ئەردۆغان گومانی لەسەر وادەی هەڵبژاردن دروستکرد

ئۆپۆزسیۆن سەرقاڵی ئامادەکارییە و رۆژەکەى بۆ "گرنگ" نییە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کە پێشتر ئاماژەی بە 14ی ئایار کردبوو، بۆ وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا و مشتومڕەکانی لایەنە سیاسیەکانی لەبارەی وادەی هەڵبژاردن هێورکردبووەوە، بەڵام بە دێڕێک جارێکی دیکە گۆمەکەی شڵەقاندەوە.

ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی لایەنگری ئاکەپە لە شاری بورسا، ئاماژەی بەوەدا، لەبارەی 14ی ئایارەوە قسەیان کرد و هەنگاوێک نراوە، بەڵام سەرۆککۆمار دەسەڵاتی دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردنەکانى هەیە و گوتى، رۆژى 10ی ئازار، دەسەڵاتی خۆم بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنم.”

ئەردۆغان بەم قسانەی ئەو پرسیارەی ورۆژاند کە ئایا 14ی ئایار هەڵبژادنەکان بەڕێوەدەچن یان وادەکە بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێت یاخود پێشدەخرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا

ئەم قسانەی ئەردۆغان جارێکی دیکە مشتومڕەکانی لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەکان دروستکردەوە، بەڵام وادەردەکەوێت پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن ئیدی وەک پێشووتر قسە لەسەر وادەی هەڵبژاردن نەکەن و تەنیا سەرقاڵی خۆئامادەکردن بن بۆ هەڵبژاردنەکان.

کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ئەویش لەگەڵ ژمارەیەک لە گەنجی لایەنگری پارتەکەی لە شاری ئیزمیرکۆبووەوە، ئاماژەی بە وادەی هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردنی ئەردۆغان دا و گوتى، هەڵبژاردن لە 14ی ئایاردا بکرێت یان ئەردۆغان خۆی هەڵبژێرێت، بەلایانەوە گرنگ نییە. ئەوان گرنگی بەوە دەدەن کە ئاسایشی ناوەند و سندوقەکانی دەنگدان بپارێزرێن.

کلچدارئۆغلۆ گوتی “ئێمە ناتوانین لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، سکاڵا لەدژی هیچ پێشێلکارییەک تۆماربکەین یان تانە لە بڕیارەکان بدەین. لەبەرئەوەی سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنەکە لەلایەن ئاکەپەوە هەڵبژێردراون. بۆیە هیچ شوێنێکمان نییە کە پەنای بۆ ببەین. ئەو دۆخەش لە هەڵبژاردنەکانی پیشوودا بینرا کە کۆمسیۆن پشتگیری لە دەسەڵات کرد.”

بڕیارە 26 تاوەکو 30ی ئەم مانگە، هاوپەیمانی گەل، کە لە شەش پارتى ئۆپۆزسیۆن پێکهاتوون زنجیرە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.

میدیاکانی تورکیا دەڵێن، لە 30 مانگدا سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە، بەرنامەی حکومەتەکەیان “ئەگەر سەربکەون” رادەگەیەنن و لە سەرەتای مانگی شوباتیشدا، کاندیدەکەیان ئاشکرا دەکەن.

ئەمڕۆش، بۆ چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی گەل (کۆمسیۆنی هاوپەیمانی هەڵبژاردن) لەلایەن شەش لایەنەکە دامەزرێندرا.

هەرچی پارتی دیموکراتی گەلانیشە، چاوەڕێی بڕیاری دادگای دەستوری تورکیا دەکات کە داوای کردبوو، بڕیاری داخستن یان دانەخستنی پارتەکە دوای هەڵبژاردن بدات.

لەسەر ئەم پرسە ئەمڕۆ دادگای دەستوری تورکیا وڵامی هەدەپەی دایەوە و راگەیاند، 26ی ئەم مانگە لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستوری کە لە 15 کەس پێکدێت بڕیار لەسەر داواکاریەکەی هەدەپە دەدات.

هەرچەندە هەدەپە، رایگەیاندووە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە خۆی بەشێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانێتیەکەدا و کاندیدی سەربەخۆیان دەبێت، بەڵام نیازیشی ناشارێتەوە کە ئەگەر هاوپەیمانی گەل داواکاریەکانی جێبەجێ بکات دەنگ بە کاندیدەکەی دەدات.

کەمال ئاڤجی رۆژنامەنووسی ناسراوى باکوری کوردستان کە نزیکە لە بەرپرسانی هەدەپەوە نوسینێکی لە ماڵپەڕی ئارتی گەرچەک بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە هەدەپە و هاوپەیمانەکانی سبەینێ لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە و پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن یان کاندیدی سەربەخۆ دەبێت و لە مانگی شوباتیشدا بڕیارەکەیان ئاشکرا دەکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button