“رژێمی ئەسەد لە سوریا خەریکە دەبێتە دەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان، ناوەندی ئێستای بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە خاکێکدایە کە لەلایەن ئەسەدەوە کۆنترۆڵکراوە”.
فرێنچ هیڵ، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە پێشکەشکردنى ئەم گوتانە لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانى ئەمریکادا، باسى لە گرنگى ئەو پڕۆژە یاسایە کرد کە بۆ رێگریی لە بازرگانى ماددە هۆشبەرەکان پێشکەشکى کردووە و لە لایەن ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکاوە پەسەند کرا.
پڕۆژە یاساکە بە فەرمی ناوی یاسای “کاپتاگۆن” H.R. 6265 ە، پاش ئەوەى لە ئەنجومەنى نوێنەران پەسەندکرا پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی پیرانە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا.
یاساکە وەکو پشتیوانانى دەڵێن بە مەبەستی کۆتایی هێنانە بە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە “کاپتاگۆن” لە سوریا، کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەوروپا و ئەمریکا دەبینرێت.
فرێنچ هیڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار نەکەین، بۆ ئەوەی سەرەتا بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان تێکبدەین، ئەوا ئەسەد نازناوی “پادشای ماددەى هۆشبەرەکان”، بۆ پێگەی ناسراوی نێودەوڵەتی خۆی وەک بکوژێکی بەکۆمەڵی بەناوبانگ زیاد دەکات.
بەرهەمهێنانی “کاپتاگۆن” کە ماددەیەکی هۆشبەری ئەمفیتامینیە، لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، ئەوکاتەی لە ساڵی 2011 حکومەتى سوریا خۆپیشاندانەکانی دژی دەسەڵاتەکەی سەرکوت دەکرد.
بەگوێرەى ڕاپۆرتێکی پەیمانگەی نیولاین کە لە واشنتنە، حکومەتى سوریا لە ساڵی 2021دا لانیکەم 5.7 ملیار دۆلار لە بازرگانی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکان قازانجى کردووە.
راپۆرتى پەیمانگە ئەمریکییەکە ئاشکراشیکردووە، ئەو کەسەى کە رۆڵى سەرەکی لە ئۆپراسیۆنەکانی قاچاخچێتی “کاپتاگۆن” هەیە، ماهیر ئەسەدى برای بەشار ئەسەدە، لەگەڵ فیرقەى چوارەمى سوپاى سوریادا.
ماهیر ئەسەد هەر خۆی کۆنترۆڵی پارەکانی بەرهەمەکە دەکات، کە لە بەندەری لازقییەوە باردەکرێنە سەر کەشتی و بۆ هەر کۆنتێنەرێک 300 هەزار دۆلاری دەستدەکەوێت.
لە ساڵی 2019ەوە تائێستا چەندینجار ئەو بارانە لە دەریای ناوەڕاست و ئاوەکانى کەنداودا رێگرییان لێکراوە، کە دەیان ملیۆن حەبی کاپتاگۆنیان تێدا بووە و وەک جێگرەوەیەک بۆ “ئەمفیتامین” بەکاردەهێنرێت.
لەو چوارچێوەیەدا دەسەڵاتدارانی سعودیە دەستیان بەسەر 44 ملیۆن حەبدا گرت، لە نیسانی 2020یش دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا دەستیان بەسەر 84 ملیۆن حەبدا گرت.
زۆر کەس لە سەرەتادا پێیان وابوو کە داعش بەرپرسە لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ئەو مادانە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە رژێمی سوریای بەشار ئەسەد و میلیشیاکانی بەرهەم دەهێنن.
بەهۆی زۆری بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە حەبی “کاپتاگۆن”، سوریا نەک هەر بە “دەوڵەتی ماددەی هۆشبەر” ناسراوە، بەڵکو بە قۆرخکاری بازاڕی قاچاغی ئەو ماددانە دادەنرێت.