ئەمڕۆ جیهان دەبێت بە دوو بەشەوە

جارێکی دیکە جیهان دەبێتەوە بە دوو بەش، 90 خولەکی پڕ لە دوو دڵی و رارایی چاوەڕێی هاندەرانی تۆپی پێ دەکات، ئەمڕۆ کلاسیکۆیە و جارێکی دیکە بەرشەلۆنە و ریال مەدرید روبەڕوی یەکدەبنەوە.

کاژێر 5:15 لە یاریگەی مونجویک، یانەی بەرشەلۆنە لە هەفتەی 11ی لالیگا میوانداریی یانەی ریال مەدریدی رکابەری مێژوویی دەکات.

هەردوو یانە رۆژی بەیانی ئەمڕۆ دوواین مەشق و راهێنانەکانیان ئەنجامدا، ریال مەدرید جگە لە تیبۆ کۆرتوا، ئیدێر میلیتاو، ئاردا گولەر و دانی سێبایۆس، سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادەن.

لە بەرامبەر دوایین مەشقەکانی یانەی بەرشەلۆنە خاوەن یاریگە بۆ یارییەکە هەواڵی خۆشی پێبوو، کاتێک هەریەکە لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، دی یۆنگ، رافینیا، پێدری و کۆندێ بەشدارییان لە مەشقەکانی یانەکەدا کرد، بەڵام بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، پێدری و کۆندێ ئامادەی یارییەکە نابن و ئەوانەی بۆ یارییکردن ئامادەن.

ئامارەکانی کلاسیکۆ

لە مێژووی یارییەکانی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید، لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 296 یاری ئەنجامدراون، یانە کەتەلۆنییەکە باڵادەستە، 124 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ریال مەدرید خاوەنی 108 سەرکەوتنە و 64 یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون.

لەو هەموو یارییەی نێوان بلاوگرانا و مێرنگی، یاریزانانی بەرشەلۆنە 519 گۆڵیان بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکردووە و یاریزانانی یانەی شاهانە 479 گۆڵیان تۆمارکردووە.

لەسەر ئاستی لالیگا، هەردوو یانە 186 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، ریال مەدرید خاوەنی 77 بردنەوەیە و بارسێلۆنا 74 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 35 یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون.

گۆڵکاری کلاسیکۆ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و پێشووی یانەی بەرشەلۆنە، گۆڵکاری مێژووی کلاسیکۆی نێوان هەردوو زەبەلاحەکەی ئیسپانیایە، 26 گۆڵی بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکردووە، 18 لەو گۆڵانەی لە رکابەرییەکانی لالیگا بووە، هەریەکە لە ئەلفرێدۆ دێستیفانۆ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی گۆڵکارانی کلاسیکۆن.

سێرخیۆ بۆسکێس، کاپتنی پێشووی بەرشەلۆنە زۆرترین یاریی کلاسیکۆی ئەنجامداوە بە ئەنجامدانی 48 یاری، مێسی و سێرخیۆ رامۆس لە پلەی دووەمن بە ئەنجامدانی 45 یاری.

هەواڵی زیاتر

Back to top button