستانى نین, لاساییکەرەوەى شارستانییەتن, لاسایى ئەو ڕەفتارانەمان دەکەنەوە کە بۆ ماوەیەکى درێژ لەناو کۆمەڵگا و کەلتورى شارستانییدا فێرى بووین. دیارە مەبەستم سیفەتەکانى وەک بەربەرى, دواکەوتوو و هتد نیە, ئەوانەش مرۆى نۆرماڵن, بەس سایکۆپات نۆرماڵانە دەجووڵێتەوە بەبێ ئەوەى نۆرماڵ بێت. سایکۆپاتەکان بەگشتى ئەو مرۆ نۆرماڵانەن کە لە هەمان کاتدا نانۆرماڵن. ڕەنگە بتوانین شوێنێکى تایبەتیان بۆ تەرخان بکەین, شوێنێکى تۆپۆلۆژیی وەک “نۆرماڵە ناشارستانییەکان”. دەشێت ئێمە هەندێ لە قوربانییەکان لە کۆمەڵگادا ببینین و هەستیان پێ بکەین, بەڵام ئەوان نەزانن قوربانیی چ شتێکن. دەشێت یەکێکیان گومانى لە شتێک کردبێت, بەس گومانەکە نەگەیشتبێتە ئاستى خودئاگایی لە کێشەکە, یان ئاگایی و زانیاریی ئاسایی دەرهەق بە کێشەکە. من لێرەدا باسى پسپۆڕییانەى کێشەکە ناکەم, بەڵکو ئەو ئیمکانە تیۆرییانە دەپشکنم کە وەک ڕوویەکى ترى مرۆڤ دەیخەنەڕوو: ئێمە پتر مامەڵەمان بە مرۆى نۆرماڵ و نانۆرماڵەوە کردووە کە هەردووک سەر بە یەک پارچەن, بەڵام دەشێت سایکۆپات لەم کۆ و پارچەیە بچێتەدەر. سایکۆپات, بەدەر لەوەى کەسێکە, پێگەیەکە لە کۆمەڵگادا, کەچى دەتوانین وەک گۆشەیەکى تایبەتى بیرکردنەوەش هەڵیبژێرین, واتە خودى سایکۆپات ناکەسى بکەینەوە, بیکەينە گۆشەنیگایەکى دەرەکى تا جارێکى تر لە کۆمەڵێک شت ڕامێنین.

بۆیە دیارە ناسین و حاڵیبوون لێیان, خۆى جۆرێکى تەواوە لە بەدحاڵیبوون. ئێمە سەرەتا لە سایکۆپاتەکان حاڵى نابین, بگرە خراپ حاڵى دەبین, وادەزانین کەسانى زێدە-نۆرماڵ و بەسۆز و خەمخۆرن. بەڵام پاش ماوەیەک (کە دەشێت ساڵان بخایەنێت), دەردەکەوێت هەموو ئەو ڕەفتارانە لاساییکردنەوە بووە. لاساییکردنەوە بەو مانایە نا درۆ و ڕیا بکەن, بەڵکو بەو واتایەى کە کەسایەتییان بەو جۆرە پەرەیسەندووە. دیوى بایۆلۆژیی کێشەکە بۆ من زۆرگرنگ نیە, بەڵام لە باسە زانستییەکاندا هاتووە کە ئەوان بەشى خۆڵەمێشى لاى چەپى مێشکیان کەمتر پەرەیسەندووە و بچوکترە. من هێشتاش ئەوان لە پانتاییە ڕەمزییەکەدا وەردەگرم, بەڵام لە جێیەکدا کە بە زاتى خۆى ناکەوێتە ناو پانتاییەکەوە: سایکۆپاتەکان لە “جێیەکى ناجێ”دا دەجووڵێنەوە. گەر سەیرى سیمایان بکەین, سیمایان بەپێى پێویست ڕەمزى و شارستانى نیە, بەڵکو شتێکى لێ هەڵکەنراوە, شتێکى لێ کەمە. تەنانەت ئەوانەشى کە دەبنە قوربانیی سایکۆپاتەکان, بۆ ماوەیەک سیمایان واى لێ دێت, پارچە جێگیر و ئاساییەکانى سیمایان دەترازێت, دەڵێى شتێکى لێ هەڵکەنراوە و ڕفێنراوە. دیارە ئەو شتە, لەلایەن سایکۆپاتەکانەوە ڕفێنراوە, شتەکەش هیچ نیە جگە لەو ڕێکخستن و نەزمەى کە کەلتور شارستانییەتى باو پێى داوین و ئەوان دەیشێوێنن. سەربارى ئەمانەش, ئاسان نیە مرۆ نازناوى سایکۆپات بەسەر کەسانێکى تردا ببەشێتەوە بەبێ ئەوەى لە زۆر ڕووەوە دڵنیا ببێتەوە.

