زووم، ئاژانسەکان:
کۆشکی سپی رایگەیاند، وەزارەتی دادی ئەمریکا پێداچوونەوە بەو بەڵگەنامە نهێنییانە دەکات کە لە ئۆفیسێکی پێشووی جۆ بایدن، لە دامەزراوەیەکی فیکریدا دۆزراونەتەوە کە براونەتە دەرەوەی کۆشکی سپی.
بەڵگەکان بۆ سەردەمى سەرۆکایەتى باراک ئۆباما دەگەڕێتەوە، کە لە ساڵى 2009 تاوەکو 2017 سەرۆکى ئەمریکا بوو، جۆ بایدنیش جێگرى بوو.
پارێزەرەکەی بایدن رایگەیاند نزیکەی 10 لەو فایلانە لە مانگی تشرینی دووەمدا لە دۆڵابێکی قوفڵکراودا لە سەنتەری پێن بایدن لە واشنتن لەلایەن تیمی یاسایی بایدنەوە دۆزراونەتەوە. دواتر سەرجەم فایلە نهێنییەکان رادەستی ئەرشیفی نیشتمانی کراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش روبەڕوی لێکۆڵینەوە بووەتەوە بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک فایلی نهێنی بردووەتەوە ماڵەوە
دۆزینەوەی ئەو فایلانە لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش ئێستا روبەڕوی لێکۆڵینەوە بووەتەوە بەهۆی ئەوەی دوای سەرۆکایەتییەکەی، کۆمەڵێک فایلی نهێنی بردووەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی فلۆریدا.
بەگوێرەی راپۆرتی سی بی ئێس نیوز، ئێف بی ئای بەشدارە لە لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامە نهێنییەکان کە لە سەنتەری پێن بایدن دۆزراونەتەوە، داواش لە مێریک گارلاند، داواکاری گشتی ئەمریکا کراوە پێداچوونەوە بەو دۆسیانەدا بکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە بە سی بی ئێس نیوزی راگەیاندووە، فایلە نهێنییەکان هیچ دۆسیەیەکی ئەتۆمی تێدا نەبووە و لە فۆڵدەرێک لەنێو سندوقێکدا لەگەڵ کاغەزی دیکەی نا نهێنیدا هەڵگیراون.
فایلە نهێنییەکان ئەو دۆسیانەن کە دەزگایەکی حکومی بە زانیاری هەستیاری ناویان دەبات
فایلە نهێنییەکان ئەو دۆسیانەن کە دەزگایەکی حکومی بە زانیاری هەستیاری ناویان دەبات کە دەبێت پارێزراو بن. دەستڕاگەیشتن بەو فایلانە سنووردارە و هەموو کەسێک ناتوانێت، کە مۆڵەتی ئەمنی پێویستیان نەبێت بیان بینێت. لە شوێنێکی تایبەتیدا لە دامەزراوەیەکی حکومیدا هەڵدەگیرێن و بردنەدەرەوەیان کارێکی نایاساییە.
ریچارد ساوبەر، راوێژکاری تایبەتی جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، ئەو فایلانە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا لەلایەن پارێزەرانی بایدنەوە دۆزراونەتەوە کە خەریکی پاککردنەوەی ئۆفیسەکەی بایدن بوون لەو سەنتەرە.
بایدن لە ساڵی 2017 تاوەکو 2020 ئۆفیسێکی لە دامەزراوەیەکی فیکریدا هەبوو کە نزیکەی یەک میل لە کۆشکی سپییەوە دوورە.
ساوبەر رایگەیاندووە “لەو کاتەوەی کە بەڵگەنامەکان دۆزراونەتەوە، پارێزەرە تایبەتییەکانی سەرۆک هاوکاریان لەگەڵ دامەزراوەی ئەرشیفی نیشتیمانی و وەزارەتی داد کردووە لە پرۆسەیەکدا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەر تۆمارێکی ئیدارەی ئۆباما-بایدن هەیە بەشێوەیەکی گونجاو رێکدەخرین.”
ترەمپ کاردانەوەی خۆی نیشاندا و پرسیاری لەبارەی ئەوەکرد: “کەی FBI هەڵدەکوتێتە سەر ماڵە زۆرەکانی جۆ بایدن
ترەمپ رۆژی دووشەممە لە سایتی سۆشیال میدیای خۆی بەناوی ترەس سۆشیال کاردانەوەی خۆی نیشاندا و پرسیاری لەبارەی ئەوەکرد: “کەی FBI هەڵدەکوتێتە سەر ماڵە زۆرەکانی جۆ بایدن، تەنانەت کۆشکی سپیش؟” وەک ئەوەی لە ماڵەکانی بایدن فایلی دیکەی نهێنی هەبێت.
بەهۆی ئەوەی گوایە داواکارییەکانی گەڕاندنەوەی نزیکەی 300 بەڵگەنامەی نهێنی رەتکردووەتەوە، کە لەگەڵ خۆیدا دوای جێهێشتنی ئۆفیسی سەرۆکایەتی بردویەتی بۆ فلۆریدا، ترەمپ ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
دۆسیەکانی بایدن کەمێک پێش ئەوە دۆزراونەتەوە کە وەزارەتی داد رایگەیاند پارێزەرێکی سەربەخۆی راسپاردووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا ترەمپ بە تاوانکار هەژماردەکات لەسەر ئەو فایلانە یان نا.
جەیمس کۆمەر، ئەندامی کۆنگرێس رایگەیاند، مامەڵەکردن لەگەڵ فایلەکانی بایدن پرسیاری لەبارەی بێلایەنی وەزارەتی دادەوە دروستکردووە.
جەیمس کۆمەر، ئەندامی کۆنگرێس، سەرۆکی نوێی کۆمارییەکان لە لیژنەی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، مامەڵەکردن لەگەڵ فایلەکانی بایدن پرسیاری لەبارەی بێلایەنی وەزارەتی دادەوە دروستکردووە.
ئەو بە رۆژنامەنووسانی گوت: “ئەمە جێگەی نیگەرانییە کە سیستەمی دادوەری بە دوو شێوەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا دەکات، کە مەبەستم ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی پێشوو دەکەن لە بەرامبەر سەرۆکی ئێستادا.”
لە مانگی ئەیلولدا بایدن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس لەبارەی فایلەکانی ترەمپەوە پرسیاری لێکرا، لە وەڵامدا وتی: “چۆن کەسێک دەتوانێت ئەوەندە نابەرپرسیار بێت؟”
کیڤن مەکارتی، سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا دۆزینەوەى فایلەکان لە وەڵامى رۆژنامەنووسێکى ئەمریکیدا گوتى “ئۆ و تازە دۆزیویانەتەوە، ئەى بۆ دواى ئەو هەموو ساڵە نەدۆزرابووەوە”.
مەکارتی، کە بە کەسێکى نزیک لە دۆناڵد ترەمپ دادەنرێت گوتى، دیموکراتەکان دۆسیەى فایلەکانى ترەمپیان بە سیاسی کرد، فایلەکانى بایدنیشی بە هاوشێوە ناوبرد.