تەندروستی جیهانیی کۆتاییهاتنى باری لەناکاوی کۆرۆنای راگەیاند

هەماهەنگی جیهانیی و کۆمەکی دارایی بۆ کۆرۆنا کۆتایی دێت

زووم، ئاژانسەکان

رێکخراوی تەندروستی جیهانی، کۆتاییهاتنی باری لەناکاوی جیهانی پەتای کۆرۆنای راگەیاند، ئەمەش دوای سێ ساڵ دێت لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە. ئیدى دەبێت وڵاتان ڤایرۆسەکە، وەک نەخۆشییەکانی دیکەی هەوکردن، لەژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵنەوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانى نزیکەی 7 ملیۆن کەس لە جیهاندا.

تێدرۆس ئەدهانۆم، سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رایگەیاند “بەوپەڕی هیواوە کۆتاییهاتنی ڤایرۆسی کۆڤید 19، وەک بارێکی لەناکاوی جیهانی رادەگەیەنم.” گوتیشی کۆتاییهاتنی باری لەناکاوی جیهانیی کۆرۆنا مانای ئەوە نییە کۆرۆنا کۆتایی هاتووە و مەترسی لەسەر جیهان نەمابێت.

بەگوێرەى ئاماری تەندروستی جیهانیی، ژمارەی گیانلەدەستدان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 گەیشتە بەرزترین ئاست، کە 100 هەزار کەس بوو لە ماوەى یەک هەفتەدا. بەڵام لە مانگی رابردوودا 3500 کەس لە هەفتەیەکدا لە جیهان بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری ژمارەی ڤاکسین، چارەسەری پێشکەتووتر و ئەو بەرگرییە گشتییەی دانیشتوانی سەرزەوی لە دژی نەخۆشییەکە پەیدایانکردووە.

کۆتاییهاتنی باری لەناکاوی کۆرۆنا بە مانای ئەوە دێت هەماهەنگی جیهانیی یان کۆمەکی دارایی بۆ کۆرۆنا کۆتایی دێت.

مایکل ریان، بەڕێوەبەری باری لەناکاوی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی رایگەیاند “شەڕەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، تاوەکو ئێستاش ئێمە لە سیستمەکانماندا خاڵی لاوازمان هەیە، کە ڤایرۆسەکان لەوانەیە پێی بزانن. بۆیە پێویستە ئەم پرسانە چارەسەر بکرێن.

سەبارەت بە کۆتاییهاتنی پەتاکە، مایکل ریان رایگەیاند لەزۆربەی حاڵەتەکاندا پەتا کاتێک کۆتایی دێت کە پەتایەکی دیکە دەستپێدەکات. بەڵام جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ساڵی رابردوو رایگەیاند پەتاکە کۆتایی هاتووە.

ئەمریکا وەک زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان، دەستیکردووە بە کۆتاییهێنان بە باری لەناکاوی پەتاکە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا. لە 11ی ئەم مانگەوە، چیدیکە پارە بۆ دابینکردنی ڤاکسین و پشکنینی کۆرۆنا بۆ ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان تەرخان ناکات، بەڵکو لەمەودوا لە بازاڕە بازرگانییەکاندا بەردەست دەبن.

ساڵی رابردوو یەکێتی ئەوروپاش بە هەمانشێوە کۆتاییهاتنی باری لەناکاوی ڤایرۆسەکەیان لە مانگی نیساندا راگەیاند.

ئەم بڕیارەی تەندوستی جیهانی لەکاتێکدایە کە چەند راوێژکارێکی رێکخراوەکە پێیانوایە سەرەڕای ئەوەی پێشبینی بۆ پەتاکە قورسە، پێناچێت لە چەند مانگی داهاتوودا گۆڕاوێکی مەترسیداری نوێی کۆرۆنا دووبارە سەرهەڵبداتەوە.

ئێستا لە زۆرێک وڵاتانی جیهاندا پشکنینی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و خەڵکی چیدیکە ماسک نابەستن. لەم هەفتەیەدا تەندروستی جیهانیی پلانێکی بڵاوکردەوە کە رێنمایی وڵاتان دەکات چۆن بتوانن لەگەڵ کۆرۆنای درێژخایەندا هەڵبکەن.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button