سایکۆپات لە مامەڵەدا, کۆکەرەوەى دوو ڕەهەندى پێکداچووە کە یەکیان مرۆى شارستانى بە لاى خۆیدا ڕادەکێشێت, ئەویتریشیان دووریدەخاتەوە. سادەتر, مرۆ ڕۆژانەییەکانى ناو شارستانییەت, پێیان خۆشە زووزوو سایکۆپات ببینن, چونکە بەشێک لەو وێرانکەرە سرووشتییەى کە هاتووەتە ناو ئاکارى مرۆى شارستانییەتەوە لەو ڕێگەیەوە دەردەچێت, بە مامەڵەکردنى سایکۆپات خەرجدەبێت و خاڵیدەبێتەوە. بەو دیوەى تریشدا, سنورى ئاسایی تێدەپەڕێنێت و مرۆى شارستانى جاڕسدەکات. ئەم گەمە دوودەمە, وەک سووڕێکى داخراو دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەى سووڕەکە دەشکێت و مامەڵەکە کۆتاییدێت. بە دەربڕینێکى تر, بارێکى چەپێنراو لەکۆڵدەکاتەوە, ئەمە مایەى ئاسودەییە, و کوڵ و کۆى مرۆ دادەمرکێتەوە, بەڵام بەو دیوەى تردا, بێ‌ژمار خەم و تاڵى و ناسۆرى لە خۆى باردەکات. شارەزایانى ئەدەبیاتى سایکۆپات, سوبێکتى سایکۆپات ناودەنێن «ڕاوچیی کۆمەڵایەتى». ڕاوێکى دووسەرە, کە دیوە ئەرێنییەکە بۆ بەرهەمهێنانەوەى نەگبەتییە نەرێنییەکە دەخەنەگەڕ. «کات و سەرچاوە و دەسەڵات و وزە»ـى مرۆى شارستانى, لەم مامەڵەیەدا لەدەستدەچێت. بە وتەى پیتەر هینت‌ێنس, «ڕاوچێتى, ماهیەتى کەسى سایکۆپاتە». وەک توانستى ناسینەوەش, ئەم ڕاوچییانە هەرساتە نە ساتێ, بۆ نێچیر و قوربانیی نوێ دەگەڕێن, لاوازیی قوربانییەکان دەستنیشاندەکەن و دواتر کاریان تیا دەکەن. لە تەوقیتێکیشدا دێنەژوورێ, پاک و ڕاستگۆ و چەشنى دۆستێکى دێرین خۆدەنوێنن. پێموایە ئەم خۆنواندنە, خۆنواندنى “ئیمکانى خراپە”یە لە مرۆى شارستانییدا و حەزدەکات بە هەر باجێک بووە بەتاڵى بکاتەوە. بەکورتییەکەى, ئەم ڕاوچییانە دایم وەدووى چەشەى تازەدا عەوداڵن. ئەوان تەنیا خۆیان دەبینن, نارسیستێکى پەتى و هاکات سازشکارێکى کاتیین لەپێناو ڕاگرتنى ئەم نارسیسیزمەدا.

هەر بەپێى ئەدەبیاتى سایکۆپات, سووڕێک هەیە کەمامەڵەى مرۆى سایکۆپات و شارستانى دیاریدەکات: سووڕێک کە جۆرێک لە “نيمچە دیالەکتیک”ێک پێکدەهێنێ: (ئایدیاڵسازى- بێ‌بەهاکردن- وێڵکردن). سایکۆپات سێ قۆناغ دەبڕێت. سەرەتا نێچیرەکەى خۆى دەکاتە ئایدیاڵ بەرزى دەکاتەوە, ستایشێکى ڕووتى دەکات. ئەمە ساتى بەرایی و تێخستنە. ساتى دووەم, وردەوردە دەکەوێتە بێ‌بەهاکردنى نێچیرەکە, ئەو وێنانە پێچەوانەدەکاتەوە کە بنیاتى ناوە. پاشانیش, کە ئامانجەکەى دێتەبەر, نێچیرەکەى خۆى وێڵدەکات. گەر سەرکەوتووانە بڕوات, دەچێتە گیانى نێچێرێکى تر, و گەر شکستیش بێنێت, بە بڕێک پرتەوبۆڵە و لووتى داژەنیوەوە خۆى وندەکات, چونکە دەستى پڕسڕى کەشفبووە. پاش ئەم سووڕە سێ‌قۆناغییە, پەیوەندییەک کۆتاییدێت کە «هەرگیز بوونى نەبووە». دەشێت کەمێک کۆمیک, گوزارشتە لاکانییەکان بەکاربێنین و بڵێین: لەم حاڵەتەدا «پەیوەندیی شارستانى بوونى نیە». لە ئەنجامى ئەم سووڕەشدا, شوێنەوارێک لەسەر نێچیرەکان جێدەمێنێت کە لە چیرۆکە باوەکاندا پەیتاپەیتا بەریدەکەوینەوە: نێچیرەکە لە میانى پەیوەندییەکەدا, هەستدەکات عەقڵ و هەستى خۆى, بەپێى پێویست پێوەر نیە. واتە گومان لە عەقڵ و هەست و توانا مرۆییەکانى خۆى دەکات و جڵەوەکە کەوتووەتە دەست سایکۆپاتەکە. بۆیە ڕێنمایی شارەزایان ئەوەیە کە یەکەم هەنگاو بۆ کشانەوە لە دۆزەخى سایکۆپاتان, ئەوەیە متمانە بەو توانا مرۆییانەى خۆت بکەیتەوە و تێبگەیت هەڵە نیت. هۆکارەکەش ئەو “پێوەرشکێنی”یەیە کە سایکۆپات لە قوربانییەکەدا جێى دەهێڵێت و پێوەرە مرۆییە ئاساییەکان تێکدەشکێنێت. بەجۆرێک کە هەستبکەیت تەنیا ئەو ڕاستە, و تۆش خڵەفاو. هەر لەم سووڕەدا, کەم نین ئەو ساتانەى کە سایکۆپات خۆى لاى ئەوانیدى وەک قوربانییەک دەنوێنێت, بەتایبەت کاتێک نەخشەکانى باش دەچنەپێشەوە. جیا لەمەش, دیالەکتیکە ساختەکەى سایکۆپات, بەگژدادانى دوو بەرەى دژە, بۆ ئەوەى خۆى وەک “سەنتێز”ێکى ئاشتیخواز بخاتەڕوو. بەڵام لەڕاستییدا, ئەم سەنتێزە, شوێنێکى پووچەڵە, شوێنى بینەرێکى وێرانخوازە کە چێژ لە ئاکامى کارەکانى خۆى وەردەگرێت. لە ئەدەبیاتى سایکۆپاتدا, نمونەى ئەو پشیلە مەزڵوومە دەهێنرێتەوە کە لە کارتۆنى شریک (shrek)دا هەیە.

