زووم، ئاژانسەکان:
کاربەدەستانی وڵاتی پیرۆ دەڵێن، لە باشوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی و هێزە ئەمنییەکان رویدا و 17 کەس کوژراون.
دەیان کەسی دیکە رۆژی دووشەممە، لە شاری جولیاکا برینداربوون، ئەمە بە یەکێک لە “خراپترین توندوتیژییەکان” دادەنرێت، لەوکاتەى لە مانگى رابردوودا پێدرۆ کاستیلۆی سەرۆکی پێشووی پیرۆ، بەهۆی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەتى وڵاتەکە دەستبەسەرکرا.
چەند هەفتەیەکە لایەنگرانی کاستیلۆ ناڕەزایەتی دەردەبڕن و رێگەکان دادەخەن.
لایەنگرانی کاستیلۆ داوا دەکەن سەرۆکی وڵات کورسییەکەی جێبهێڵێت
ئەوان دەڵێن، دینا بۆلورتێ، سەرۆکی نوێى وڵاتەکە، کە لەسەر کورسییەکەى کاستیلۆیە دەبێت دەسەڵات جێبهێڵێت و دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
ئەلبێرتۆ ئۆتارۆلا، سەرۆکوەزیرانی پیرۆ، پێکدادانەکانی جولیاکای ئیدانە کرد و بە هێرشێکی رێکخراو بۆ سەر پۆلیس وەسفی کرد.
ئاماژەی بەوەشدا، هەزاران کەس هەوڵیانداوە فڕۆکەخانەی شارەکە و بنکەیەکی پۆلیسی ناوخۆیی داگیربکەن.
هاوکات یەکێک لە خۆپیشاندەران بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوتووە “پۆلیس تەقەمان لێدەکات”.
ئەو خۆپیشاندەرە دەڵێت “داوا لە دینا دەکەین دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەو راستییە قبوڵ بکە کە خەڵک تۆی ناوێت”.
جولیاکا دەکەوێتە ناوچەی پونۆ، کە بووەتە جێگای گەرمی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت.
پیرۆ کە دەکەوێتە ئەمریکاى باشور، ساڵانێکە بە گێژاوی سیاسیدا تێپەڕدەبێت
پیرۆ کە دەکەوێتە ئەمریکاى باشور، ساڵانێکە بە گێژاوی سیاسیدا تێپەڕدەبێت، دوایین قەیران گەیشتە لوتکە کاتێک کاستیلۆ رۆژى 7ى کانوونى یەکەمى 2022 بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى دا.
بەڵام پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ لە پۆستەکەى دوریخستەوە و دەستبەسەرکرا.
کاستیلۆ کە ئێستا لە دەستبەسەردایە، بە تۆمەتی یاخیبوون و پیلانگێڕی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. ئەو هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هێشتا سەرۆکی شەرعی وڵاتەکەیە.
دوا چەند رۆژێک دادگای باڵای پیرۆ بڕیاریدا کاستیلۆ بۆ ماوەی 18 مانگ بە دەستبەسەرکراوى بمێنێتەوە.
لەکاتى دەستگیرکردنییەوە خۆپیشاندانى لایەنگرانى بەردەوامە، ئەوان داواى ئازادکردنى دەکەن و بەردەوام گرژى دروست دەبێت، دواینیان گرژییەکانى دوێنێ بوو.