33 ساڵ بەسەر بڕیاری 688ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تێدەپەڕێت

زووم…

دوای راپەڕینی گه‌لی كوردستان و ئەو شکستە سەربازییەی لەسەر دەستی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دووچاری رژێمی بەعس هات، ترسی گەڕانەوەی بەعس بۆ سەرکوتکردنی راپەڕین،  كۆڕەوە ملیۆنییەكەی هاووڵاتیانی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا دژی ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتیی کورد و گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان بووە هۆی ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە رۆژی ٥ـی نیسانی ساڵی ١٩٩١ بڕیاری ژمارە ٦٨٨ـی خۆی دەربکات، بڕیارەکە تایبەت بوو بە راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە سنووری هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەوکاتی ئەنجومەنەکە، ١٠ ئەندام بە بەڵی دەنگیان بە پڕۆژە بڕیاری راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین دا و ٣ ئەندامیش بە نەخێر دەنگیان دا و دوو ئەندامیش بەشداریی دەنگدانەکەیان نەکرد.

ئەو وڵاتانەی بە بەڵێ دەنگیان دا بریتیبوون لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت، نەمسا، بەلجیکا، ئیکوادۆر، کۆتدیڤوار، رۆمانیا و زەئیر کە دەکاتە کۆنگۆی دیمکوراتی ئێستا.

کوبا، یەمەن و زیمبابۆی بە نەخێر دەنگیان دا و هەر یەک لە چین و هیندستانیش ئامادەی دەنگدانەکە نەبوون.

بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ کورد گرنگ و مێژوویی بوو، چونکە توانی مەترسی و هەڕەشەکانی رژێمی سەدام حسێن لەسەر هەرێمی کوردستان نەهێڵێت.

بڕیارەکە بەتەنها بریتی نەبوو لە پاراستنی کورد لە هەڕەشەکانی سەدام حوسێن، بەڵکو هێڵێکی جیاکەرەوەشی لەنێوان کوردستان و بەشەکانی دیكه‌ی عێراق دروستکرد، کە بە هێڵی ٣٦ ناسراوە، بەوەش کۆتایی بە دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لە ناوچە کوردییەکان هات.

جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی عێراق بووە یەکەمین هەنگاوی دروستبوونی حکومەتێکی کوردی لە هەرێمەکەدا، بەو پێیەی لە ساڵی ١٩٩٢ بەهۆی نەمانی بەعسەوە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و یەکەمین حکومەتی کوردی پێکهێنرا، هەروەها هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی کیانێکی نیمچەسەربەخۆ، کە لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە جیاواز لە عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکرا.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button