کەلتورەکان هەریەکە شێوگى جیاوازى خۆى بە نیشتەجێبووەکانى ناو خۆى دەبەخشێت, بەڵام دەشێت ئەم جۆرە نیشتەجێبووە, دژى هەموو کەلتورێک بێت. هەر کەلتورێک, بەشێکە لە “گشت”ـى شارستانییەت. دەشێت سایکۆپاتى ناو کەلتورێک, هەڵگرى ڕەفتارێکى توندوتیژانەى سێکسى بێت, یان مرۆڤکوژ بێت, بەڵام هى ناو کەلتورێکى تر, ئەم دەرفەتەى بۆ نەڕەخسێت و داهێنانى نەگریسانەى تر بکات. ئەمە لەلایەک. لەلایەکى تریشەوە, پرسى سایکۆپات, وێڕاى ئەو وێرانکارییەى لە قوربانییەکاندا جێى دەھێڵێت لە چەشنى نائومێدى, لەدەستدانى باوەڕبەخۆبوون, وشکداگەڕانى وزە, عەشقى ساختە؛ کەچى بەو دیوەشدا جێى سەرنجە کە چەمکى “مرۆڤ” چەمکێکە هەڵگرى دژە وێرانکەرەکەى خۆیشیەتى. شارستانییەت لە قۆناغى جیاجیادا, پێناسەى جیاجیاى بە مرۆڤ بەخشیوە و سنورەکانیشى دیاریکردووە, بەڵام دەشێت سنورێکمان هەبێت کە “نامرۆڤ: inhuman” بێت و لە سایکپاتەوە بگرێتەوە تا دەگاتە وێنە تەکنۆلۆژییەکانى مرۆڤ لە چەشنى ڕۆبۆتەکان و زۆمبییە چاوەڕێکراوەکان و هتد. لە ئاستى میتافۆریشدا, سایکۆپات دەتوانێت وێنەى ئەو سیاسییە بێڕەحمانەمان بیربخاتەوە کە هێندەى ڕووى لە وێرانکردنە, ئەوەندە کار بۆ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە ناکات. یان ئەو “دراوسێ” بەدکارە بێت کە دەشێت بە مانا حەرفییەکەى سایکۆپات نەبێت, بەڵام بەو ئاراستەیەدا مامەڵەبکات و وزە ناوەکییەکەمان بڕەتێنێت. ئێمە ناتوانین لاسایی ئەوان بکەینەوە, چونکە ئەو زەمینە شارستانییە دەکەوێتە مەترسییەوە کە هەیە, ئەوە ئەوانن لاسایی ئێمە دەکەنەوە بۆ ئەوەى لە دەرفەتى شیاودا بمانسڕنەوە: ڕەنگە وانەى شاراوەى پشت سایکۆپاتەکان ئەوە بێت کە هەمیشە ئەو سنورەى کۆمەڵگا و شارستانییەتمان لە پێش چاو بێت کە سەرى لەناو “پاڵنەرى مەرگ”دایە و دەبێت لە مەودایەکەوە ژیانى لەسەر بنیاتبنرێت نەک کاولکارى. پاڵنەرى مەرگ بۆ ئەوەیە تا “فریو”ـى بدەین و بژین, نەک دەقاودەق ئەزموونى بکەین.

هەواڵی زیاتر

Back to top button