ئەلمۆنیتەر: گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لە حەماس تووڕەن

گروپە چەکدارییە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران توڕەن لە حەماس بەوەی سەربەخۆیانە و بەبێ هیچ هەماهەنگییەکی پێشوەختە هێرشەکەی سەر ئیسرائیلی ئەنجامداوە، بۆیە ناکۆکییەکی زۆر لەناو بەرپرسانیدا هەیە بەوەی داغڵی شەڕەکە بین یاخود نا.

پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەو گروپە چەکدارییانە دەڵێت، هەرچەندە سێ گروپی عێراقی، حزبوڵا و عەسائیب و بەدر پەیوەندییان بەو ژوورە ئۆپراسیۆنەوە کردووە کە حەماس داوایکرد، بەڵام ئەگەری بەشدارییان لە شەڕی راستەوخۆی ئیسرائیل و حەماس زۆر کەمە و هەروەها لەبارەى هێرشکردنەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریاش لەناو خۆیاندا ناکۆکن.

چەند سەرکردەیەکی ئەو گروپانە بە مۆنیتەریان گوتووە، زۆرێک لە سەرکردەکانی بەرەی موقاوەمە پشتگیری لە شەڕەکە ناکەن، یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێت، شەڕکردنی دژی ئیسرائیل هێڵی سورە، حەماس دەیەوێت هەموو لایەنەکانی بەرەی موقاوەمە رابکێشێت بۆ ناو شەڕەکە، بەڵام هەموومان دەزانین کە ئامادەی ئەوە نیین، بە هیچ شێوەیەک بەشداری شەڕەکە ناکەین مەگەر کاتێک ئیسرائیل هێرشی زەمینی بکاتە سەر غەزە، ئەگەریش ئەوە رووبدات، ئێمە لەژێر فەرماندەیی حزبوڵا شەڕ دەکەین نەک حەماس.

بەرپرسێکی دیکەی حەشدی شەعبی دەڵێت، ئێرانیش ئامادەیی و خواستی بۆ تێکەڵبوون بە شەڕەکە نییە، تەنانەت ئیسماعیل قائانی کە فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانە و فایلی عێراقی لایە گوتوویەتی، “زیانی بەشداربوون لە شەڕەکە زۆر زیاتر لە قازانجەکانی، چونکە تەواوی تەواوی ناوچەکە بەرەو جەنگێکی کراوە و کۆنتڕۆڵنەکراو دەبات.”

ئەو سەرکردە دەشڵێت، ئێرانییەکان رێگەیان بە گروپە هاوپەیمانەکانیان داوە چەند هێرشێکی بچوک دژی ئیسرائیل و ئەمریکا ئەنجام بدەن بەڵام جەختیان کردووەتەوە کە نابێت زیانی زۆری هەبێت، مەگەر ئەو کاتەی ئیسرائیل دەستپێشخەری دەکات.

ئەو بەرپرسانەی عێراق بە مۆنیتەریان گوتووە، ماوەی ساڵ و نیوێکە حەماس پلانی هێرشەکەی داناوە، ئێران هاوکاریی مەشق و راهێنان و تەکنینی و هەواڵگریی پێشکەشی حەماس کردووە بەڵام جێبەجێکردنی هێرشەکەی تەنها و تەنها حەماس خۆی کردوویەتی، تەنانەت هەموو سەرچاوە ئەمریکی و رۆژئاواییەکانیش لەوە دڵنیان کە ئێرانیش شۆک بووە بە هێرشەکە و ئاگاداری کات و ساتەکەی نەبووە، تەنانەت حزبوڵاش ئامادەکاریی بۆ نەکردووە.

فەرماندەکەی حەشدی شەعبی دەشڵێت، هێرشەکە شۆک بوو بۆ هەمووان، محەمەد زەیف و چەند سەرکردەیەکی حەماس ئەو کارەیان کردووە و تەنانەت ئاگاداری پلانی دواتر و جێگرەوەش نین لەبارەى کاردانەوەکانی ئیسرائیل.

هاوکات یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئەلمۆنیتەری گوتووە، بەرپرسانی ئەمەریکا “بە ڕوونی” بە عێراقییەکانیان گوتووە ئەگەر ئێران یان حزبوڵا دەستوەردان بکەن، ئەمریکا لەجیاتی ئیسرائیل دەستێوەردانی سەربازی دەکات.

ئەو دەشڵێت، ئێستا کلیلەکە بە تەنها لە دەستی ئیسرائیلدایە، ئەگەر غەزە داگیربکات، حزبوڵا و ئێرانییەکان و گروپە چەکدارەکانی عێراقیش دەستوەردان دەکەن و دەرگای دۆزەخ بەڕووی هەموواندا دەکرێتەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button